دەستەى راگەیاندنى تەڤگەری ئازادی: هەڵکوتانەسەر کەناڵی (NRT) به‌هه‌ر پاساوێك بێت مایەیی مەحکومکردنە

دەستەى راگەیاندنى تەڤگەری ئازادی دەستگیرکردنی تیمەکانى ئێن ئاڕ تی لە شێلادزێ و داخستنى نووسینگەى ئەو کەناڵەى لە دهۆک ئیدانە کرد.

دەستەى راگەیاندنى تەڤگەری ئازادی لە راگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنى تیمەکانى ئێن ئاڕ تی لە شێلادزێ و داخستنى نووسینگەى ئەو کەناڵەى لە هۆک ئیدانە کرد.

لە راگەیاندراوەکەى دەستەى راگەیاندنى تەڤگەری ئازادی دا هاتووە "دەستگیرکردنی تیمەکانی ئێن ئاڕ تی لە شێلادزێ و داخستنی نوسینگەکەی لە دهۆک شکاندنی یاسای کاری رۆژنامەنوسییە چونکە بەپێی یاساکە هەموو دەزگا و میدیایەک ئازادە لە رووماڵکردنی رووداوەکان. دەسەڵات هەر چۆنێک بیەوێت ئەو یاسایە بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کار دەهێنێت. بۆ داخستنی هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەرخەت نەک لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە ئەو کارە بکرێت".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "مسۆگەر، هەڵکوتانەسەر کەناڵی (NRT) به‌هه‌ر پاساوێك بێت پێشێلكاریه‌كی روونه‌ له‌دژی مافی رۆژنامه‌وانان و ئازادیی راده‌ربڕینه‌، بەهەموو شێوازێک جێی مەحکومکردنە. بەداخەوە؛ دەسەڵات هەر کاتێك زانی دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە بەرژەوەندی ئەو لێدوان نادات، فشار دەخاتە سەر ئەو دەزگایەوە و نایەوێت بەردوام بێت لە کارکردن. ئێن ئاڕ تی بە گوێرەی یاسای ڕۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستان کاریکردووە، بەڵام ئەوە ناسروشتییە کە هەڵبکوتیتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەستبکەیت بە ڕەشبگیریی میدیاکاران".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "وه‌كو ده‌سته‌ی راگه‌یاندنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ شەرمەزاردەکەین و پێویستە بەزووترین کات ئەو هێزە بەئەرکی خۆی هەستێت کە پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانە، نەک داخستی کەناڵێکی میدیایی وەک(NRT)".

ر.م