رێزان جاوید: تورکیا بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى خۆی هەوڵی هاوکاریکردنى ئێران دەدات
رێزان جاوید یەکێک لە فەرماندەکانى یەرەکە رایگەیاند، تورکیا لە نێوان دوو بلۆک (جەمسەر)دا یارى دەکات و هەوڵ دەدات تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە.
رێزان جاوید یەکێک لە فەرماندەکانى یەرەکە رایگەیاند، تورکیا لە نێوان دوو بلۆک (جەمسەر)دا یارى دەکات و هەوڵ دەدات تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە.
رێزان جاوید یەکێک لە فەرماندەکانى یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) رایگەیاند، ئەمریکا دەویەوێت بۆ سەپاندنى سزاکان بەسەر ئێراندا هەموو هاوپەیمانەکانى هاوکاریى بکەن. راشیگەیاند، رێگا نادرێت تورکیا وەک پێشتر سزاکانى سەر ئێران بێکاریگەر بکات، کە لە نێوان هەر دوو بلۆکەکەدا یاری دەکات.
جاوید ئەوەشى وت، نەخشە رێگاکەى پەژاک باشترین رێگای چارەسەرییە. وتیشی، ئەگەر ئێران بۆ چارەسەری کار بکات ئەوە سوود و بەرژەوەندیى دەبێت بۆیان.
رێزان جاوید یەکێک لە فەرماندەکانى یەرەکە بەمشێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی دایەوە.
ئەمریکا چ ئامانجێکى هەیە لە سەپاندنى سزاکان بە سەر ئێران و تورکیادا؟
رێزان جاوید: مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بۆ ئەوەى سیستمى خۆى بەهێز بکات ناچارە ئەو قەیرانە کە خۆى دروستیکردووە بەسەرتاسەرى جیهاندا بڵاوی بکاتەوە. بەو عەقڵییەتەوە دەستوەردان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەکەن. دەوڵەتانى وەک ئێران و تورکیا رادەستى خۆیان دەکەن، یان ئەوەتا بە رادەیەک بچووکیان دەکەنەوە، کە بکەونە ژێر کۆنترۆڵیانەوە. ئەگەر ئەو کارە نەکەن، ئەوا دەستوەردانەکانیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕستدا بێ ئەنجام دەبێت. هەر چەندیش لە بابەتە ستراتیژییەکاندا هاوپەیمانى یەکترن – تورکیا بۆ ئەوان دەوڵەتێکى گرنگە – ناچارە لەو قەیرانەدا هەستێت بە ئەنجامدانى رۆڵى گرنگ. لەو دۆخەدا تورکیا دەستوەردانى ئەمریکا لە ئێران لە بەرژەوەندیى خۆیدا دەبینێت. بۆ نمونە ماوەیەک لەوە پێش رێکخستنە ئیسلامییەکانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەرەو لاى خۆى راکێشا و بابەتى نیوعوسمانیى خستە رۆژەڤەوە. دەزانێت ئەمریکا لەمپەرە لە بەردەم ئەو کارەدا، بەڵام تورکیا ئەوەش دەزانێت ئەگەر دەستوەردان لە ئێران بکرێت، لە دواى ئێران کاتى دەستوەردان لە تورکیاش دێت. تورکیا چەندی پێبکرێت بابەتى دەستوەردان لە ئێران دوادەخات، یان درێژى دەکاتەوە و لەو رێگەیەشەوە تەمەنى خۆی درێژ دەکاتەوە. ئێستا تورکیا هەوڵ بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى خۆى دەدات.
تاوەکو ئێستا بۆ ئەو کارە چیى کردووە؟
رێزان جاوید: سزاى پێشتری ئەمریکا بۆ سەر ئێران سەرکەوتو نەبوو، چونکە تورکیا سزاکەى سەر ئێرانى شکاند. تۆڕێکى دەوڵەتى بە ناوی رەزا زەراب (سەڕاف) – بابەک زەنجانی بۆ شکاندنى سزاکانى سەر ئێران دروستکرا. ئەو تۆڕە دواتر ئاشکرا بوو. تورکیا وایکرد سزاکانى سەر ئێران بێکاریگەر بن. رووداوێکى تر کە لەم دواییانەدا روویدا، پەسەندکردنى قودس بوو وەک پایتەختى ئیسرائیل. بەشێک لەو هەنگاوە لە دژی ئێران بوو. تورکیا خۆى خستەناو ئەو بابەتە و خۆى خستە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا. ئێستاش ئەمریکا دەیەوێت سزایەکى تر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ ئەو سزایە، هەموو هاوپەیمانەکانى هاوکاریى بکەن. پێداگرە لەسەر ئەوەى رێگا لە هاوکاریکردنی ئێران بگرێت، چونکە دەیەوێت ئێران تەسلیمى خۆى بکات. ئەردۆغان هەموو رۆژێک لە میدیاکاندا دەڵێت 'من پەیوەندیم بەو کارەوە نییە' و روو لە هاوپەیمانیى ئێران – رووسیا دەکات. تورکیا ئێستا هەوڵ دەدات سوود لەو دوو بلۆکە باڵادەستە وەربگرێت، بەڵام ئەمریکا ئەوەى لێ قبوڵ ناکات.
تورکیا ئەندامى ناتۆیە، ئایا رەچاوى چوونە دەرەوەى لەو یەکێتییەدا کردووە؟
رێزان جاوید: لەو هەلومەرجەى ئێستادا تورکیا ناتوانێت لەو یەکێتییە بچێتە دەرەوە و ناشتوانێت لەناو ناتۆدا بەرەوپێش بڕوات، چونکە هەموو سیستمى خۆى بەپێى ئەو یەکێتى و هاوپەیمانییە رێکخستووە. ئەگەر لە ناتۆ بکشێتەوە ئەوە ناتوانێت بۆ چەندین ساڵ بکەوێتەوە سەر پێى خۆی. ئابوورییەکەى و ئاسایشەکەى پشتبەستووە بە بلۆکى وڵاتانى رۆژئاوا. قورسە بۆ تورکیا، کە ئەمریکا بکاتە دوژمنى خۆی، بەڵام دەیەوێت رووسیا و ئێرانیش لە دژى ئەوان بەکار بهێنێت. ئەمریکا و دونیاى رۆژئاوا ئاگاداری ئەوەن. لەبەر ئەوەیە ئابووریى تورکیا بەرەو داتەپین دەڕوات. دەڵێن 'بە لیرەى تورک کڕین و فرۆشتن ئەنجام بدەن'، بەڵام ئەوە نابێت. ئابوورییەکەى بەستراوەتەوە بە رۆژئاواوە و تاوەکو قورگی لە قەرزدایە.
دووبارەى دەکەمەوە، تورکیا دەیەوێت لە بابەتى سزادانی ئێراندا پێداگری بکات و بۆ ئەوەى سزاکان دوابخات، چونکە دەیەوێت تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە.
دەوڵەتى تورکیا سەربارى دوژمنایەتیکردنى لەگەڵ باکوور، رۆژئاوا، باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستانیشى کردووەتە ئامانجى خۆی، لیستیشی لەسەر پەژاک و یەرەکە ئامادە کردووە، هۆکارى ئەو دوژمنایەتییە بۆ چى دەگەڕێتەوە؟
رێزان جاوید: تورکیا دەوڵەتێکە، کە لەسەر بنەماى نکۆڵیکردن و دەستوەردان لە مافی گەلی کورد و گەلانى تر دروستکراوە. پشتبەستووە بە فاشیزم و سیستمێکى فاشیزمی و لەو چوارچێوەیەدا خۆى رێکخستووە. دەوڵەتێکى لەو شێوەیە بوونى گەلی کورد قبوڵ ناکات و بوونی گەلی کورد بە کێشەى هەمیشەیى خۆیى دەزانێت. نایەوێت کورد لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ببنە خاوەن پێگە و ستاتۆ، بۆیە لە هەموو پارچەکانى کوردستاندا لە دژى کوردان شەڕ دەکات. لە شوێنێکدا خۆى نەتوانێت شەڕ بکات، هاوپەیمانەکانى دەخاتەگەڕ. لەبەر ئەوەش تەنها کێشەى ئەو پەکەکە نییە، بێگومان هێرشی داگیرکەری بۆ سەر رۆژئاوا و دژایەتیکردنى ریفراندۆمی باشوور سەلمێنەرى ئەو راستییە. لە دواى ئەوانەش ئامانجى ئەو کەرکوکە. لە دژى پەژاک و ناوچەکانى پەژاک هێرشی ئاسمانى ئەنجام دەدات. تورکیا پێگە و ستاتوی کورد بۆ خۆى وەک بابەتى مان و نەمان سەیر دەکات. بە هەموو هێزى خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستان.
باشە تورکیا و ئێران دەتوانن هاوپەیمانیى نوێ لە دژى گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادی دروست بکەن؟
رێزان جاوید: ناکۆکی لە نێوان ئێران و تورکیادا هەیە. لە نێوان ساڵانى ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ دا گروپێکى جیاواز خۆیان لە ناو دەوڵەتى ئێراندا بە رێکخستن کرد. ئەو گروپە و ئەو رێکخستنە زیاتر لە شیعەگەری کار بۆ نەتەوەپەرستیى ئێرانى دەکەن. دەتوانێت لەگەڵ تورکیا رێبکەوێت. جڵەوی ئەو گروپە لە دەستى مەحمود ئەحمەدی نەژاد و ئیسفەندیار رەحیم مەشایى دایە. ئەوانە پەیوەندییان لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانى تورکیادا هەیە. ئەحمەدى نەژاد چەندین جار لەگەڵ دۆغو پەرینچەک کۆبووەتەوە. بەشێک لە میدیاکانیش باسى ئەو کۆبوونەوانەیان کرد، بەڵام ناوەرۆکى کۆبوونەوەکانیان بڵاونەکردەوە. لە سەردەمى ئەحمەدى نەژاد دا بۆ یەکەمجار سزاى لەسێدارەدان بەسەر ئەندامانى پەژاکدا جێبەجێکرا. هەڤاڵ عەگید (حەسەن حیکمەت دەمیر) لەو کاتەدا لەسێدارە درا، چونکە ئەحمەدی نەژاد دوژمنایەتى لەگەڵ کورد دەکات.
شەڕی قەندیل لە ساڵی ٢٠١١ کە ناویان نابوو "ئۆپراسیۆنى ساندویچ" لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتن و هاوپەیمانییە ئەنجامدرا. ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن تورکیاوە پلان و بەرنامەى بۆ دانرابوو و بە هاوکاریى ئێران بەرێوەچوو. ئەحمەدى نەژاد ئەو ئۆپراسیۆنەى قبوڵکرد و ئەنجامى دا، بەڵام هەندێک هێز لە ئێران لەو کاتەدا ئەو ئۆپراسیۆنەیان قبوڵ نەکرد، چونکە سوودى بۆ دەوڵەتى ئێران نەبوو. ئێستاش دەیانەوێت هەمان رێککەوتن و ئۆپراسیۆنى ساڵی ٢٠١١ ئەنجام بدەنەوە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە لە نێوان پەژاک و دەوڵەتى ئێراندا ئاگربەست هەیە، بەڵام ئەو گروپە، کە باسى دەکەین هەموو کات دەیەوێت کاری ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە ئەنجام بدات. ئاگادارى ئەو هەوڵە تێکدەرانەین. ئێمە دەزانین چى روو دەدات. شەهیدکردنى هەڤاڵ ئێقباڵ مورادی و ٣ هەڤاڵمان لە مەریوان و شاهۆ سەلمێنەرى ئەو هەوڵە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییانەن.
ئەو کارە تێکدەرانە پەیوەندیى بە بڵاوکردنەوەى نەخشە رێگاکەى پەژاکەوە هەیە؟
رێزان جاوید: شەهادەتى هەڤاڵ ئێقباڵ کارى ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەى ئەو گروپە بوو. ئامانجیشیان شێواندنى ئەو قۆناغە بوو، بەڵام ئەو کێشەیە بە شێوازى نکۆڵیکردن، سڕینەوە و پاکتاوکردن چارەسەر نابێت. ئەو نەخشەرێگایە کە پەژاک بڵاویکردووەتەوە، باشترین رێگاى چارەسەرییە. ئەو کێشەیە بە سیاسەتێکى دیموکراسییانە چارەسەر دەبێت. پێچەوانەى ئەوە دەبێتە هۆی روودانى هەڵەى گەورە.
ر.م