رێپێوانەکانی بەرلین و هانۆڤەر لە دووەم رۆژدا بەردەوامن
رێپێوانەکانی دژی پلانگێری نێودەوڵەتی و گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان لە بەرلین و هانۆڤەر لە دووەم رۆژیدا بەردەوامن.
رێپێوانەکانی دژی پلانگێری نێودەوڵەتی و گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان لە بەرلین و هانۆڤەر لە دووەم رۆژیدا بەردەوامن.
لە بەرلینی پایتەختی ئەلمانیا، کوردستانییان و دۆستانیان لە دووەم رۆژی چالاکییاندا، لە کاتژمێر ١١:٠٠ بە کاتی ئەوروپا دەستی پێکرد.
سەرەتای گردبوونەوەکە، دوای دەقەیەک رێزگرتن، لەسەر پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ پەیام پێشکەش کران و پلانگێرییەکە ریسوا و شەرمەزار کرا.
لیژنەی ئامادەکار لە پەیامەکەیدا قەدەغەکردنی وتنەوەی دروشمی ''بژی سەرۆک ئاپۆ" و رێگریکردن لە پۆستەرەکانی ئوجالان-یان ئیدانە کرد.
چالاکەوانان لە دووەم رۆژی چالاکییەکەیاندا لە ناوچەی کریزبەرگەوە تا گۆڕەپانی کۆتبوسیر بە درێژایی ١٢ کیلۆمەتر رێدەکەن.
هانوڤەر
رێپێوانەکەی شاری هانوڤەری ئەلمانیاش لە دووەم رۆژیدایە. رێپێوانە ٣ رۆژییەکە لە شارۆچکەی لانگەنهاگنەوە دەستی پێکردبوو.
بەر لە دەستپێکردنی چالاکییەکە، هێزەکانی پۆلیسی ئەلمانیا بە بیانووی بەرزکردنەوەی وێنەی ئوجالان، دەستیان بەسەر پانکارتەکاندا گرت. ئالتون بیچهۆف ئەندامی لیژنەی ئامادەکار ناڕەزایەتی دەربڕی، چونکە لە چاوپێکەوتنەکانی بەر لە چالاکییەکەدا هێزەکانی پۆلیس رێگایان دابوو، پانکارت بەرز بکرێنەوە.
بیچهۆف وتی:"ئەوان پابەندی بەڵێنەکەیان نەبوون. ئەم هەلوێستەی هێزەکانی پۆلیسی ئەلمانیا دژ بە مافی مرۆڤە."
کوردستانی و دۆستەکانیان لە دووەم رۆژی چالاکییەکەدا کاتژمێر ١١:٠٠ لە بەردەم لینە سەنتەری ناوچەی لاتزەن گرد بوونەوە.
لە رێپێوانەکەدا بە سەدان کەس ئامادە بوون و پانکارتی "بە هۆی خراپیی بارودۆخی تەندروستیی ئوجالان، دەمانەوێت گۆشەگیریی سەر ئەو لاببرێت"، بەرز کرایەوە.
لە ناو پانکارتەکەدا هاوکات تیشک خرایە سەر سێیەمین خاڵی پەیمانی مافی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر قەدەغەکردنی ئەشکەنجە. لە کاتی رێپێوانەکەدا بڵاوکراوە بەسەر خەڵکی دەوروبەردا بڵاو کرانەوە و بۆ ئوجالان دروشم وترانەوە.
بەیانی رۆژی دووشەممە سێیەم رۆژی رێپێوانەکەیە و بڕیار وایە لە کاتژمێر ١١:٠٠ لە وێستگەی قیتار لە ناوچەی هانوڤەر دەست پێبکات.
هاوکات بڕیارە لە بەردەم پەرلەمانی ناوچەی ساکسۆنیای خواروو کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ساز بکرێت و دۆسیەیەکیش پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت. لیژنەی ئامادەکاریش بانگەوازییەکی ئاڕاستەی کوردستانیان و دۆستەکانیان کرد کە بەیانی رۆژی دووشەمە لە بەردەم وێستگەی قیتاری ناوچەکە کۆببنەوە.
ز.ش