"رەنگی ژن لە گۆڕپانى سیاسەتدا تۆخ دەکەینەوە"
سابوها ئاکداغ پاڵێوراوی هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى ئەلکێ لە پارێزگاى شرنەخ رایگەیاند، رەنگی ژن لە سیاسەتدا تۆختر دەکەنەوە.
سابوها ئاکداغ پاڵێوراوی هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى ئەلکێ لە پارێزگاى شرنەخ رایگەیاند، رەنگی ژن لە سیاسەتدا تۆختر دەکەنەوە.
سابوها ئاکداغی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هەدەپەوە بۆ هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری شارەوانییەکان بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى ناوچەى ئەلکێى شرنەخ پاڵێوراوە.
ئاکداغ بەشی ئابووریى لە زانکۆى شرنەخ تەواو کردووە و ئەخلاق و پەروەردەى حیزبی لە بنەماڵە وڵاتپارێزەکەیەوە وەرگرتووە و لەکاتى خوێندندا بە بەهێزی بەشداریی لەکاری رێکخستنى کۆمەڵگە و کاروباری مەدەنیدا دەکرد و بەشدارى چەندین پرۆژەی کاری مەدەنى بووە.
ئاکداغ لەگەڵ گەورەبوونیدا زیاتر گرنگیى بە کاری حیزب دەدا و وتی "هۆکاری سەرەکیى بەشداریکردنم لە حیزبدا بۆ تێکۆشانی حیزب لە پێناو ژنان دا دەگەڕێتەوە. بە هێز و وزەی ئەو تێکۆشانەوە لەو بڕوایەدام ئێمە زۆر باشتر گوێ لە دەنگی ژن لە هەرێمەکەدا دەگرین. داوا و پێویستیى ژنان داوا و پێویستیى ئێمەن".
ئاکداغ لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتیشی "ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەتوانین لە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەدا هەستینەوە. ئێمە رەنگی ژن لە گۆڕەپانى سیاسەتدا تۆختر دەکەینەوە تاوەکو گەل ئاسانتر بتوانێت خۆی خۆی بەڕێوەببات".
ئاکداغ باسی ئەوەیکرد، یەکێک لەو ناوچانە کە قەیوم زۆرترین هێرشی کردە سەر ژنان، ناوچەى ئەلکێ بوو.
ئەوەشی وت "دواى ئەوەی رێکخراوەکانمان داخران، ژنان بێدەنگ بوون و ئیتر نەیاندەتوانى بە هاوبەشی باس لە کێشەکانیان و چارەسەرکردنیان بکەن. ئەوەش قبوڵ ناکرێت و دەبێت دەرفەتەکان بە ژنان ببەخشرێنەوە. ناوچەکەمان بچووکە، بەڵام گرنگیى زۆری هەیە. ئەگەر چی لە رووی کشتوکاڵەوە دەرفەتى زۆرمان نییە، بەڵام ئێمە دەرفەتى رەخساندنی کار لە رێگەى ئاژەڵدارییەوە بەکار دەهێنین بۆ ئەوەى ئابوورییەکەمان بەهێز بکەین و ژنان زۆرتر چالاک ببن".
ر.م