سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: قاسم سولەیمانی ڕۆڵی به‌رچاوی لە شەڕی دژی داعشدا هەبوو
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نابێت تەسفیەی حیساباتی وڵاتان لەسەر خاکی عێراق بكرێت.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نابێت تەسفیەی حیساباتی وڵاتان لەسەر خاکی عێراق بكرێت.
لە بارەی کوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی حه‌شدی شه‌عبی و دۆخی عێراق سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم بەم شێوەیەیە:
ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ی حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بوونە قوربانی كە هەردووكیان ڕۆڵی به‌رچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەبوو.
نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان، داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له عێراق و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی بگیرێت، بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندووكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش.
لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیداره‌دا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە په‌ره‌سه‌ندنه مەترسیدارەكان بگیرێت.
ف.ق