سوپای تورکیا گوندەکانی ناوچەی برادۆست تۆپباران دەکات
سوپای تورکیای داگیرکەر، گوندەکانی هەرێمی برادۆست لە باشووری کوردستان تۆپباران دەکات. بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە لە ئاژەڵی گوندنشینان لەناوچوون و ڕەز و باخەکانی ئەوگوندانەش ئاگریان تێبەربووە.
سوپای تورکیای داگیرکەر، گوندەکانی هەرێمی برادۆست لە باشووری کوردستان تۆپباران دەکات. بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە لە ئاژەڵی گوندنشینان لەناوچوون و ڕەز و باخەکانی ئەوگوندانەش ئاگریان تێبەربووە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە هەرێمیەکان، سوپای داگیرکەری تورکیا، دوێنێ سێشەممە جارێکی ترگوندەکانی سیران و خەلیفانی لە هەرێمی سیدەکانی سەر بە برادۆست تۆپباران کردووە.
لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەشدا، بە دەیان سەرئاژەڵی گوندنشینان لەناوچوون و ڕەز وباخەکانیشیان ئاگریان تێبەربووە.
فەتاح عەبدولوەحید یەکێکە لە گوندنشینەکانی گوندی سیران و لەبارەی ئەو تۆپبارانەوە بە ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە "لە ئاکامی ئەو تۆپبارانەدا، تەنها لە گوندەکەی ئێمە ۱۰ مانگا لەناوچوون و ٤ ی تریش بریندار بوون."
ڕاگەیەندرا کە لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا، بەشێک لە ڕەز و باخەکانی گوندنشینان سووتێنراون و ئاگریش لە رەز و باخەکانی تری هەرێمەکە کەوتووەتەوە.
یەک لە گوندنشینەکانی گوندی سیران فەتاح عەبدولوەحید جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی فڕۆکە کەشفییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ناتوانن ئەو ئاگرەی لە ڕەزا و باخەکانیان کەوتووەتەوە بکوژێننەوە. تا ئێستاش بەشێکی زۆری ڕەز و باخی گوندنشینان سووتێنراون.
ک-ش