دوێنێ ژینگهپارێزانی شاری مهریوان؛ شەریف باجوەر، ئومێد كۆنهپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی لە کاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنهوهی ئاگری دارستانهكانی مهریوان كه بههۆی تۆپبارانی سوپای پاسداران كهوتبووهوه، سوتان و شههید بوون.
ئەمڕۆش کۆمەڵگهی دیموکراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - کۆدار لەوبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: «هیچ کامە لە کێشەکان و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەندەی قەیران و پرسی ژینگە بەئاشکرا دەموچاوی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ناخەنەڕوو، ئاگر بەردان لە دارستانەکانی کوردستان لە دێرسمهوه تا مەریوان لێکەوتەی ئەو ڕوانگەیەی داگیرکەرانه بۆ کوردستان و بینینی کوردستان بە چاوی سەرزەمینێکی داگیرکرا.»
لە درێژهی ڕاگهیهنراوی كۆداردا هاتووە: «لە کوردستان هەستکردن بە بەرپرسیارێتی قورسایی لەسەر شانی گەل دروست دەکات و هیچ ڕێگهی دەربازبوونێکیش لێی نییە، هەرچەند باجی ئەو بەرپرسیارێتییە قورس بێت، ژینگەپارێزەکانی کوردستان دارستانەکانیان نەک بەهی خۆیان بەڵکو بە بەشێک لە هەبوونیان زانیوە، ئەوەش هەر ئەو ڕوانگەیەیە کە شەریف باجوەرەکان و هاوڕێیانی لێکەوتووەتەوە، هەر ئەو مرۆڤە شەریفانەی هەموو هەوڵیان بۆ پاراستنی ژینگەکەیان خستووەتە گەڕ.»
لە کۆتایی ڕاگهیهنراوهكهیدا کۆمیتەی ژینگەی کۆدار ڕایگەیاندووە: «لەگەڵ دەربڕینی سەرهخۆشی بۆ گیانبهختكردنی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بۆ شارێک کە وێنای ڕاستەقینەی ژیانی ئیکۆلۆجیکە، هەروەها دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ خانەوادە پرسەبارەکانی ئەو بەڕێزانە، باوەڕمان وایە، کە تەنیا بە درێژەپێدان بە ڕێبازی ئەو تێکۆشەرانە تۆڵە لە بکەرانی ئەو تاوانە دەکرێتەوە.»
s.m