له‌یلا گیوڤه‌ن تا شكاندنی گۆشه‌گیری به‌رده‌وام ده‌بێت له مانگرتن
هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، تا گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌شكێنرێت، له‌یلا گیوڤه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت له مانگرتنه‌كه‌ی.
هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، تا گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌شكێنرێت، له‌یلا گیوڤه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت له مانگرتنه‌كه‌ی.
په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی له‌یلا گیوڤه‌ن په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی كرد له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری ئامه‌د كه ئه‌مڕۆ له زیندان ئازاد كرا، لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دا. بووڵدان ڕایگه‌یاند، گیوڤه‌ن ڕایگه‌یاندووه كه به‌رده‌وام ده‌بێت له مانگرتنه‌كه‌ی.
«زۆر به‌هێز و به‌ورده بوو»
په‌روین بووڵدان گوتی: «له‌یلا گیوڤه‌نی خۆشه‌ویست ئه‌مڕۆ ئازاد كرا. ئێمه هێنامانه‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆی. كه‌مێك به‌ر له ئێستا چه‌ند قسه‌یه‌كی كه‌می كرد كه ده‌مه‌وێت په‌یامی ئه‌وتان پێڕاگه‌یه‌نم. سوپای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه له ڕۆژی ٧٩هه‌می مانگرتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵی بوون. گوتی، له نێوخۆی وه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات زۆر نامه و په‌یامی بۆ هاتوون كه پشتیوانی‌یان كردووه. گوتی، ئه‌و په‌یام و هاوپشتییانه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌رپێ بمێنێته‌وه. گوتیشی مانگرتنی زیندانه‌كان كه ئه‌ویش تیایدا به‌شداره، به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه داواكاریی ئه‌و هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه.»
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په باسی له‌وه كرد كه داواكاریی له‌یلا گیوڤه‌ن ئه‌وه‌یه گۆشه‌گریی سه‌ر ڕێزدار ئۆجالان بشكێنرێت. «گیوڤه‌ن گوتی ئه‌گه‌ر چاوپێكه‌وتنی به‌ڕێز ئۆجالان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی و پارێزه‌رانی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بكرێن، پاش ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كان كران، ده‌كرێت ئه‌ویش بڕیاره‌كه‌ی خۆی بگۆڕێت. مانگرتنی له‌یلا گیوڤه‌ن له خواردن له ماڵه‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێت.»
ده‌رباره‌ی پرسیاری كه ئایا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت بۆ كۆتایی هێنان به گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان هیچ واده‌یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه، بووڵدان گوتی: «پێویست ناكات ئێمه دیدار له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت بكه‌ین، ئه‌وان ئاگایان له دۆخه‌كه هه‌یه. میكانیزمێك هه‌یه كه ئاگای له هه‌موو شتێكه. پێویست ناكات ئێمه یه‌كتر ببینین، پێویسته ده‌موده‌ست بڕیار بدرێت كه كۆتایی به گۆشه‌گیری بێت.»
ده‌رباره‌ی پرسیاری ئایا له‌یلا گیوڤه‌ن چۆن سه‌یری بڕیاری ئازادكرانی ده‌كات، په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، له‌یلا گیوڤه‌ن گوتوویه‌تی: «من له ده‌ره‌وه‌م، به‌ڵام گیانی من و جه‌سته و لایه‌نی مه‌عنه‌ویم له ناوه‌خۆیه. هاوڕێكانم له نێو زیندان ماونه‌ته‌وه، له زینداندا زۆر مرۆڤی بێ‌تاوان هه‌ن».
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په ڕاشیگه‌یاند: «له ڕووی قانوونییه‌وه ده‌بوایه له‌مێژه‌وه له‌یلا گیوڤه‌ن ئازاد كرابوایه، به‌ڵام ئه‌م دۆخه په‌یوه‌ندی به حه‌ق و حقووقه‌وه نییه. ئه‌و به بڕیارێكی سیاسی خرایه زیندانه‌وه، پێویسته مرۆڤ زۆر واتا به بڕیاری ئازادكردنه‌كه نه‌دات. ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه كۆتایی به ناحقووقییه‌كان بهێنرێت له به‌رانبه‌ر هه‌موو زیندانییه‌كان و دیداره‌كان له‌گه‌ڵ ئۆجالان هه‌میشه بكرێت.»
s.m