لە سلێمانی ژنان بە چالاکیی جۆراوجۆر داوای ڕاگرتنی تووندوتیژییان کرد

لە سلێمانی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، مەراسیمێکیان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژ بە ژنان ڕێکخست، بە گوێرەی ئامارێکیش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێم ئامارەکانی تووندوتیژیی دژ بە ژنان بەراورد بە ٢٠١٨ بەرزبووەتەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخچەی ٢٥ی نۆڤەمبەر لەناو پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، گروپی ژیان کە ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنیی لەخۆدەگرێت، مەراسیمێکیان بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووهەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژ بە ژنان ڕێکخست.

ژمارەیەک لە ژنان، خوێندکاران، چالاکوانان و مامۆستایانی ئاینیی، بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد، چەندین دروشمی وەک: نابۆ تووندوتیژیی دژ بە ژنان، دەبێت ژنان مافیان پارێزراوبێت، منیش وەک تۆ مافم هەیە، من پەروەردەکاری نەوەی داهاتووم، من شەرەفی کەس نیم و چەندین دروشمی دیکە بەرزکرابوونەوە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئاڵا کەمال، ئەندامی گروپی ژیان بەیاننامەی هاوبەشی گروپەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: هەموو شێوازە مەدەنییەکان دەگرینەبەر و کار دەکەین بۆ یەکسانکردنی نێر و مێ لە جێبەجێکردنی ئەرک و مافەکانمان، هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی و سەروەریی یاسا برەو پێدەدەین.

هەر لە مەراسیمەکەدا، موقەدەم ڕووخۆش ئەحمەد، ئەفسەر لە بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژ بە ژنانی سلێمانی وتاری بەڕێوبەرایەتییەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاماژە بە بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، دەبینین ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان چەکیان لەشان کردووە و دژی داگیرکەر دەجەنگن، بوونەتە نموونەی ئازایەتیی و بوێریی ژنان بۆ هەموو جیهان.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، ڕێکخراوی وۆلا ڕاپۆرتێکیان دەربارەی چاودێریکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانیی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئامارەکانی تووندوتیژیی دژ بە ژنان بەراورد بە ٢٠١٨ بەرزبوونەتەوە.

ئاماری ڕێژەی تووندوتیژییەکان دژ بە ژنان لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨ و ٢٠١٩.

هەولێر

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: هەزار و ٦٢٤ حاڵەت

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: هەزار و ٨٢٣ حاڵەت

سلێمانی

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: ٨٥١ حاڵەت
شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: هەزار و ٣٢٧ حاڵەت

دهۆک

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: هەزار و ١٢٧ حاڵەت
شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: هەزار و ٢٧٨ حاڵەت

گەرمیان

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: ٤٠٥ حاڵەت
شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: ٣٨٦ حاڵەت

ڕاپەڕین

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: ٢٣٧ حاڵەت
شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: ٢٧٤ حاڵەت

سۆران

شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٨: ١٤٢ حاڵەت
شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩: ١٣٩ حاڵەت

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، لەلایەن خوێندکارانی خوێندنگای ئامادەیی بێخاڵەوە دوو نمایشی شانۆیی لەبارەی کوشتن و تووندوتیژیی دژ بە ژنان پێشکەشکران، هاوکات ژمارەیەک داریش وەک هێمای ژن و ژینگە چێندران.

سەرچاوە: رۆژنیۆز

ز.ش