پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی کە پێکهاتوە لە کەجەدە، هەدەپە، دەبەپە، کەسک، ئەنجوومەنى دایکانى ئاشتی، تەژەئا و چەندین رێکخراوى تری کۆمەڵى شارستانی لە گۆڕەپانى ٥ى حوزەیران (ئیستاسیۆن)ی ئامەد میتینگى ئاشتیى بەڕێوەبرد.
دەیان هەزار کەس بەشدارییان لە میتینگی ١ى ئەیلول رۆژی جیهانیى ئاشتى دا کرد. جەماوەر بە بەردەوامى دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بکوژ ئەردۆغان"یان دەوتەوە.
میتینگەکە بە دروشمی "ئاشتى گۆشەگیر ناکرێت" بە دروشمی "با منداڵان و گەنجان نەکوژرین، با گۆشەگیری کۆتایى پێ بێت، با زیندانیانى نەخۆش ئازاد بکرێن، با دارستانەکان نەسوتێنرێن" بەڕێوەچوو.
ئایشە گۆککان چالاکوانى بزووتنەوەى ژنانى ئازاد (تەژەئا)، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکى کەجەدە، سەزاى تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە و حەلیمە ئیشک ئەندامانى ئەنجوومەنى دایکانى ئاشتى لە میتینگەکەدا وتەیان پێشکەش کرد.
"ئۆجالان تاوەکو ئێستا ٨ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى راگەیاند، وەرن پێکەوە یەکێتى پێشبخەین"
ئایشە گۆککان چالاکوانى بزووتنەوەى ئازادیى ژنان (تەژەئا) چووە بەردەم جەماوەر و سڵاوى لەگەل کرد و وتی: "من سڵاو لەو دایکانە کە بۆ ئاشتى تێدەکۆشن، گەنجانى پێشەڕۆژ، منداڵانى رووناکیى پێشەڕۆژ، ژنانى داهێنەر و رەنجدەر و هەموو هێزەکانی کوردستان دەکەم. ئەمڕۆ رۆژی ئاشتیى جیهانییە، بەڵام جگە لە ١٠ وڵات لە هەموو وڵاتانى تری جیهاندا شەڕ هەیە. ٦٥ میلۆن کەس پەنابەرن. هاوکات عەقڵییەتى داعش و هێزەکانى هاوشێوەى داعش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بازرگانى بە ژنەوە دەکەن. شەڕی سێیەمى جیهانى شەڕە لە دژى ژن. شەڕە لە دژى عەفرین، گەڤەر و چەندین شوێنى تر. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تاوەکو ئێستا ٨ جار ئاگربەستى یەکلانەى راگەیاندووە. گۆشەگیرى لەسەر رێبەرى ئاشتی گۆشەگیرییە لەسەر هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. بەڕێز ئۆجالان ماوەى ٤٠ ساڵە بۆ ئاشتى بەرخودانێکى زۆر گەورە دەکات. وەرن پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ و تەنها بیر لە بەشێک لە نەورۆزی ئەو ساڵە بکەنەوە و بیخوێننەوە. ئێمە داوا لە هەموو هێزەکان، دەستپێشخەرییەکان، ریش سپییان و سەرسپیان و هەموو پێشەنگەکانى کورد دەکەین وەرن با پێکەوە یەکێتى دروست بکەین. گۆشەگیرى لەسەر ئۆجالان گۆشەگیرییە لەسەر کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئێمە گۆشەگیرى قبوڵ ناکەین، گۆشەگیری مۆری شەڕە".