لە کرماشان ٢ هاوڵاتی و ٣ چالاکوانی مەدەنی دەستگیرکران

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی شاباد و جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان، دوو هاوڵاتی و سێ چالاکوانی مەدەنییان دەستگیر کرد.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دوێنێ دوو هاوڵاتی و سێ چالاکوانی مەدەنی لە شارەکانی شاباد و جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکوانی مەدەنی شاری "شاباد" سەربە پارێزگای کرماشان و دوای پشکنینی ماڵەکانیان، هەریەکە لە "سوهراب مورادی، داریوش مورادی و ئەحمەد بەساتی"ـیان دەستگیر کردووە.

بەپێی هەواڵەکە سوهراب مورادی، داریوش مورادی کە برای یەکن، بەڕێوەبەری سایتێکی فەرهەنگی-ئەدەبین بە ناوی (هەسارە)، 'ئەحمەد بەساتی'یش هەڵبەستوانە و تا ئێستا چەند پەرتووکێکی شیعری بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوکردوەتەوە.

هەواڵەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەو کەسانە بە تۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندانێک لە شاری شاباد، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراون.

لە هەواڵیکی دیکەدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕایگەیاند: هەر دوێنێ، دوو گەنجی خەڵکی جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە ڕفێندراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵەکە ناوی ئەو دوو کەسە "کاوە ساڵحی و حەمزە عەزیزی"ـیە، بەڵام باس لە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان کە بە "ڕفاندن" ناوی دەبات نەکراوە.

لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، خەڵکی شارەکانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان، هەروەها لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی ڕابردووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ و مەریوان زۆرترین کەسیان تێدا کوژرا کە هێشتا تەرمی چەندین کەسیان ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لەو کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.

ف.ق