ساڵی ۱۹۹٥ حەسەن ئۆجاک دەستگیر کرا و پاشان وەک هەزاران کەسی دیکە سەرنگوم کرا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ هەواڵێکی نازانرێت و ڕژێمی تورکیاش ئامادە نییە هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە بدات. هاوژینی حەسەن ئامینە ئۆجاک و کچەکەی ماسیدە ئۆجاک، دوێنێ لە ۷۰۰ هەمین هەفتەی چالاکی دایکانی شەممە لە ئەستەمبول بەشداربوون تا لە چارەنوسی حەسەن و هەزاران کەسی دیکە بپرسنەوە، بەڵام لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستگیر کران و ڕێگە نەدرا چالاکییەکە ماوەی 23 ساڵە دایکانی شەممە ئەنجامی دەدەن بەڕێوەبچێت. پاش چەند کاتژمێرێک ماسیدە ئۆجاک ئازاد کرا. ئەوەی بەسەریان هاتووە لە سەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە باسی کردوە و بڵاویکردووەتەوە:
من دەزانم ئێوە هەمووتان خەمتان بوو.
من دەزانم بۆ ئەمڕۆ دەبێت چی بنووسم.
کورتەنامەی ڕۆژ:
دایکم تەمەنی 82 ساڵانە و لەلایەن پۆلیسەوە هێرش کرایە سەری و لێی درا. شان و ملی و بەشێک لە دەموچاوی شین و مۆر بووەتەوە. هەتا من و دایکمیان گەیاندە لای ئۆتۆمبێلی پۆلیس، بە قژ بەسەر زەویدا ڕایانکێشاین. هەروەها بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە برازایەکی منیان داوە کە ناوی عادل جانە. بەڵام من لەو کاتەدا نەمدەتوانی دەستبەرداری دایکم ببم و بڕۆم بە هاواری عادلی برازامەوە.
گەمزە عەلوانیان ئەشکەنجە کرد.
کاتێک ئێمەیان خستە ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسەوە و دەستگیریان کردین، پۆلیسەکان وتیان 'ئێوە ئەو ژنە پیرە سواری ئۆتۆمبێل مەکەن'.
دایکیشم وتی "ئێوە ڕۆڵەکەمتان بردووە و منیش سوار دەبم. بەڵام پۆلیسەکان دایکمیان بەزۆری هێز لە ئۆتۆمبێلەکەیان دابەزاند.
لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکاندا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر منیان ڕاگرت و کەلەپچەی پلاستیکیان لە دەستم کردبوو.
لە ساڵی ۱۹۹۷ لە گۆڕەپانی گالاتاسەرای، هونەرمەند ئەحمەد شیک وێنەی دایکی منی کێشابوو کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بە زەویدا ڕایدەکێشن. ئەمڕۆش هەمان دیمەن لەلایەن فۆتۆگراف و ڕۆژنامەوان خەیری توونچەوە گیرابوو و هەمان شت دووبارە بوویەوە. لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئێمە وەک نەوەی ساڵی ۱۹۹۷ دەستگیر دەکراین و ئەمڕۆش ئێمە وەک سێ نەوەی نوێ دەستگیر کراین.
تەنها یەک وتەم هەیە کە دەمەوێت بیڵێم، ئەویش ئەوەیە:
۷۰۰ هەفتەی چالاکی دایکانی شەممە کۆتایی هات، بەڵام هیوای من هێشتا کۆتایی نەهاتووە و لە چالاکی بەردەوام دەبین.
هـ.هـ