مانگرتنى ژنان لە دژی گۆشەگیری لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەردەوامە

گروپێک لە ژنانی ئەنجوومەنی عشتار لە کامپی مەخمور لە شاری هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتوەکان ئەرکی خۆی پێکبهێنێت.

 گروپێکی ٧ کەسی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی عشتاری کامپی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور)، کە پەنابەرانی باکوری کوردستانن، ماوەی ٨ ڕۆژە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی خۆی پێکبهێنێت و هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بشکێنرێت.

 

لەیلا  ئەرزڕو یەکێک لە ژنە مانگرتووەکانی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانە لە هەولێر و ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا گۆشەگیریی تەنها بەسەر ڕێبەر ئۆجالان دا نەسەپاندووە، چونکە پێمانوایە ئەو گۆشەگیرییە تەنها بە سەر کەسایەتیی ئەودا نەسەپێنراوە، بەڵکو بەسەر تەواوی گەلی کورد دا سەپێنراوە. ئێمە ئەو گۆشەگیرییە راستەوخۆ بە گۆشەگیری بۆ سەر خۆمان دەزانین و پێمانوایە بە شکاندنی گۆشگیریی سەر ڕیبەر ئۆجالان گۆشەگیریی سەر خۆمان و وڵاتەکەمان دەشکێنین".

دەر بارەی هۆکاری چالاکییەکەیان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) ئەو چالاکوانە وتی: "ئەو دام دەزگایانە، کە بەناوی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان کار دەکەن دەبێت ئەرکی خۆیان پێکبێنن، پشتگیریی مافی ڕەوای ئەو کەسانە بکات، کە ماوەیەکی درێژە لە پێناو شکاندی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجەلان مانیان لە خواردن گرتووە".

ئاسایشی پارتی هێرشی کردە سەر چالاکیی ئەو ژنانە و چادرەکەیانی تێکدا و پێی کۆکردوونەتەوە و ئەوەش ئەو گروپە ژنە مانگرتوویە توڕە کردووە.

نوران سەزگین یەکێکیترە لە چالاکوانەکان و دەڵێت: "ئێمە چادرێکمان هەڵدا بوو بۆ ئەوەی تیایدا بمێنینەوە، بەڵام لە ڕۆژی دووەمی چالاکییەکەمان ئاسایشی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشێکی نا ئەخلاقییان کردە سەر ئێمە و  چادرەکەیان تێکدا".

نوران سەزگین لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "دەوڵەتی تورکیا خاکمانی داگیر کردووە، لە شیلادزێ گەنجەکانمان دەکوژێت، بەڵام پارتی هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر ئەو داگیرکەری و کوشتارەی دەوڵەتى تورک نییە، لە بەرامبەردا هێزەکانى پارتی لە نیوەشەودا هێرش دەکەنە سەر ئێمە،  کە ٧ ژنی مانگرتووین و دەمانەوێت گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان کۆتایى پێ بهێنرێت".

رۆژانە هاووڵاتییانی شاری هەولێر و چالاکوانان  ئەو گروپە ژنە چالاکوانە مانگرتووە بەسەر دەکەنەوە و پشتگیری لە داواکانیان دەکەن.

زێوەر گەردی یەکێکە لە چالاکوانانی شاری هەولێر و بە مەبەستی پشتگیریکردن لە چالاکییەکە، خۆی و کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی سەردانی ئەو گرپەیان کردووە، زێوەر دەڵێت: "داوکاریی ئەو گروپە ژنە داوای تەواوی گەلی کوردە، چونکە گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیرکردنی تەواوی ئازدیخوازانە".

سازمان محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی هەولێر-ی تەڤگەر ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کە سەردانى ئەو ژنە چالاکوانە مانگرتوانەى کردووە وتی: ئێمەش وەک تەڤگەری ئازادی بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی چالاکیی مانگرتوان دەکەین.

وتیشی: نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی ئەوە دەکەن، کە مافی گەلان دەپارێزن. ئێمەش گەلین با لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵمەدا لە ڕاستیی بوونی گەلی کورد بێدەنگ نەبن.

ر.م