میتی تورک کە بە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (م. س) ی خەڵکی شرنەخ و (ک. د) خەڵکی سێرت کردووە، کە دوو هاوڵاتیی خەڵکی باکوری کوردستانن، بە مەبەستی کاری سیخۆڕی، پێشنیاری ئەوەیان خستووەتە بەردەمیان، کە سزاکانیان لەسەر لادەبرێن و بەدواداچوونیشان کۆتایی پێدێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی داواکانیان رەد کردووەتەوە، ئەم جارە هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە زیان بە خێزان و مندالەکانیان دەگەیێنن.
ئەو دوو هاوڵاتییە سەرەڕای ئەو هەڕەشە و پێشنییارانە، بەڵام سیخۆڕیی دەوڵەتی تورکیان رەد کردووەتەوە.
(م. س) و (ک. د) کە دوو هاوڵاتیی باکوری کوردستانن و لە ئێستادا لە باشوری کوردستان دەژین، لەبارەی کردەوەو یارییە قێزەوەنەکانی میتی تورک، هۆشدارییاندا.
دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو کوردانەی بە هۆی سزا و ئەو داوایانەی لەسەریانە، ناچار ماون ئاوارەی باشوری کوردستان ببن، بە بەهانەی "سزاکانی سەرتان لادەبەین و کۆتایی بە داواکنتان دەهێنین" داوای کاریی سیخۆرییان لێدەکەن.
دوای ئەوەی هەوڵ و سەپاندنی ئەو داوایەی میتی تورک بێئەنجام دەمێنێت، دەستیان بە رێبازەکانی هەڕەشە کردووە.
(م.س) کە میت داوای کاریی سیخوڕی لێکردووە، باسی هاتنی خۆی بۆ باشوری کوردستان و مەجبورکردنی بۆ کاری سیخوری کرد.
(م.س) کە خەڵکی شرنەخە دەڵێت، کاتێک لە باکور بووە، لە دژی ئەو، دۆسیەیەک لەسەر ئەندامێتی لە رێکخستندا، ئامادەکرابوو، پێشتریش لەسەر داوایەکی دیکە سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا بۆ بڕابووەوە، بەم هۆیەوە رووی کردووەتە باشوری کوردستان.
(م.س) دەڵێت، لە باشوری کوردستان لە کافێیەک دەستی بە کار کردووە. ٢٣ی تشرینی دووهەمی ئەمساڵ، بە ژمارە تەلەفۆنی (٠٥٠٦١١٥٤٧٢٨) نامەیەکی بۆ چووەو لە نامەکەدا نووسراوە "لە ئەنکەرەوە لەگەڵتم. بەڕێوەبەرێکی باڵای دەوڵەتم". دواتر داوای سیخوری لێکردووە.
(م.س) دەڵێت:" سەرەتا وام زانیوە کەسێکە، گاڵتەم لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر لە بارەی من و خێزان و کەسوکارمە زانیاریی وردی دا. پێی وتم کە یارمەتی مادی و مەعنەویت دەدەین و ئەگەر کارمان لەگەڵدا نەکەی، زیان بە دایک و باوکت دەگەیێنین. وتیان ئەگەر دەتەوێت هیچ زیانێک بەر کەسوکارت نەکەوێت، دەبێت کارمان لەگەڵدا بکەی."
ناوبراو دەڵێت:" پێیان وتوم، 'لە بارەی رێکخستن و خەبات و بینینی کادیرانی پەکەکە چیت بیست، پێمان بڵێ'، بەڵام من قبوڵم نەکرد."
٢٨ ناوەندیان هەیە
(م.س) لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت:" هەروەها پێیان وتم، 'لە باشوری کوردستان ٢٨ ناوەندی میت هەن و ئەگەر قبوڵی بکەی کاریان لەگەڵدا بکەی، دەتناسێنین بەو ناوەندانە'. بە تایبەت داوایان لێکردم لە نزیکەوە سەردانی کادیرانی پەکەکە بکەم و لە بارەی خەباتیانەوە، زانیاریی کۆ بکەمەوە و ئەگەر ئەم کارە بکەم هەم لە باشور و هەم لە باکوری کوردستان یارمەتیم دەدەم. هەروەها پێیان وتم، 'باری ئەمنیت لە هەموو روویەکەوە پارێزراو دەبێت'. تا ئێستا زۆر کەسیان کردووە بە سیخور و پەروەردەیان کردوون. داوایان لێکردم، بە تایبەت لە سلێمانی و هەوڵێر و زاخۆ و دهۆک و مەخموور تۆڕەکانی سیخوری بەرفراوان بکەم. هەروەها پێیان راگەیاندم کە ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن، بە ئارامی و بە خۆشی دەژین. بەڵام کاتێک هەموو داواکارییەکانی ئەوانم رەد کردەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کە زیان بە کەسوکارو خێزانەکەم دەگەیێنن و ناهێڵن لە باشوری کوردستان بە بێکێشە بژیم."
ناوبراو دەڵیت، کاتێک پرسیاری ئەوەم لێکردن چۆن خۆتان گەیاندووەتە من، پێی وتم، 'ئێمە دەستمان درێژە و هەر شوێنێک کە بمانەوێت خۆمانی دەگەیێنینێ.' بە وتنی 'ئێمە وەکو دەوڵەت لە هەر جێگایەک بمانەوێت، دەتوانین خۆمانی بگەیێنینێ، دەوڵەت شتێکی بەم شێوەیەیە'، ویستیان داواکەیان قبوڵ بکەم. وتیان بۆ پاراستنی ژیانی دایک و باوکت، دەبێت کارمان لەگەڵدا بکەی. هەروەها پێیان وتم، ' بڕیارەکە لە دەستی خۆتدایە. ئێمە دەرفەتێکی دیکەت دەدەینێ، بۆ ئەوەی ئەو داوایانەی لسەرت هەن، لاببرێن'. زۆر گەنجی دیکەی کورد وەک من هەن کە دەیانەوێت هەڵیانخەڵەتێنن. بەڵام لە دژی سیخوری پێویستە هەموو کوردێکی وڵاتپارێز وریا و هۆشیار بێت."
سەرەتا بۆ ئەویش نامەیان نارد
(ک.د)یش کە خەڵکی شاری سێرتە و باوکی ٥ مندالە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٩-٢٠١٠ دا ٥ جار دەستگیر کراوە. ناوبراو هیچ تاوانێکی بەسەردا نەسەپاوە. تەنها کوردێکی وڵاتپارێزەو لە ناو خەباتەکانی دەبەپە دا جێی گرتبوو، بەم هۆیەوە بە تاوانی 'ئەندامی رێکخستنە' داوای لەسەر تۆمار کراوە.
(ک.د) رایدەگەیێنێت، کاتێک دەستگیریان کردبوو، فشار و هەڕەشەیێکی زۆریان لێکردووە. بە هۆی ٣ داواوە کە بە دەیان ساڵ سزای بۆ بڕابووە، بەر لە ٤ ساڵ بە ناچاری رووی لە باشوری کوردستان کردووە.
ئەو دەلێت:" ماوەیەکی زۆرە لە کافێبەک کاردەکەم. ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ نامەیەک بۆ موبایلەکەم هات. لە نامەکەدا پێیان وتم، ' لە ئەنکەرەوە پەیوەندیت پێوە دەکەین و ژمارەکەتمان لە هاوڕێیەکت لە باشور وەرگرتووە' و داوای کاریی سیخوڕییان لێکردم. سەرەتا زۆر بە جدی سەیری بارودۆخەکەم نەکرد و زۆر بڕواشم نەکرد. دوایی کە بینیم بە نامەیەکی دیکە ژمارەی دۆسیەکی داواکەی منیان نارد، زانیم کە ئەوە کاری میتە. دیسان داوای کاری سیخورییان لێکردم. پێیان راگەیاندم کە لە رووی لابردنی سزاکانی سەرم، یارمەتیم دەدەن و ئیدی دەتوانم بگەڕێمەوە لای خانەوادەکەم و وتیان، 'ئەگەر کارمان لەگەڵدا بکەی، ئۆتۆمبیل و ماڵ و تەلەفۆنی تایبەت و یارمەتی مادیت دەدەینێ'. هەروەها وتیان، دەتناسێنین بە ئەندامانی میت لە باشوری کوردستان. کاتێک هەموو داواکارییەکانیانم رەد کردەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کە منداڵەکانم دەناسن و یەک بە یەک ناوەکانیان پێ وتم. بەڵام لەگەڵ هەموو هەڕەشەکانیان، سیخوڕی و هاوکارییەکانیانم قبوڵ نەکرد. لە رووی شکۆ و پیرۆزییەکانم هیچ هەنگاوێکم بۆ دواوە نەنا. بێ ئەخڵاقیم قبوڵ نەکرد. ئەگەر ئەوەم بکردایا، منداڵەکانی خۆمم بەجێ نەدەهێشت. پێم وتن کە بە هیچ شێوەیەک ئەم داوایەتان قبوڵ ناکەم و جارێکی دیکەش پەیوەندیم پێوە نەکەن. بە هەڕەشە و سەپاندنی سیخۆڕی، دەیانویست ئیرادەی من دەستبەسەر بکەن. دەبێت هیچ کوردێک ئەم سەپاندنە قێزەوەنانە قبوڵ نەکات."
ز.ش