مەریوان: بە بەشداری هەزاران کەس تەرمی ٤ ژینگەپارێز بەخاک سپێردران
ئەمڕۆ لە شاری مەریوان تەرمی هەر چوار ژنیگەپارێزەکەی شارەکە بە ڕێپێوان و مەراسیمی هەزاران کەسی و بە وتنەوەی دروشمی"شەهید نامرن" بەخاکسپێردران.
ئەمڕۆ لە شاری مەریوان تەرمی هەر چوار ژنیگەپارێزەکەی شارەکە بە ڕێپێوان و مەراسیمی هەزاران کەسی و بە وتنەوەی دروشمی"شەهید نامرن" بەخاکسپێردران.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەرمی هەر چوار ژینگەپارێزی شارەکە "شەریف باجوەر، ئومێد حسێن زادە، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی" بەشێوەیەکی شایستە و بەڕێپێوان و مەراسیمی جەماوەری هەزاران کەسی برانە گۆڕستان.
جەماوەر پەیتا پیتا دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "ئاسایشی زۆرداران، چەوسانەوەی هەژاران"، "کوردستانمان شێواوە ڕۆڵەکانمان سووتاوە" و "نان، کار، ئازادی"ـان دەوتەوە. هاوکات هاوڵاتیان پانکاردیان بەرزکردبووەیە کە گوزارەیان لە خۆشەویستیان و داغداریان بۆ هەر چوار شەهیدەکە دەکرد.
شایانی بیرهێنانەوەیە، دوێنێ بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بەشێک لە دارستانەکانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگریان تێبەرببوو و ئەندامانی ڕێکخراوی سەوزی چیا و ژمارەیەک لە هاوڵاتیان دەستبەجێ خۆیان گەیاندبوویە شوێنی ئاگرەکە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و کوژانەوەیان دابوو. بەڵام لەو کاتەدا جارێکی دیکە تۆپخانەکانی سوپای پاسداران تۆپبارانی ناوچەکەیان کردبوویەوە و بەهۆیەشەوە چوار ژینگەپارێزەکەی مەریوان شەهید ببوون و ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایەتی مەریوانیەکان و خەڵکی کوردستانی بەدوادا هاتبوو.
هـ.هـ