مه‌زڵووم هه‌فته‌ن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگه‌ی دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (كۆدار - KODAR) لە چاوپێکەوتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) باسی له مانگرتنی بێ‌سنوور و بێ نۆبه‌تی لەیلا گوڤەن و مانگرتنی زیندانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و چالاكییه‌كانی چوار پارچەی کوردستان و هه‌نده‌ران كرد. حه‌فته‌ن ڕایگه‌یاند، «داواكاریی مانگرتوان داواكاریی هەموو ئازادیخوازانه، دەبێت هەموان ئەمرۆ لەنێو چالاکیدا بن، ئەگەر ئەمڕۆ خاوەنداره‌تی لە لەیلا گیوڤه‌ن و هەڤاڵانی نەکەین سبەینێ درەنگ دەبێت.»
مه‌زڵووم هه‌فته‌ن لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەیەکی بۆ بارودۆخی ڕێبەری گەلی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان كرد و گوتی: «بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ساڵی ١٩٩٩-ه‌وە هەتا ئەمرۆ تێیدایە، بەتایبەت ئەم سێ ساڵەی دوایی، دۆخێكه کە قبووڵ ناکرێت. لە هیچ قانوونێکی دەوڵەتان و جیهاندا ئەمە نەهاتووە، هیچ قانونێک ڕێگە به‌و دۆخه‌ی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی نادات. ئەو مامەڵەیه‌ی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت لە هیچ قانوونێکدا نەنووسراوە، چ قانوونە ئاینییەکان چ ئەو قانوونانەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا باون، ڕێگه بەم نادادپه‌روه‌رییه ناده‌ن. ڕێبەر ئاپۆش خۆی ئاماژەی بە دۆخی خۆی كردووه و دەڵێت: [بارودۆخی من بەپێی هیچ قانوونێکی زەمینی و ئاسمانی نییە]. دەبێت هەموو کەسێک بەم شێوەیە چاو لە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ بکات.»
«ڕێبه‌ر ئاپۆ ته‌نیا ڕێبه‌ری په‌كه‌كه نییه»
هه‌فته‌ن لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: «ڕێبەر ئاپۆ ته‌نیا ڕێبەری پارتییەکی وەک پەکەکە نییە، ته‌نانه‌ت ته‌نیا ڕێبەری گەلی کوردیش نییە، ئەگەر ڕوانگەی وەها هەبێت ئەوا ئەو ڕوانگەیەکی تەنگ و هەڵەیە. ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری هەموو ئەو گەلانەیە کە تێكۆشان بۆ ئازادی دەکەن، ڕێبەری هەموو کەسانی ئازادیخوازی جیهانە. کەواتە ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەرێکی مرۆڤایەتییە و ئەو زووڵمەی دەرهەقی ئەو دەکرێت زوڵمێكه لە مرۆڤایەتی دەکرێت.»
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار پەیوەندی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئازادیخوازی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا وەک پەیوەندییه‌کی فکری و ئایدیۆلۆژیای ژیانێکی ئازاد دەستنیشان کرد. گوتی: «پەیوەندیی ئێمە وەک گەلی کورد و گەلانی دیکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا پەیوەندییەکی فکری و فەلسەفییە. مرۆڤەکان لە فەلسەفەی ژیاندا پەیوەندییان لەگەڵ فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا دروست بووە، ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە مرۆڤەئازادیخوازەکان لە بواری ژیانی و بابەتی جیهانبینیدا په‌یوه‌ستبوونێكیان بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ درووست کردووە. ئەم په‌یوه‌ستبوونه، په‌یوه‌ستبوونێكی ئایدیۆلۆژییە، ئەو کەسانەی کە ئەم پەیوەندییەیان لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دروست کردووە، هەبوون و ژیانیان بە هەبوونی ژیانی ڕێبەر ئاپۆوە بەندە. ڕێبەر ئاپۆ لەکاتێکدا کە ڕێبەری گەلی کورد و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، داواكاریمان ئەوەیە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ گەلاندا بژی، ئەمەش بەمانای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دێت. ئەگەر داواكارییه‌كی دیكه‌ی جیاواز له‌مه‌مان هەبێت سەرناکەوین. دەبێت هەتا كۆتایی پێداگری لەسەر داواكاریی ئازادیی سەرۆک ئاپۆ بکەین و هەڵوێستی [تا سەرۆك ئازاد نەبێت، شتێکی دیکە قبووڵ ناکەین] پیشان بده‌ین.»
«با مرۆڤه بێ هه‌ڵوێسته‌كان پرسیار له خۆیان بكه‌ن»
مه‌زڵووم هه‌فته‌ن تیشكی خستە سەر چالاکیی مانگرتنی زیندانییه‌كان و ئازادیخوازان. له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گیوڤه‌ن و ناسر یاگز لە زیندان و دەرەوەی زیندان، لە باکوور، لە باشوور، لە ڕۆژاڤا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ته‌نانه‌ت لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا، چالاکی بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە. دەبێت ئەو مرۆڤانەی کە ئێستا بێ هەڵوێستن لە خۆیان بپرسن کە ئایا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تەنیا داواكاریی ئەو هەڤاڵانەیە کە ئەمڕۆ لە چالاکیی مانگرتندان؟ ئەو هەڤاڵانەمان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت کە ئەو هەڤاڵانەمان گیانی خۆیان دەبەخشن بۆ ئەوەی هەقمان بستێنن. دەبێت هەر کەس لە خۆی بپرسێت کە ئایا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ تەنها داواكاریی ئەوانە؟ نەخێر، بێ گومان ئەم داواكارییه داواكاریی ملیۆنان کوردی ئازادیخواز و هەزاران مرۆڤی ئازادیخوازی دیکەیە.»
«گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ لەیلا گیوڤه‌ن و هەڤاڵ ناسر گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر ژیانێک هەبێت، بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ فەراهەم دەبێت. جیاواز لەمە ژیان بێ واتایە، لەبەر ئەمەیە ئامادەن گیان و ژیانی خۆیان لەپێناو ئازادیی ڕێبەر ئاپۆدا ببەخشن. ئەمە باوەڕییەکی بەهێزە کە دەبێت هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز باوەڕێ پێ هه‌بێت. لەیلا گیوڤه‌ن و هەڤاڵانی بەم چالاکییەیان ڕێگه‌یان بۆ دیاری کردووین، دەبێت هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئەو ڕێگه‌یە بگرێته‌به‌ر.»
«ئه‌مه هه‌ڵوێستی مرۆڤه ئازادیخوازه‌كانه»
هه‌فته‌ن ئاماژەی بە خۆڕاگریی لەیلا گیوڤه‌ن كرد و گوتی: «هەڤاڵ لەیلا زیاتر لە ٧٨ ڕۆژە مانی گرتووە، هیچ شتێک ناخوات، ئیدی دۆخی ئەو هەڤاڵەمان هێدی هێدی بەرەو شەهید بوون دەچێت. هەڤاڵ لەیلا لەسەر بڕیاری خۆی سورە و به‌رده‌وامی به چالاکیی خۆی ده‌دات، هەڤاڵ لەیلا ئەم چالاکییەی بۆ ئەوە نەبوو کە بڵێت چەند ڕۆژێک لە خواردن ماندەگرم و مانگرتنی خۆم دەشکێنم. ئەم چالاکییە هەڵوێستێکە کە مرۆڤە ئازادیخوازەکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجه‌كانیان بە ژیان و گیان تێده‌كۆشن.»
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆدار مه‌زڵووم هه‌فته‌ن هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هەڵوێستەکانی ئێستا بەس نین، دەبێت هەموو کەس ده‌ست به چالاكی بكات. «ئێستا هەڵوێستەکان وەڵامده‌ره‌وه نین، ڕێگه‌یه‌ك كه هەڤاڵ لەیلا بە گیانی خۆی بۆی کردووینەتەوە و چالاکییه‌کی هەڤاڵ ناسر و هەڤاڵانی زیندان هەڵوێستێکی شۆرشگێرین. دەبێت لێرەدا مرۆڤەئازادیخوازەکان لە خۆیان بپرسن؛ لەکاتێکدا کە ئەو هەڤاڵانە ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن ئێمە چی ده‌كه‌ین؟ خەریکی چین؟ بە چ شێوازێک دەتوانین ئاستی ئەم چالاکییانە بەرزتر بکەینەوە؟ هەر بۆیە دەبێت هەر کەس لە ئاستی خۆیدا زیاتر لە هێزی خۆی له‌نێو چالاکی و هەڵوێست وه‌رگرتندا بێت.»
«ئەگەر ئه‌مڕۆ چالاکی نەکەین سبەینێ درەنگ دەبێت»
هه‌فته‌ن لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، بانگەوازی شەهید محه‌مه‌د توونج-ی بەبیرهێنایەوە کە ڕۆژێک پێش شەهیدكرانی لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، لە ڕێی تەلەفۆنەوە بەشداری له بەرنامەی ئەکتوێلی «ستێرک تیڤی» کردبوو و گوتبووی «دەبێت هەرکەس له‌نێو چالاکی دابێت». محه‌مه‌د توونج لە بانگەوازه‌کەیدا گوتبووی: «دەبێت ئەمڕۆ پشتگیریمان بکەن و خاوەن هەڵوێست بن و لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بوه‌ستنه‌وه.»
«پاش ڕۆژێک لە بانگەوازیی محه‌مه‌د توونج، کارەساتی جزیر ڕووی دا و محه‌مه‌د توونج و هەڤاڵانی لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە كوژران. هەر کەس؛ لە هەر کوێ بێت و هه‌ر کارێک ده‌كات، دەبێت ئەوه بزانێت کە ئه‌گه‌ر ئەمڕۆ کارێک نەکات سبەینێ درەنگ دەبێت. لە بیری نەکەین هەڤاڵ محه‌مه‌د توونج ڕۆژێک پێش شەهیدبوونی بە تەلەفون بەشداری له چەند بەرنامەیه‌كدا كرد، بانگی لە گەلەکەی کرد و گوتی: [ئەگەر ئەمرۆ لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نه‌وه‌ستینه‌وه، سبەینێ درەنگە.] بەڕاستی سبەینێ درەنگ بوو، ئەوە بوو دوای ڕۆژێک لەو قسەیە هەڤاڵ محه‌مه‌د توونج و هەڤاڵانی لە ژێرزەمینەکانی جزیر-دا سووتێنران. ئێمە سوێندمان خواردووە کە لەسەر ڕێگه‌ی ئەو هەڤاڵانە بەردەوام بین. تۆڵەسەندنەوەی ئەو هەڤاڵانە ئەرکێكی ئەخلاقی و مرۆڤایه‌تییه. هەر بۆیە دەبێت ئەوە بزانین کە ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ شتێک نەکەین، سبەینێ چالاکییەکانمان بێ فایدەیە.»
«با گه‌له‌كه‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بایكۆتی كاڵا و شمه‌كی توركی بكه‌ن»
مەزڵووم هه‌فته‌ن باسی له چالاکیی مانگرتنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران كرد وه‌ك پشتیوانییه‌ك له چالاكییه‌كه‌ی له‌یلا گیوڤه‌ن و گوتی: «بۆ پشتگیری کردن لە چالاکیی لەیلا گیوڤه‌ن و زیندانییانی دیکەی زیندانه‌كانی دەوڵەتی تورکیای داگیركه‌ر، چالاکیی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێرانی داگیركه‌ر دەستی پێکردووە، ئەم هەڵوێستەی زیندانییانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵوێستێکی سیاسی و نەتەوەییە. هەڵوێستی ئەو چالاکانه بەرز ده‌نرخێنین.»
لە کۆتایی قسەکانیدا مەزڵووم هه‌فته‌ن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار بانگی لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و گوتی: «کاتێک سەرۆک ئاپۆ بە پیلانگێری ١٥ی شوبات دەستگیر کرا، چالاکی و ڕاپەڕینی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به بەشداربوونی سەدان کچ و کوڕی بوێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نێو ڕیزەکانی گەریلا، لەو سەردەمەدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گۆڕی. ئێستا لە سایەی ئەو هەڵمەتە، گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن پارتی و ڕێکخستن و هێزی گەریلای خۆیانن. ئەم قۆناغەش زۆر هەستیارە، دەبێت گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵمەتێکی جەماوەری، بە ڕاپەڕین و سەرهەڵدان لە مەیدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بن. ئەخلاقی نییە کۆمەڵگه‌کەمان کاڵا و شمەکی تورکی بەکاربهێنن، هەر بۆیە دەبێت هەموو کاڵا تورکییەکان بایکۆت بکەن و لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بڕۆنە پێش سەفارەتەکانی تورکیا و ڕێگریان لێ بکەن. جیاواز لەمەش دەبێت گەنجان و ژنان هاوشێوەی ڕاپه‌رینی ١٩٩٩ خاوەن هەڵوێست بن. لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بن. ئێستا بۆ خاوەنداره‌تی کردن لە چالاکیی لەیلا گیوڤه‌ن و زیندانییانی دیکەی زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیركه‌ر هەر جۆرە چالاكییه‌ك ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانی و مرۆڤایەتییه.»
دیمه‌ن
s.m