نان لەسەر تەرمی کۆڵبەرەکە دانرا و بە شەهید نامرێت بەڕێکرا

تەرمی ئەو کۆڵبەرە ١٤ ساڵەی کە دوای چوار ڕۆژ دۆزرایەوە، لەکاتی بەڕێکردنی بۆ گۆڕستان نانی لەسەر دانرا و لە مەراسیمەکەدا دروشمی 'شەهید نامرێت و مەرگ بۆ دیکتاتۆر' بەرزکرایەوە.

تەرمی کۆڵبەرە ١٤ساڵانەکە "فەرهاد خوسرەوی"، کە دوای چوار ڕۆژ گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا، دوێنێ لە ناوچەی 'گناو' لە ملەی ژاڵانەی دەڤەری هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە، هەر دوێنێش بە ئامادەبوونی هەزاران هاوڵاتی بە خاسپێردرا.

لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمەکە و بە خاک سپاردنەکەدا، خەڵک پارچە "نان"ێکیان لەسەر تەرمەکە دانابوو، وەک هێما بۆئەوەی ئەو منداڵە بۆ پارویەک نان لە شاخەکاندا گیانی لەدەستداوە، هەروەها دروشمی "شەهید نامرێت" و "کوردستان خرۆشراوە..خوێنی کۆڵبەر ڕژاوە"یان دەوتەوە.

هەر لە مەراسیمەکەدا دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ برسی هێشتنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی هەژاریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" لەلایەن جەماوەرەوە بەرزکرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو کۆڵبەرە پێنج ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران لەکاتی کۆڵبەرییدا، بەهۆی بارینی بەفرەوە لەگەڵ براکەی بە ناوی "ئازاد" ڕێگایان لێون دەبێت و لەناو بەفردا دەمێننەوە، تەرمی ئازاد ڕۆژێک دوای جیابوونەوەی لە گروپەکە دەدۆزرێتەوە، بەڵام تەرمی فەرهاد، کە بۆ هێنانی هاوکاریی بۆڕزگارکردنی براکەی لێی جیابووەتەوە، دوێنێ دۆزرایەوە.

ز.ش