ناوچەی دێرینى توشبای وان بە هەدەپە دەڕازێتەوە
ناوچەى دێرین و مێژوویى توشبا لە پارێزگاى وان، کە لەلایەن ئاکەپەوە وەک گوندێکى لێکراوە، چاوەڕێ دەکرێت لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری شارەوانییەکاندا هەدەپە رێژەیەکى زۆر بەرز دەنگی تیادا بەدەست بهێنێت.
ناوچەى دێرین و مێژوویى توشبا لە پارێزگاى وان، کە لەلایەن ئاکەپەوە وەک گوندێکى لێکراوە، چاوەڕێ دەکرێت لە هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری شارەوانییەکاندا هەدەپە رێژەیەکى زۆر بەرز دەنگی تیادا بەدەست بهێنێت.
توشبا بەهۆی شارەوانییەکەى ئاکەپەوە وەک گوندێکى لێکراوە و ماوەی ٤ ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکى تیادا ئەنجام نەدراوە. فەڤزی ئۆزگۆکچە سەرۆک شارەوانیى ئاکەپە بە بەردەوامى بۆ کاری نایاسایى و گەندەڵى و بەرتیلخۆری رۆژەڤدا بووە نەک بۆ خزمەتکردنى خەڵک و شارەکە.
هەدەپە لە هەڵبژاردنى ٢٤ی حوزەیران بۆ پەرلەمانى تورکیا لە توشبا نزیکەى سەدا ٦٠ی دەنگەکانى ئەو شارۆچکەیە بەدەستهێنا. دواى تاڵانکردن و وێرانکاریى قەیومەکان، چاوەڕێ دەکرێت بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداردا هەدەپە رێژەیەکى بەرز دەنگ بەدەست بهێنێت و ئەو شارۆچکە لە دەستى ئاکەپە دەربهێنرێت.
هەدەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ دا ٢ کەسی بۆ بەدەستهێنانى هاوسەرۆک شارەوانیى توشبا پاڵاوتووە. لێرەدا پرۆفایى ئەو ٢ پاڵێوراوەى هەدەپە بڵاودەکەینەوە.
عایشە میناز کێیە؟
عایشە میناز پاڵێوراوى هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى توشبا ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی کارابولاک لەناوچەى بازید لە دایکبووە. ساڵی ١٩٩٣ ناچارکران کۆچ بۆ وان بکەن. خوێندنى سەرەتایى و ناوەندی و ئامادەیى لە وان تەواو کردووە.
خوێندنى باڵاى لە بواری پەروەدە و توێژەری و راهێنان دا لە زانکۆی یوزوجو یل لە وان تەواو کردووە. لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت بووە بە پسپۆری چاودێریى مرۆیى و پەیوەندى لەگەڵ گەل دا. دواى ئەوە لە شارەوانیى وان بووە بەڕێوەبەر.
میناز لە رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانیدا بە بەهێزی و لێهاتویى کاریکردووە. لە یەکەى هەرەوەزیى ژنانى سخکێ، یەکەى هەرەوەزیى ژنانى پایزئاڤا – خاوەسۆری و یەکەى هەرەوەزیى ژنانى وان ئاختامارا کاریکردووە.
بۆ پاراستنى مافە بنەڕەتی و سەرەکییەکانى ژنان و پێشگرتن لە توندوتیژی و دادۆشین وپەلاماردانى ژنان لە هەوڵی بەردەوام دا بووە. میناز هاوسەرگیریى کردووە و دایکى ٣ منداڵە.
یڵماز بەرکی کێیە؟
یڵماز بەرکی پاڵێوراوى هەدەپە بۆ هاوسەرۆک شارەوانیى توشبا ساڵی ١٩٧٢ لە وان لە دایکبووە. خوێندنى سەرەتایى و ناوەندی و ئامادەیى لە وان تەواو کردووە. لە زانکۆی بۆلو ئابانت عیزەت بایسال لە بەشی بەڕێوەبەریى جەماوەریدا خوێندنى تەواو کردووە.
بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لە بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى شاری وان دا کاریکردووە.
لە بەڕێوەبەریى لقی سەندیکای رەنجدەران (SES)ی سەر بە کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کریکارانى جەماوەری (کەسک - KESK) لە وان خزمەتى کۆمەڵایەتى و تەندروستیى پێشکەش کردووە و دواتریش بووەتە سەرۆکی ئەو لقە لە وان.
نوێنەرایەتیى شار و هەرێمەکەى لە ئەنجوومەنى ئاشتی دا کردووە. کاتێک لە شارەوانیى گەورە شاری وان دا ئەرکی سەرۆکایەتیى فەرمانگەى کاری تەندرستیى بەڕێوەدەبرد لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن ئاکپەوە لەسەر کار دەرکرا.
بەرکی هاوسەرگیریى کردووە و باوکی ٣ منداڵە.
ر.م