هاوڵاتیانی کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆیکردنی کالای تورکی
هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی شتومەک و کالای تورکی وەکو وەڵامیک بۆ هێرشەکانی تورکیا دژ بە کورد.
هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی شتومەک و کالای تورکی وەکو وەڵامیک بۆ هێرشەکانی تورکیا دژ بە کورد.
لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، لە باشوری کوردستان بەگشتی و لە شاری کەرکوک بە تایبەتی هەڵمەتێک ڕاگەیەندرا بۆ بایکۆتکردنی کەلوپەل و شتومەکی تورکی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد لەسەرتاسەری کوردستان.
عەبدوڵا خەیات هاووڵاتیەکی شاری کەرکوکە، دەربارەی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد و ڕێگاکانی فشارخستنە سەر ئابوری تورکیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)وتی: ''ئەگەر مێژووی داگیرکاری تورکیا لەسەر ناوچەکەمان بخوێنینەوە ئەوە دەبینین کە لەساڵی ١٥٧٥ زاینیەوە بەهەموو شێوەیەک تورک وڵاتی ئێمەیان داگیرکاردووە چ لەلایەنی زمان، کلتور. ناو و شار و گوندەکانمان، لە ئیستاشدا تورکیا هەوڵدەدات رۆڵی دەوڵەتی عوسمانی بگەرێنێتەوە بۆ ناوچەکە، پێشتر تورک لە ڕووی سەربازی و بەچەکەوە گەلەکەمانیان داگیر کردبوو بەلام لە ئیستادا لەرووی کەلوپەڵەکانیان لە بازارەکان و فلمەکانیان لە شاشەی کەنالەکانمان گەلەکەمانیان داگیرکردووە، ئێمە وەکو هاوڵاتیان دەتوانین تا ئاستێک کرینی کەلوپەلی تورکی کۆنترۆل بکەین بەڵام کۆمەڵێک زنجیرە فلمی تورکی هەیە کە کلتورمانیان داگیرکردووە و ڕاگرتنی ئەم فلمانە لە دەستی حزبەکان و کەناڵەکانیانە نەک هاوڵاتی، کەی حزبەکان دەستیان لەناو دەستی تورکیا دەرکرد ئەوکاتە ئێمەی هاوڵاتی ئەتوانین هەنگاوی زیاتر بنین بۆ رووبەرووبوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا."
هەروەها دەربارەی پشتبەستنی ئابوری تورکیا بە هەرێمی کوردستان عەبدوڵا خەیات ووتی: ''پێش ئەوەی رێکەوتنی گرێبەستی نەوت لەگەل تورکیا واژ بکرێت ٪٦٠ی ئابوری تورکیا لەسەر هەناردەکردنی کالای تورکی بوو بۆ باشوری کوردستان، بۆیە پێویستە بۆ بایکۆتی کالای تورکی و لێدانی ئابوری ئەو ووڵاتە سەرەتا دەبێت نەوتەکەی هەرێمی کوردستان بە تورکیادا نەروات."
هەروەها عەلی تەجلی هاوڵاتیەکی دیکەی کەرکوکە دەربارەی بایکۆتکردنی کالای تورکی بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: "ئێرە کوردستانە ئێمەش رۆڵەی ئەم خاک و وڵاتەین داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا دەکەین کە بایکۆتی کالای دەوڵەتی تورکی زاڵم بکەن چونکە ئەوەی لە تورکیاوە بۆ ئێمە دێت پێویستە وەکو ژەهر تەمەشای بکەین بۆ ژەهراوی کردنی گەلەکەمان هاتووە، چونکە بە پارەی کرینی ئەو کالایانە دەوڵەتی تورک فیشەک و چەک دەکرێت و دژی گەلی کورد بەکاری دێنێت."
هەروەها عەلی تەجلی وتیشی: "تورکیا بە پارەی ئەو کەلوپەلانەی لی دەکرین پارچەکانی کوردستان داگیر دەکات ، چونکە ئەگەر رۆژئاوای کورستان بەتەواوەتی داگیربکرێت ئەوە تورکیا بەروە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەنگاو دەنێت بەشاری سلێمانی و کەرکوکەوەش، بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی شاری کەرکوک دەکەم کە بایکۆتی هەموو کالایەکی دەوڵەتی تورکی زاڵم بکەن."
فەرێدون عەلی هاوڵاتیەکی شاری کەرکوک دەربارەی بایکۆتی کەلوپەلی تورکی وتی: ''ئەم هەڵمەتی بایکۆتکردنە ئەرکێکی نیشتیمانی و کورد پەروەریە، کەمترین هەلوێست کە وەکو خەلکی باشوری کوردستان بتوانین بیکەین بایکۆت کردنی کاڵای تورکییە تا بتوانین فشارەکانی تورکیا نەهێلین دژ بە گەلی کورد."
هەروەها ڕەمەزان محەمەد دیکەی شاری کەرکوکە دەربارەی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بپ ئاژانسەکەمان دوا و وتی، "بەڕاستی گوناحە پارەی کوردستان و نەوتی کوردستان بچێت بۆ تورکیا و چەکی پێبکردرێت تا دژی کورد بەکاربێت."
ڕاشیگەیاند "بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئیستادا لەم وەرزە ساردەدا برا و خوشکەکەنمان لە کامپەکان دەژێن، من وەکو هاوڵاتیەکی شاری کەرکوک پێش ئەم هێرشانەی ئەم دواییەی تورکیا دژی گەلی کورد بایکۆتی کاڵای تورکیم کردبوو چونکە پێم حەیفە پارە بدەم بە کاڵای دەوڵەتی تورک و پاشان ئەو پارەیە دژی کورد بەکاربێت."
ف.ق