شەهید محەمەد حوسێن ناسراو بە ناڤدار کەرکوک ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان بوو لە شاری کەرکوک، پاش دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بریاریدا بەشداری بکات لە بەرخۆدانی رۆئاوای کوردستان.
شەهید ناڤدار لەبەرخۆدانێکی قارەمان و شکۆمەندانەدا دژی داگیرکەریی دەوڵەتی فاشستی تورک و چەتەکانی لە ناوچەی سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو، دوێنێش لە مەراسیمێکی شکۆداردا، تەرمی پیرۆزی شەهید محەمەد حوسێن ناسراو بە ناڤدار کەرکوک لە گۆڕستانی ڕەحیم ئاوا بەخاک سپێردرا و پرسەی شەهید ڕاگەیندرا، ئەمڕۆش لە شاری کەرکوک کۆتا ڕۆژی پرسەکەی بەڕێوەچوو.
بەشیک لە هەڤاڵانی شەهید ناڤدار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باسیان لە رۆڵ و قارەمانیەتی شەهید ناڤداریان کرد کە چۆن توانی پێشەنگایەتی گەنجانی کەرکوک بکات و گیانی خۆی لە پێناو ئازادی گەلەکەیدا بەخت بکات.
ڕێباز عەلی هەڤاڵی شەهید ناڤدار بوو، دەربارەی ناسینی ئەو بۆ کەسایەتی شەهید ناڤدار بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "هەر چەندە ماوەیەکی زۆر نەبوو هەڤاڵ ناڤدارمان ناسی بەڵام کاتێک کە بەشداری خەباتی گەنجانی ووڵاتپارێز بوو زۆر خوێن گەرمانە بەشداری خەبات و چالاکییەکانی دەکرد و توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا خۆی پێشبخات و بتوانێ پێشەنگایەتی گەنجان بکات."
هەروەها رێباز عەلی ووتیشی: "سەرەتا شەهید ناڤدار لە قەڵغانی زیندوو لە ناوچەی برادۆست بەشدار بوو، پاشان هەرئەوەندە بەس نەبوو بۆ شەهید ناڤدار، بەلکو هەوڵیدا زیاتر رۆڵ ببینێت لە خەبات و تێکۆشان، کاتێک سەفەربەری دروست بوو بۆ بەرخۆدان دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، شەهید ناڤدار چووە رۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لەو بەرخۆدانە."
هەروەها رێباز عەلی ووتیشی: "هەڤاڵ ناڤدار لە کارو خەباتدا کەسێکی زۆر جدی بوو کە هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ گەنجان، وە ئێمەش پەیمان دەدین کە لەسەر ئەو رێبازە بەردەوامبین کە شەهید ناڤدار لە پێناویدا شەهید بووە."
سۆران سەردار هەڤاڵێکی دیکەی شەهید ناڤدارە دەربارەی شەهید ناڤدارەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "شەهید ناڤدار کەرکوک ماوەی ساڵێک پێش ئیستا بەشداری خەباتی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان بوو. کاتێک کە شەهید ناڤدار بەشداری خەباتی گەنجان بوو توانی بە ماوەیەکی زۆر کەم خۆی پێشبخات و بتوانێ پێشەنگایەتی گەنجانی کەرکوک بکات."
هەروەها سۆران سەردار ووتیشی: "کاتێک کە دەوڵەتی فاشستی تورک دەستی بە هێرشکردن کرد بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نەیتوانی تەنها تەمەشای ئەو هێرشانە بکات، بەلکو کەسێکی خاوەن هەڵوێست بوو، بریاریدا وەکو گەنجێکی شاری کەرکوک بچێت و بەشداری لە بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان بکات و گیانی خۆی بەخت بکات لە پێناو ئازادی گەل و خاکەکەی."
لە کۆتایدا سۆران سەردار ووتی: "بەڕاستی لەدەستدانی شەهید ناڤدار کۆسپێکی گەورە بوو بۆ گەنجانی ووڵاتپارێز و خەباتی گشتی لە کەرکوک، ئێمە وەکو هەڤاڵانی شەهید ناڤدار کەرکوک بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێبازەی لە پێناویدا شەهید بوو."
ز.ش