پادێ دژی هێرشەکان داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکات
پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان- پادێ، لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال داوای یەکێتی نەتەوەیی لە کوردان دەکات، داوش لە بەرپرسانی عێراق و هەرێم دەکات دژی هێرشەکان بێدەنگ نەبن.
پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان- پادێ، لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر شەنگال داوای یەکێتی نەتەوەیی لە کوردان دەکات، داوش لە بەرپرسانی عێراق و هەرێم دەکات دژی هێرشەکان بێدەنگ نەبن.
دژی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر شەنگال، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان- پادێ، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەر فەرمان و کۆمەڵکوژییەکانی سەر ئێزدیان کراوە و تێدا هاتووە: فەرمانەکان ئەمڕۆش بەردەوامن و لە ڕۆژەڤی دوژمنەکانمان دایە، دوژمن بۆ لەناوبردنی باوەڕی و هەبوونی کۆمەڵگامان هەوڵدانەکانی بەردەوامە و هەوڵیانداوە کە پیلانە چەپەڵەکانیان لەسەر کۆمەڵگای ئێمە بەڕێوە بەرن.
لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: نزیکەی دوو هەفتەیە فڕۆکەکانیان بەسەر چیای شەنگالەوە دەسووڕێنەوە، بە بیانوی ئەوەی پەکەکەی لێیە، ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە ئێزدیان لە چیای شەنگال دوور بخاتەوە و ئەو هێرشانە بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی ئێزدیانە بۆسەر خاکی خۆیان، دژی ئەو هێرش و هەڕەشانە یەک ڕێگا هەیە، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ سەر خاک و بەهێزکردنی یەکڕێزی خۆمانە، بە کۆمەڵگای کوردییش ڕایدەگەینین کە بەهێزترین وەڵام بۆ هێرشەکانی دەرەوە، پێشخستنی یەکێتی نەتەوەییە، بۆیە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیی سەرەکیمانە.
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بە هێرشی عوسمانییەکان بۆسەر شەنگال و گەلی ئێزدی کراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچکات لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەردۆغان سەر دانانوێنین، بەوشێوەیە بانگەوازیی کردووە: داوا لە ڕای گشتی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی عێراق، گەلەکەمان و هەموو کەسایەتیە ئێزدییەکان دەکەین، لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئێزدیخان، بێدەنگ نەبن، بێدەنگی، هاوکارییکردنە لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ڕێگە بۆ هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئێزدیان دەکاتەوە، جیهان هەموو دەزانن کە دوژمن لەبەر یەکڕیزی و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگای ئێمە، خۆی پێڕاناگیرێت.
لە کۆتاییشدا هاتووە: "دەتوانین بە یەکڕیزی و دیپلۆماسی، خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی ئێزدیان بکەین، ساڵێکی بە ئازارمان تێپەڕاند، هێرشەکان بۆسەر شەنگال و ڕۆژئاوا لەبەر چاوە، بەم بۆنەیەوە داوا دەکەین ساڵی ٢٠٢٠ بکرێتە ساڵی یەکگرتن، یەکڕیزی و ئازادی."
ز.ش