پارێزەر ئەردۆغان: دەوڵەت تۆڵە لە زیندانیانی نەخۆش دەکاتەوە
پارێزەر یوسف ئەردۆغان دەستنیشانی کرد، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی مردنی لەسەرخۆ لە دژی زیندانیانی سیاسیی نەخۆش پەیڕەو دەکات و بەو شێوەیەش تۆڵە لە زیندانیانی نەخۆش دەکاتەوە.
پارێزەر یوسف ئەردۆغان دەستنیشانی کرد، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی مردنی لەسەرخۆ لە دژی زیندانیانی سیاسیی نەخۆش پەیڕەو دەکات و بەو شێوەیەش تۆڵە لە زیندانیانی نەخۆش دەکاتەوە.
سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لەسەر زیندانیانی نەخۆش، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیندانیان. دواین جار هەریەک لە ئەحمەد بەیار، جەلال شەکەر، سەلاحەدین ئایتەک کە زیندانی نەخۆش بوون گیانیان لەدەستدا. چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش کۆچەر ئۆزدال بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە کە لە زینداندا تووشی بوو، چارەسەری بۆ نەکرا و گیانی لەدەستدا. ئەندامی کۆمسیۆنی زیندانیان لە ناوەندی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ 'ئیهادە' پارێزەر یوسف ئەردۆغان، لەسەر بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
http://anfnews.tv/files/1974-av-erdogan-devlet-hasta-tutsaklardan-intikam-alyor.mp4
لە زیندانەکانى تورکیا هەزار و ١٥٤ زیندانی نەخۆش هەیە
پارێزەر ئەردۆغان ئامارەکانی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨ی ئیهادی ئاشکرا کرد و وتی "لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا هەزار و ١٥٤ زیندانی نەخۆش هەن. لەو ژمارەیە بارودۆخی ٤٠٢ زیندانی سەختە و باش نییە. بەگوێرەی تۆماری فەرمی دەزگای پزیشکی دادوەریی، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا ٨٤١ زیندانیی ناو زیندانەکان نەخۆشی قورس و درێژخایەنیان لەگەڵدایە".
پارێزەر ئەردۆغان سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڵوێستی دەزگا دەوڵەتیەکان کە لە کاتی سەردانی ئەوان بۆ لای زینداییە نەخۆشەکان ئەنجامی دەدەن و وتی "دەزگای پزیشکی دادوەریی ڕاپۆرتی 'بارودۆخی تەندروستی زیندانییەکان باشە' دەدات، لە کاتێکدا کە زۆربەی زیندانییەکان تووشی نەخۆشیی بوون. ڕاپۆرتی بەو شێوەیە لایەنگیرییە و نابێت لەبەرچاو بگیرێن. لەبەرئەوەی دەزگای پزیشکی دادوەریی هەمیشە ڕاپۆرتی 'ئەم زیندانییە دەتوانێت لە زیندان بەردەوامیی بە ژیانی خۆی بدات' دەدات بە هەموو زیندانییەکان".
دەبێت زیندانیانی نەخۆش بە بێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن
پارێزەر یوسف ئەردۆغان ئاماژەی بە بارودۆخی کۆچەر ئۆزداڵ کرد کە پێش چەند ڕۆژێک ژیانی لەدەستدا و وتی "سەرەڕای ئەوەی کە تووشی نەخۆشی سەخت بوو بوو، چەندین دەزگای کۆمەڵگای مەدەنی بانگەوازیان کرد و داوای ئازادکردنی کۆچەر ئۆزداڵ یان دەکرد، بەڵام بە ماوەیەکی زۆر کەم پێش گیانلەدەستدانی بڕیاریاندا کە لە نەخۆشخانە دەست بە چارەسەرکردنی بکرێت، بەڵام ئیدی درەنگ بوو. دەوڵەت ئەم سیاسەتە هەمیشە بەردەوامیی پێ دەدات و دەزگا پەیوەندیدارەکان، بە گوێرەی ئەو سیاسەتە دەجوڵێنەوە. ماوەیەکی کەم پێش گیان لەدەستدانیان، ڕێگە دەدرێت کە زیدانییە نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە تەداوی بکرێن یان ئازاد دەکرێن. ئێمە داوا دەکەین کە زیندانیانی سیاسیی و زیندانیانی نەخۆش بێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێن".
دەوڵەت تۆڵە لە زیندانیانی سیاسیی دەکاتەوە
پارێزەر ئەردۆغان دەستنیشانی کرد، دەوڵەت سیاسەتی 'ئێمە هەتا مردنتان دەستان لێ بەرنادەین'، بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنێت و وتیشی "داسەپاندنی تەداوی بە کەلەپچەکراویی، بەهۆی ئەو سیاسەتەوەیە. لە نەخۆشخانە زیندانیانی نەخۆش گۆشەگیر دەکرێن. ئەوەش وەک ئامرازێکی تۆڵەکردنەوە لە زیندانیانی نەخۆش بەکاردەهێنن. تاکە هۆکارێکی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتیش ئەوەیە کە دەیەوێت تۆڵە لە زیندانیانی سیاسیی بکاتەوە".
خاوەنداری لە زیندانیانی نەخۆش بکەن
پارێزەر یوسف ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، دەوڵەت ئاگای لە بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش هەیە و وتیشی "لە ئێمە باشتر و زیاتر زانیاری لەبەردەستی دەوڵەتدا هەیە لەبارەی بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی و زیندانیانی نەخۆشەوە. ئەوەش سیاسەتی مردنە کە لە زووەوە بڵاوکراوەتەوە. پرسی زیندانیانی نەخۆش تەنها بە فشار لەسەر دەوڵەت چارەسەر نابێت، دەوڵەت دەیەوێت کە زیندانیانی نەخۆش گیانیان لەدەست بدەن".
وتیشی "بەداخەوە هەموو کەس تەماشای ئەو بارودۆخەی زیندانیانی نەخۆش دەکات؛ هەندێک دەزگا و ڕێکخراو هەوڵ دەدەن، بەڵام ئەوە بە تەنها بەس نییە. بۆیە ئێمە بانگ لە ڕای گشتیی دەکەین کە خاوەنداریی لە زیندانیانی نەخۆش بکەن. لەبەرئەوەی کە هەموو ڕۆژێک زیندانییەکی نەخۆش دەمرێت. هەموو ڕۆژێک زیندانیانی نەخۆش لەناو گۆشەگیریدان. ئێمە دەمانەوێت زیندانیانی نەخۆش چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت کە شایستەی شکۆی مرۆڤ بێت".
ر.م