چەند رۆژ لەوە پێش هاوپەیمانى بینا و سائیرون لە پەرلەمانى عێراق پرۆژەیەکیان بۆ کردنەدەرەوەى هێزە بیانییەکان لە عێراق ئامادە کردبوو. لە دواى رووداوەکەى شێلادزێ پشتیوانی لە پرۆژەکە زۆر یادیکردووە.
پرۆژەى کردنەدەرەوەى هێزە دەرەکییەکان لە عێراق لە ئێستاوە لەلایەن بەشێکى بەرچاو لە لایەنە سیاسییەکانەوە پشتیوانیى لێدەکرێت.
پەرلەمانتار بەهار محەمەد لە بزووتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، پشتیوانى لە پرۆژەکە دەکەن و داواشی لە حکومەتى ناوەندی کرد لە دژی هێرشەکان بێتە دەنگ.
بەهار محەمەد راشیگەیاند "دەبێت حکومەتى عێراق لە دژی هێرشەکان بێتە دەنگ. حکومەت لە ئاسایشی عێراق بەرپرسیارە و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەبێت بەرامبەر بە هێرشەکان بوەستێتەوە. هێرشی ئاسمانى هێرشە لە دژی سەربەخۆیى عێراق و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤیشە".
بەهار محەمەد باسی ئەوەشیکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بریى ئەوەى لە دژی هێرشەکان بوەستێتەوە پەکەکە دەکاتە بیانو و لەوبارەیەوە وتیشی "ئەگەریش بە قسەى ئەوان بێت، دیسانەوە ئەوە بەو مانایە نییە کە دەتوانن سەربەخۆیى وڵاتێک پێشێل بکەن و هێرشی دژە مرۆڤانە ئەنجام بدەن".
بەهار محەمەد ئەوەشی وت "کاتیک پەرلەمان کرایەوە داوا لە حکومەت و سەرۆک کۆمار دەکەین لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بوەستنەوە و هەڵوێستان هەبێت".
ئەو پەرلەمانتارەى بزووتنەوەى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد، پشتیوانى لە پرۆژە یاسای کردنەدەرەوەى هێزە دەرەکی و بیانییەکان لە عێراق دەکەن و راشیگەیاند، پشتیوانیکردن لەو پرۆژە یاسایە ئەرکێکى نیشتمانییە.
نەوەی نوێ داواى لە حکومەتى عێراق کرد
جوڵانەوەى نەوەی نوێ لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی گەل کە لە دژی داگیرکەری و بۆردومانەکان راپەڕیون راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى نەوەی نوێ دا هاتووە "لە دژی بۆردومانەکانى دەوڵەتى تورک لە هەرێمى بادینان، گەلی شێلادزێ راپەڕین، بەڵام بوونە ئامانجی گوشار و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک. ئەو هێرشانە شەهید و برینداریان لێکەوتەوە. ئەرکی هێزەکانى ئاسایش ئەوە نییە، کە هەڕەشە لە هاووڵاتییان بکەن، بەڵکو ئەرکیان پاراستنى هاووڵاتییانە. ئێمە داوا لە حکومەتى عێراق دەکەین کە سنوورەکانى هەرێم و هاووڵاتییان بپارێزێت، چونکە دەسەڵات مافی ژیانى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان ناپارێزێت و بۆ بەرژەوەندیى خۆی گوشار لە گەل دەکات".
پارتى رەنجدەران: سەربازگەکانى تورک هەڕەشەن
پارتى رەنجدەرانى کوردستان لەبارەى ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە دژی کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورک رایگەیاند "دەوڵەتى تورک وەک هەموو جارەکانى تر هێرشی کردە سەر گەل و هاووڵاتیانى کوشت. گەل کە کوژراوانى هاووڵاتییانى مەدەنیان قبوڵ نەکرد ئاگریان لە سەربازگەى تورکەکان بەردا. ئێمە دەوڵەتى تورک شەرمەزار دەکەین، چونکە هاووڵاتییانى مەدەنى دەکوژێت. بوونی سەربازگەکانى تورک لە هەرێم هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان".
لە راگەیاندراوەکەى پارتى رەنجدەرانى کوردستاندا ئەوەش هاتووە "سەربازگەکانى تورک سەربەخۆیى خاکی کوردستان و عێراقیان پێشێلکردووە. دەبێت تورکیا بە خێرایى هێزەکانى بکشێنێتەوە و لە بریى بۆردومان و تۆپباران بیر لە رێگاى ئاشتی و چارەسەری بکاتەوە".
ر.م