بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، چالاکیى مانگرتنى بێسنووری لەیلا گیوڤەن و ٢٨١ زیندانى تری سیاسی بەردەوامیى هەیە. یەکێک لە مانگرتووەکان وەیسی گولەری تەمەن ٢٥ ساڵە، کە لە زیندانى جۆری ئێڵی کالکاندەرەی پارێزگاى ریزەدایە و ماوەی ٣٥ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندایە.
حەیات گولەر دایکى وەیسی گولەر لەبارەى چالاکیى مانگرتنى کوڕەکەیەوە وتى، پێویستە دەنگی چالاکوانە مانگرتووەکان کە جەستەیان رووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە ببیسترێن. وتیشی، تا دوا هەناسە پاڵپشتی لە تێکۆشانی کوڕەکەى دەکات.
"کوڕەکەم هەموو کات لەلایەن دەوڵەتەوە کرابووە ئامانج"
حەیات گولەر دایکى وەیسی گولەر رایگەیاند، کوڕەکەى هەموو کات لەلایەن دەوڵەتەوە کرابووە ئامانج و وتی "کوڕەکەم ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەی پاسووری ئامەد لە دایکبوو. بەهۆی گوشارەکانى دەوڵەتەوە ناچاربووین کۆچ بۆ ئامەد بکەین. ژیانى وەیسی بە گشتی لە ئامەد تێپەڕی. وەیسی کاتێک بچووک بوو و لە پۆلی دووی ئامادەیدا لەلایەن دەوڵەتەوە کرایە ئامانج و گوشاری زۆری خرایەسەر و ٣ جار دەستگیرکرا. دوا جار کە کوڕەکەم دەستگیرکرا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو و سزای ٧ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند. لە ماوەى ئەو ٧ ساڵەدا بۆ چەندین زیندانی جۆراجۆر دوورخرایەوە. ئێستاش بۆ ئازادی جەستەى رووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە".
"کوڕەکەم و ٨ هەڤاڵی لە چالاکیى مانگرتندان"
حەیات گولەر ئاماژەى بەوەکرد، بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کوڕەکەى و ٨ هەڤاڵی لە زیندانى جۆری ئێڵی کاڵکاندەرەیى ریزەدا ماوەى ٣٥ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردان. راشیگەیاند "کوڕەکەم ساڵی ٢٠١٢ لە زیندانی میدیات بۆ ماوەى ٤٨ رۆژ بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ لە مانگرتنی بێسنووردا بوو. دواى ئەوەى گۆشەگیری تێکشکێنرا و لەسەر بانگەوازی رێبەر ئاپۆ کۆتایى بە مانگرتنەکەى هێنا. ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە ٢٨١ زیندانی و لە سەرتاسەری دونیادا هەڤاڵەکانمان لە چالاکیى مانگرتندان. کوڕەکەى من و ٨ هەڤاڵی ماوەى ٣٥ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردان. پشت بە خوا ئێمە سەردەکەوین، چونکە ئێمە مافدارین".
"زیندانیان پێداگرن لە چالاکییەکەیان"
حەیات گولەر باسی قسەکانى خۆی لەگەڵ کوڕەکەى کرد و رایگەیاند، کوڕەکەى بە تەلەفون پێى وتوە "دایە خەمت نەبێت ئێمە باشین. چالاکییەکەمان لێرە بە پێداگری و بڕیارمەندییەوە بەردەوامە. پێمان مەڵی دەست لە چالاکییەکەمان هەڵگرین. ئەگەر هاوڕێمان لەیلا گیوڤەن جەستەى خستووەتە ژێر مانگرتنەوە ئەوا دەبێت هەموو کەس باش بزانێت، کە ئەوە چ مانایەکى هەیە. تاوەکو داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکەمان".
دایە گولەر ئەوەشی وت "پێویستە پەیامی کوڕەکەم لەلایەن هەموو کەسێکەوە تێگەیشتنێکى باشی لەسەر دروست ببێت و بە باشی لێى تێبگەن".
"پێویستە بۆ ئارامیى تورکیا کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت"
دایە گولەر لە کۆتایى قسەکانیدا داوای لە دایکانى کورد و تورک کرد وتی "گۆشەگیریى قورسی سەر رێبەر ئاپۆ بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. کوردان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری جەستەی خۆیان رووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە. دەبێت ئەو دەنگەى کوردان ببیسترێت. با دایکانى تورکیش دەستبەکار ببن. گۆشەگیری دژ بە هەموو کەسێکە. بۆ ئاشتی و ئارامیى لە وڵاتدا دەبێت گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ کۆتایى پێبهێنرێت و رێگای دیالۆگ بکرێتەوە".
ر.م