چالاکوانانی ڕۆژهەڵات لە ٤٠هەمین ساڵی شۆڕشی گەلانی ئێراندا پێداگری لەسەر داخوازییەکانیان دەکەن

چالاکوانانى رۆژهەڵاتى کوردستان رایانگەیاند، شۆڕشی گەلانى ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بە ئامانجەکانى خۆی نەگەیشتووە، بۆیە پێویستە شۆڕشێکى تر ئەنجام بدرێت.

دووچالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی ٤٠هەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ئاژنسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیانکرد و تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بە سەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا هێشتا داخوازیەکانی گەلان پێکنەهاتووە و ڕاشیانگەیاند "دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هیچ جیاوازی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی داگیرکەرانی کوردستان دا نییە، دەبێت گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشەداری هەڵمەتی ئیدی بەسە دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بکات".

٤٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا تێدەپەرێت، سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای شۆڕش و ڕاپەرینی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەداگرتوو، هاوشێوەی سیستمی پادشایەتی پێش خۆی بەردەوام بوو لە چەوسانەوەی گەلان. گەلانی ئێران لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ مان هیچ کاتێک ئەو سیستمیان قبوڵ نەکردووە، هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر لە دژی ئەو سیستمە لە ناو ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن دا بوون، بەتایبەت ماوە زیاتر لە ساڵێکە گەلانی ئێران بێوچانن لە تێکۆشان. چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئێستادا لەبەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان نیشتەجێن سەبارەت بە ٤٠هەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

 

ڕێناس زاگرۆس کە باوکی شەهیدێکە لەسەرەتای قسەکانی بەم جۆرە پێناسەی ئەو شۆڕشە دەکات "ئەمڕۆ ٤٠هەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێرانە، کە ئەمڕۆ بەناوی کۆماری سێدارە ئیسلامییەوە شکڵی گرتووە. لە بنەمادا ئەو شۆڕشە دژی سەڵتەنەتی پەهلەوی و سیستمی پادشایەتی ئێران، گەلانی ئێران ڕاپەرین و ئەو نیزامەیان هەڵوەشاندەوە".

لەبەردەوامی قسەکانی دا ئەوەشی وت "دوای شۆڕشی ١٣٥٧ هەتاوی (١٩٧٩ زایینی) کە گەلانی ئێران بە ڕەنجی خۆیان لە دژی سیستمی پادشایەتی ڕاپەڕین، سیستمی ویلایەتی فەقێ هات و هەموو ئازادییەکانیان لە گەلانی ئیران زەوت کرد".

ناوبراو وتیشی" دەبینین کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوازەکانی سەرکوتکردن هێرشی گەلان بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی کردووە. بە هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز، فەعالی سیاسی، چالاکوانی ژینگەیی دەستگیرکردووە و لە زیندانەکاندا بە کوشتن و ئەشکەنجە و سێدارە هەوڵی داوە هەموو دەنگە ئازادەکان بێ دەنگ بکات".

رێناس زاگرۆس ئاماژەی بەوە کرد "شەهیدان فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان کە پێشەنگی تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد بوون و پێشەنگایەتیی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانییان دەکرد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ساڵی ٢٠١٠ لە سێدارە دران. کۆماری ئیسلامی بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمانیان هاوشێوەی شیرین و فەرزاد و فەرهاد عەلی لەسێدارە داوە".

"کۆماری ئیسلامی دژی هەموو ئازادیخوازێکە"

لە بەشێکی تری قسەکانی دا ڕێناس زاگرۆس باسی لە سیستمی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران دەکات و دەڵێت "سیستمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی سیستمێکە کە لە دژی هەبوونی هەموو ئازادیخوازێکە، هەر لەکاتی هاتنە سەرکاری سیستمی ویلایەتی فەقێ بە فتوای خومەینی، فتوای جیهاد دژی کوردستان و گروپە چەپگرە شۆڕشگێرەکان و هەموو هەڵسوڕاوە ئازادیخوازەکان دەستی پێکرد. دەبوایە هەر لە سەرەتاوە گەلانی ئێران لە دژی ئەم سیستمە تێکۆشانێکی بەرزیان بەڕێوە ببردایە".

کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی هەڵوەشانەوەدایە

ناو براو وتیشی "لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەدایە. ئێمە بینیمان کە پێش زیاتر لە ساڵێک لە شارستانەکانی ئێران شۆڕشی گەلانی ئێران لە مەشهەدەوە دەستی پێکرد. ئەو شۆڕشە هەتە ئێستاش بە ناڕەزایەتی و مانگرتن و ڕێپێوان بەردەوامە".

ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو "زیاتر لە ساڵێک بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی تێپەڕی، کۆماری سێدارەی ئیسلامیش بۆ مانەوەی خۆی هەرجۆرە سیاسەتێکی سەرکوتکردن بەڕێوەدەبات، بە دەیان هەزار کەسی شۆڕشگێر و قارەمانی گەلانی ئێرانی لە زیندانەکانیدا بەند کردووە، سیاسەتی چەپەڵانەی کۆماری سێدارەی ئیسلامی کە لە زینداندا بەڕێوەی دەبات سیاسەتێکە دژی هەموو بەها ئەخلاقییەکانە، کۆماری سێدارەی ئیسلامی بە سەدان کەسیان لە زیندانەکاندا بە ئەشکەنجە یان لە سێدارەدان کوشتووە و دواتریش وای نیشاندەدا کە ئەو کەسانە خۆیانکوشتووە. ئەوە ڕاست نییە و هیچیەک لە شۆڕشگێرانی ناو زیندانەکاندا ئامادەنییە خۆکوژی بکات.

بەبێ گەلی کورد هیچ گەلێک ناتوانێت ئازاد بژی

ئەو باوکی شەهیدە ئەوەشی  وت "دەبێت کۆماری سێدارەی ئێران ئەوە باش بزانێت کە گەلی کورد گەلێکی ئازادیخواز و کۆڵنەدەرە، دەبێت ئەوە بزانێت کە گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و ئاسایش و ئارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیرادەی گەلی کوردەوە بەندە".

ئەو چالاکوانە لە کۆتایی قسەکانی دا وتی "لە ئێستادا کۆماری سێدارەی ئیسلامی بەرەو هەڵوەشاندن دەچێت و ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر و ڕەوشی ناخۆی وڵاتیش هیچ باش نییە. بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک پێشنیاز کراوە، پێویستە گەلی کورد پێشەنگایەتی هەموو گەلانی ئێران بکات بۆ بونیادنانی سیستمێکی ئازاد و دیمووکراتیک. هەر بۆیە بانگەوازی لە هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەم کە بەشداری هەڵمەتی ئیدی بەسە ببن و کۆتایی بە سیستمی سێدارە و کوشتن و کۆیلەکردنی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بهێنین، هیوادارم لە زووترین کاتدا خۆمان لە ناو سیستمێکی کۆنفیدڕاڵی دیمووکراتیکدا ببینینەوە".

شۆڕشی گەلانی ئێران ئامانجی خۆی نە پێکا هەر بۆیە پێویستی بە شۆڕشێکی دیکە هەیە

هێمن سنە چالاکوانێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەم وەک برای شەهید و هەم وەک چالاکوانێک شۆڕشی گەلانی ئێرانی بەم شێوەیە پێناسە دەکات "دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ دا کە شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد، قۆناغێکی نوێ هاتە ئاراوە، هەموو گەلان چاوەڕی ئەوەیان دەکرد، کە دوای ڕووخاندنی سیستمی پادشایەتی ئیتر لە چەوسانە ڕزگاریان دەبێت و بە ماف و ئازادیەکانیان دەگەن، بەڵام بەداخەوە شۆڕشی گەلانی ئێران ئامانجی خۆی نە پێکا. تەنها هۆکاری ئەوەی کە لەو قۆناغەدا ئەو شۆڕشە لەژێر دەستی گەلانی ئێران دەرهێنرا، نەبوونی یەکێتیی نێوان هەموو گەلانی ئێران بوو کە وایکرد کۆماری ئیسلامی وەکو حوکمەتێکی ئاخوندی توانیی دەست بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا بگرێت و خۆی بکاتە خاوەنی ئەو شۆڕشە".

 

لە بەردەوامی قسەکانی دا هێمن دەڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت هێزی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنیت، هەر جۆرە سیاسەتێکی پیس و سیاسەتی دوور لەڕاستی بەناوی مەزهەبگەراییەوە پەیرەو دەکات، بەمەش دووبەرەکی دەخاتە ناو هەموو ئەتنیک و دین و پێکهاتەکانی کۆمەڵگاوە".

ئەو چالاکوانە تیشک دەخاتە سەر خالی لاوازی گەلی کورد و دەڵێت "لە کوردستاندا لە بەر نەبوونی هێزێکی تۆکمە، نەبوونی ئەو باوەڕیەی کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و هەموو باوەڕیەکان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە هێزی ئەوە نەبوو کە بتوانێت هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. ئەمە خاڵێکی لاوازی گەلەکەمان بوو لە ڕابردوودا".

پارتە سیاسییەکانی ئەو کاتە نەیان توانی ڕێگری لە سیاسەتی دوژمن بکەن

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا هێمن سنە چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کرد و وتی "لەو قۆناغەدا ئەو پارتە سیاسییانەی کە هەبوون یان لەو سەردەمەدا دروست بوون نەیان توانی ڕێگری لە سیاسەتی چەپەڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن. بەدەر لەوەش کە نەیان توانی کۆمەڵگا بپارێزن کۆماری ئیسلامی توانیی ناکۆکی بخاتە نێوان ئەو حیزبانەوە. لەبەر ئەم هۆیە بوو کە لە ئێستادا گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرۆژەی دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگا بونیاد دەنێن.

وتیشی" ئەگەر چاوێک لە مێژووی کۆماری ئیسلامی بکەین بێگوومان دەبینین کە قڕکردن، لەناوبردن، دووبەرەکی نانەوە لە نێوان هەموو گەلانی ئێران پێشینەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو".

 لەبەر نەبوونی یەکڕیزی گەلانی ئێران سەرهەڵدانەکان سەرکوت کران

لە کۆتایی قسەکانی دا هێمن سنە خاڵی چارەسەری بۆ گەلانی ئێران دەخاتە ڕوو و دەڵێت، گەلانی ئێران تەنها دەتوانن بە یەکگرتن سەر بکەون، ناو براو بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دەدات "چەندین جار گەلانی ئێران سەرهەڵدان و ڕاپەرینیان لە ئاستی شۆڕشدا بەرپاکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناو خۆیاندا یەکڕیز نەبوون، یەکێتی بەهێزی گەلانی ئێرانیان پێکنەهێنا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت کران.

ئەو چالاکوانە بانگەواز بۆ یەکێتیی گەلانی ئێران دەکات و دەڵێت" پێویستە گەلانی ئێران بە باوەڕییەکی بە هێزەوە بە یەکێتیەکی گەورەوە ئیرادەی خۆیان دروستکەن، دەبێت پارتە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا بتوانن وەڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە. دەبێت ئیتر نە هێڵین کە ئەزموون کۆنەکان دووبارە ببنەوە، هەر بۆیە لە ئێستادا کە هەڵمەتی ئیدی بەسە لەلایەن ئازادیخوازانەوە دەستی پێکردووە، من بانگەوازی لە هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەم، کە بەشداری ئەو هەڵمەتە ببنن و هەمووان پێکەوە ڕیگڕی لە هەر جۆرە سیاسەتێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین و بڵێین، ئیدی بەسە کوشتن و لە سێدارە دان و داگیرکردنی ئیرادەمان.

ر.م