چەکیان لەسەر سەری بولوتەکین دانا و دەستگیریان کرد

فیلیز بولوتەکین هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی سووری ئامەد لە ماڵەکەی دەستگیرکرا. پۆلیسی تورک هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانی. لە کاتی دەستگیرکردندا پۆلیس چەکی لەسەر سەری بولوکەتین دانا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی تورک هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانی سووری ئامەد. لە بالەخانەکەدا پشکنین بەردەوامە. پۆلیسی تورک هەروەها هەڵیانکوتایە سەر ماڵی فیلیز بولوتەکین هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی سووری ئامەد و ییڵماز ئەکەن ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ناوچەی سوور.

بولوتەکین و ئەکەن لە ئەنجامی پشکنین لە ماڵەکانیاندا دەستگیرکران و بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئامەد گواسترانەوە.

پشکنینی پۆلیسی تورک لە باڵەخانەی شارەوانی بەردەوامە

چەکیان لەسەر سەری بولوتەکین دانا

سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە ڕایگەیاند، لە کاتی دەستگیرکردندا هێزەکانی پۆلیس چەکیان لەسەر سەری فیلیز بولوتەکین هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی سووریان دانا.

ئایدەنیز وتی، "لە کاتی دەستگیرکردندا فیلیز بولوتەکین هاوسەرۆکی شارەوانیان دەمەوڕوو لەسەر زەوی پالیان خستووە و چەکیان لەسەر سەری داناوە."

هەروەها ڕایگەیاند، " لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوتن و دەیانەوێت بەم شێوەیە تۆڵە لە کاندیدەکانمان بکەنەوە. پێویستە لەبیرنەکەن، هیچ کاتێک ناتوانن شارەوانیەکان بەدەست بهێنن."

ف.ق