پاش ئهوهی ڕۆژی ٢٥ی ئاب\٣ی خهرمانان له كاتی كوژاندنهوهی ئاگری دارستانهكانی شاری مهریوانی ڕۆژههڵاتی كوردستان كه بههۆی تۆپبارانی سوپای پاسداران كهوتبووهوه، ٤ ژینگهپارێز به ناوهكانی شەریف باجوەر، ئومێد كۆنهپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی شههید بوون، كاردانهوهكان له ڕۆژههڵاتی كوردستان پهره دهسێنن.
لهو چوارچێوهیهدا ڕێكخراوه مهدهنییهكانی مهریوان ڕاگهیهنراوێكیان بڵاوكردهوه و ئاماژهیان بۆ ئهوه كردووه، ئهو ژینگهپارێزانه له ئەندامە هەرە چالاکەکانی بواری مەدەنی و ژینگەپارێزیی مەریوان بوون. ڕێكخراوهكان ڕاشیانگهیاندووه، «گیان بەخت کردنی ئەم هاوڕێیانەمان بە دڵنییایەوە چالاکیی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە کوردستاندا ناوەستێنێت.»
«ئاخۆ ئەم ئاگر و سووتاندنی چیا و دارستانی کوردستان تا کەی درێژەی دەبێت؟ بۆچی هۆکارەکانی ئەم کاولکارییە بۆ خەڵک ئاشکرا ناکرێت؟ بۆ دەسەڵات خۆی لە ئاست پاراستنی ژینگە بە بەرپرس نازانێت و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان بە پرسی خۆی نازانێت؟»
ئهو رێكخراوانه داوا له لایهنه پهیوهندیدارهكان دهكهن بۆ ڕای گشتی ڕوون بكهنهوه كه ئهم ٤ ژینگهپارێزه بۆچی شههید بوون.
دهقی ڕاگهیهنراوی ڕێكخراوهكانی مهریوان:
«نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین
بەیانییەی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بۆ کارەساتی گیان بەخت کردنی هاوڕێیانی ژینگەپارێز
هەواڵێکی کورت هەموومانی هەژاند: رۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئاواییی سەڵەسی لە باکووری مەریوان، شەریف و ئومێد لە چالاکترین ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لەگەڵ دوو کەس لە ئەندامانی دایەرەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەریوان بەرێزان ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی لە ڕووداوێکی نادیار و گوماناویدا گیانیان بەخت کرد.
کاک شەریف باجوەر و کاک ئومێد حسەینزادە لە ئەندامە هەرە چالاکەکانی بواری مەدەنی و ژینگەپارێزیی مەریوان بوون. ئەو هاوڕێیانە نەک هەر پێشەنگی ژینگە پارێزیی مەریوان بوون، بەڵکوو لە هەموو پرسە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا هەڵسووراوێکی دڵسۆز بوون و خەمی کوردستانیان لە کۆڵ گرتبوو. کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان شاهیدی پێشڕەو بوونی ئەو دوو هاوڕێیە بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو بوو. بۆیە ئێستا نەک هەر دارستانەکانی مەریوان، نەک هەر جەماوەری ناوچەی مەریوان بەڵکوو هەموو پارێزگاکانی کوردوستان خەمبار و تازییەباری ئەو هاورێ شەهیدانەمانن.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان!
گیان بەخت کردنی ئەم هاوڕێیانەمان بە دڵنییایەوە چالاکیی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە کوردستاندا ناوەستێنێت، بەڵام ئاخۆ ئەم ئاگر و سووتاندنی چیا و دارستانی کوردستان تا کەی درێژەی دەبێت؟ بۆچی هۆکارەکانی ئەم کاولکارییە بۆ خەڵک ئاشکرا ناکرێت؟ بۆ دەسەڵات خۆی لە ئاست پاراستنی ژینگە بە بەرپرس نازانێت و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان بە پرسی خۆی نازانێت؟
هەر وەها هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرت باس لە گیان لەدەستدانی ئەو هاوڕێیانە بە هۆی تەقینەوەوە دەکەن، ئێمە هاوکات کە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر چۆنییەتیی شەهید بوونی ئەم هاوڕێیانە راستییەکانی ئەم رووداوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن، پرسیار دەکەین بۆچی دەبێت تەقەمەنی لە شوێنێکی نیزیک شار و لە شوێنی هاتوچووی هاووڵاتییاندا بێت؟
رێکخراوە مەدەنییەکانیی مەریوان بە بۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو ئازیزانە و هەموو خەڵکی کوردستان دەکات و بە جێی خۆی دەزانێت بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەم هاوڕێ شەهیدانە، ٣ی خەرمانان بە رۆژی ژینگەپارێز ناودێر بکات.
ئەم کۆستەی ئەم جارەمان ئەگەرچی خەسارێکی گەورەی لە ڕەوتی مەدەنی و فەرهەنگی وڵاتەکەمان داوە بەڵام دڵنیاین لاوانی دڵسۆزی وڵات رێگای شەریف و ئومید بەگوڕتر لە جاران درێژە دەدەن.
یادیان سەوز و رێگایان پڕ رێبوار»
s.m