ژنانی مەخمور لە دژی توندوتیژی خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا

بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ژنان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەکە لەبەردەم دەزگای بنەماڵەی شەهیدانی کەمپەکە دەستیپێکرد بەر بە دەرگای پارکی شەهید زەهرا پەنابەر بەردەوام بوو، تێیدا ئاڵاکانی پەکەکە، کەجەکە، یەپەگە، یەپەژە، یەژاستار، کەژەکە بەرزکرابوونەوەو پانکاردی نوسراو"نا بۆ توندوتیژی سەر ژنان، بەفەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژن لەبەرامبەر دەسەلاتداری پیاو تێدەکۆشێت، بەرخۆدان بکە و سەربکەوە ژن، ژیانێکی ئازاد بژی،" بەرزکرابوونەوە.

پاشان بەیاننامەی ئەنجوومەنی عەشتار لەلایەن ڕۆهەیڤ عەفرین ئەندامی کەوانەی زێڕین خوێندرایەوە، کەلە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە:

"لە مێژوودا هەندێک کات هەیە کە مرۆڤ لاشەی خۆی کردووەتە قەڵغان و بە تێکۆشان مێژووی ئازادی نوسیوەتەوە، زۆر ژنی ئازا و تێکۆشەر سەرەڕای هەموو زەحمەتیەکان بە تیکۆشانی خۆیان زیهنیەتی پیاوی دەسەڵاتداریان تێکشکاندووە.

لەهەمانکاتدا چەندین ژنی فەیلەسووف، زاناو ڕۆشنبیر، شەڕکەر، خوڵقێنەر ڕووبەڕووی توندوتیژی بوون و بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران، تا ئێستاش ئەو زیهنیەتە لەهەندێک ناوچەی جیهان بەردەوامە، بەڵام باشبزانرێت تێکۆشانی مێژوویی ژن ئەو زیهنیەتی دەسەڵاتدارو دڕندانە ڕیشەکێش دەکات و ژن ئازاد دەبێت".

ف.ق