کاسبکارانى جزیر: بەبێ ئاشتی و ئارامی قەیرانی ئابووری چارەسەر نابێت
کاسبکارانى جزیر بە هۆی قەیرانى ئابوورییەوە پشتیان شکاوە و ناڕەزایەتییان لە دژی دەسەڵات نیشاندا و رایانگەیاند، بۆ ئەوەى قەیران کۆتایى پێ بێت دەبێت ئاشتى و ئارامی بەدی بێت.
کاسبکارانى جزیر بە هۆی قەیرانى ئابوورییەوە پشتیان شکاوە و ناڕەزایەتییان لە دژی دەسەڵات نیشاندا و رایانگەیاند، بۆ ئەوەى قەیران کۆتایى پێ بێت دەبێت ئاشتى و ئارامی بەدی بێت.
سەرباری ئەوەى حکومەت یەک لەسەر یەک راگەیاندراو بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "قەیران بوونی نییە"، بەڵام قەیرانەکە رۆژ لە دواى رۆژ کاریگەریى زۆر لەسەر هاووڵاتییانى کەمدەرامەت دروست دەکات. هاووڵاتییان ناتوانن بە ئاسانی بژێویى ژیانى خۆیان دابین بکەن و کاسبکارانیش ناتوانن بە ئاسانى کار و کاسبی بکەن.
ساڵح ئەریک فرۆشگەى جلوبەرگی هەیە و ماوەى ١٥ ساڵە سەرقاڵی کاسبییە و رایگەیاند، لە ماوەى کاسبییەکەیدا ٣ قەیرانى بینیوە، بەڵام ئەم قەیرانەى دوایى قورسترین قەیرانە و راشیگەیاند "ئێستا من بە زۆر کاسبیم پێدەکرێت. هەندێکجار بەبێ ئەوەى شتێک بفرۆشم لە بەیانى تا ئێوارە لە فرۆشگەکەمدا دەمێنمەوە و ئێوارە بە دەستى بەتاڵ دەچمەوە ماڵەوە. بابەتى قەشەکە (برۆنسۆن) بۆ فریودان و شاردنەوەى قەیرانەکە بوو. دەیانخواست قەیرانەکە بشارنەوە. ئەوەى روودەدات کاریگەری لە کۆمەڵگە دەکات، بۆیە پێویستە ئیتر کۆمەڵگە هۆشیار بێت".
ئەریک ئەوەشی وت، نزیکبوونەتەوە لە داخستنى دوکانەکانیان و وتی "دەڵێن، سەدا ١٠ داهات کەمیکردووە، بەڵام راست ناکەن ئەوە تەنها بەپێ پسووڵەى کارەبا و غاز زۆر زیاترە، قسەکردنى لەو جۆرە شەرمە، گوناحە. ئەگەر ئەمە دەوڵەتە دەبێت ئەرکی دەوڵەتبوونەکەى ئەنجام بدات. دەبێت لە دۆخ و گوزەرانى ژیانى کرێکاران و رەنجدەران تێبگات".
ئەریک باسی ئەوەشیکرد "هۆکاری سەرەکیى قەیرانە ئابوورییەکە لە ناوچەکەدا شەڕە و تاوەکو ئاشتی بەدی نەیەت قەیرانەکەش چارەسەر نابێت".
شەرەف ئاڵتونی تەمەن ٣٥ ساڵ خواردنگەى هەیە و رایگەیاند، ئیتر ناتوانێت درێژە بە کارەکەى بدات. راشیگەیاند "دۆخی پێش جەژنی قوربان و ئێستا زۆر زۆر لە یەکتر جیان، چونکە ئەو خۆراک و کەلەوپەلانى دەیکڕن چەند هێندە نرخیان بەرزبووەتەوە".
ئاڵتون پسووڵەکان و قەرزەکانى پیشان داین و وتی "ئێستا بەهای کیلۆیەک چا بووەتە ٣٣ لیرەى تورکی (نزیکەى ٨ هەزار دینار)، بەهای کلیۆک چای کیس لە ٦ لیرەى تورکییەوە (هەزار و ٥٠٠ دینار) بووە بە ١٦ لیرەی تورکی (٣ هەزار و ٨٠٠ دینار). بەهای کارەبا و گاز زۆر زیادیان کردووە. باشە مرۆڤ بەو حاڵەوە چۆن دەتوانێت بژێویى ژیانى خۆی دابین بکات. من ناتوانم بژێویى ژیانى خۆم دابین بکەم. هاوسەرەکەم و منداڵەکانیشم کار دەکەن و ئەگەر ئەوان نەبوونایە نەمدەزانى چی بکەم".
ر.م