کاڵکان: سەردەمی رێککەوتنی ئەدەنە بەسەر چووە

دوران کاڵکان رایگەیاند، رێککەوتنى ئەدەنە رێککەوتنێک بوو بۆ ئەنجامدانى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى. راشیگەیاند "ناوەرۆک و سەردەمی رێککەوتنى ئەدەنە کۆتایى پێهاتووە و دەیانەوێت سەرلەنوێ زیندوی بکەنەوە، بەڵام ئەو سەردەم و هەلومەرجە بەسەر چووە".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە بەرنامەى "ئولکەدەن - Ulkeden" لە کەناڵی ئاسمانیى میدیا هەبەر دا رایگەیاند، لێیان روون نییە، کە ریککەوتنى ئەدەنە تا چ رادەیەک بە دڵی رووسیایە، بەڵام ئەوە دەزانن کە ئەوە داواى تورکیایە. میدیاى تورکیا هەوڵ دەدات بواری بۆ بڕەخسێنێت و راشیگەیاند "ئەو کارە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەردۆغان و بەڕێوەبەریی ئەسەد لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە. لەبەر ئەوەی سوکایەتیى زۆر قورسیان بە یەکتر کردووە، لە هەوڵدان بوار بۆ پاشگەزبوونەوەى خۆش بکەن".

کاڵکان سەرنجی خستەسەر رێککەوتنى ئەدەنە، کە لە چاوپێکەوتنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و ڤلادمیر پوتین سەرۆکی رووسیا بوو بە رۆژەڤ و وتی، رێککەوتنى ئەدەنە ریککەوتنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە.

پێویستە رووسیا جدی بێت

کاڵکان بۆ رووسیا وتى "لەلایەکەوە لەگەڵ کوردانى ئازادیخوازدا دادەنیشێت، گوایە هانی ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوبەریى ئەسەد دا دەدات، بەڵام لە لایەکى ترەوە لەگەڵ تورکیا رێککەوتنى ئەدەنە دەخاتە رۆژەڤەوە. دەبێت رووسیا جدی بێت. هەروەها دەبێت هەستیار و ئاگادار بیت. لە راستیدا، ئێمە بەهامان پێداوە و لە دژی ئەوە نین، کە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەرێمەکانى تردا ببێتە هێز. بەڵام ئەو نزیکایەتییانەى کە بیر لە بەرژەوەندیى هەرزان دەکاتەوە و کەسەکان دەکات بە گژی یەکتردا و هەوڵ دەدات لەو ئاڵۆزییە سوود وەربگرێت، نزیکایەتییەکی راست نییە".

رێککەوتنى ئەدەنە سوریاى بەم حاڵەى ئێستای گەیاند

کاڵکان وتیشی "رێککەوتنى ئەدەنە سوریاى بە حاڵەى ئێستاى گەیاند. دەوڵەتى سوریا هیچ لێ نەماوەتەوە. ئێمە هەموویمان بینی کە سوریا چیى بەسەر هاتووە. ئەوەى رێگای بۆ روودانى ئەو دۆخە خۆشکرد، رێککەوتنى ئەدەنە بوو. ئەگەر بەڕێوەبەریى ئەسەد لەوە تێنگەن ئەوا ئەو کاتە کوێرن و هیچ لە سیاسەت نازانن، بەڵام لەو بڕویەدا نیم کە تێنەگەن. بەڕێوەبەرانى سوریا ژیرن، سیاسەت لە دیمەشق (شام) دا کارێکى ئاسان نییە. لە رووی مێژووییە ناوەندێکى بەڕێوەبردنە. بەڕێوەبەرانى ئێستاى سوریاش خاوەنی راستییەکى لەو جۆرەن. فێربوون و تێگەیشتوون ئەوەى کە بەسەریاندا هات بەهۆی رێککەوتنى ئەدەنە و بەهۆی پەیوەندییان بوو لەگەڵ کۆماری تورکیادا".

ئەوەى کۆتایى پێهاتووە نابێت سەرلەنوێ بەکار بهێنرێتەوە

کاڵکان وتى "ساڵی ٩٨ رێبەر ئاپۆ لە سوریا چووە دەرەوە. سوریا لەسەر بنەماى رێککەوتنى ئەدەنە لەگەڵ تورکیا رێککەوت و ئەوەش سوریای بەم حاڵ و دۆخەى ئێستا گەیاند. ئەوەش روون و ئاشکرایە. یانی لەبەرئەوەى سوریا بەم حاڵە گەیشتووە و رووسیا بەهێز بووە و کاریگەریى رووسیا لەسەر سوریا زیادیکردووە، رووسیا هاتووە ئەو بابەتەى کردووە بە رۆژەڤ. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەڕێوەبەرانى سوریا ئەوە قبوڵ ناکەن و جارێکیتر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو رێککەوتنە. خۆی هەر ٢٠ ساڵ بەسەر ریککەوتنەکەدا تێپەڕیوە و زۆر شت بەسەرچووە و پووچ بوونەتەوە. ٨ ساڵە لە سوریا شەڕ هەیە، پارچە پارچە بووە. لە سوریا هەموو شتێک تێکچووە. بە کردەوە بووە بە ٣ بەش. دۆخی ئێستا و ئەو بارودۆخەى کە رێککەوتنى ئەدەنەى تیادا واژۆ کرا بە هیچ شێوەیەک لە یەکتر ناچن، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەوەى بەسەرچووە، ئێستا هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ بەکاری بهێننەوە. ئێمە نازانین ئەوە تا چ رادەیەک بە دڵی رووسیا دەبێت، بەڵام ئەوە دەزانین کە لەسەر داواى تورکیا بووە. میدیاکانى تورکیا هەڵ دەدەن بوارێکی بۆ بڕەخسێنن تاوەکو تەیب ئەردۆغان و بەڕێوەبەریى ئەسەد پێکەوە دانیشتن ئەنجام بدەن. لەبەر ئەوەی زۆر سوکایەتیى قورسیان بە یەکتر کردووە و بۆ ئەوەى بتوانن پاشگەزببنەوە، لە هەوڵی ئەوەدان بوارەکە بڕەخسێنن، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم کە ئەوە کاریگەری لە بەڕێوەبەریى سوریا بکات، چونکە ئەوان هێشتا ژیرانە دەجوڵێنەوە. ئەو قۆناغ و سەردەمە ئیتر تێپەڕیوە. ناوەرۆکى رێککەوتنى ئەدەنە کۆتایى پێهاتووە".

نوێکردنەوەى رێککەوتنەکە کارەساتى لێدەکەوێتەوە

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، ئەنجامدانى رێککەوتنى ئەدەنە بە مانای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى شەڕە لە سوریا هەر وەک ئەوەى لەم ٨ ساڵەدا روویدا. ئەوە بۆ بەڕێوەبەریى سوریا دەبێتە کارەسات، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو رێککەوتنە ئەنجام بدرێت و ناشبێت ئەنجامیش بدرێت.

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، بە تایبەتى لە رۆژهەڵاتى فورات دا پەیوەندیى کورد – عەرەب گەیشتووەتە ئاستێکى باش و لەگەڵ گەلانى تردا سیستمێکى دیموکراتیک دروستکراوە. ئەوە روون و بەرچاوە، کە ئەو سیستمە تا چ رادەیەک رێگا بۆ یەکگرتن و بەهێزبوون دەئافرێنێت.

کاڵکان وتی "ئێمە هیوادارین هەموو هێزە عەرەبەکان، عەشیرەکان، پارتی و بەڕێوەبەرەکانیان ئەو راستییانە بە باشی ببینن. هیودارم زۆر گوێ بە بەرژەوەندیى هەرزان و کاریگەریى دەرەوەى نەدەن، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە نزیکایەتیى لەمجۆرەی دیموکراتیک، هێژایە و چارەسەرییەکى بەو شێوەیە بئافرێنن، چونکە خۆی لە خۆیدا ئەوانى تر و ئەوەى تورکیا دەیسەپێنێت شەڕە. هێزەکانى تر هەوڵ دەدەن رێگا بۆ شەڕ بکەنەوە. خۆی ئەوەى کە دەبێت ئێستا ئەنجام بدرێت ئەوەیە، کە رێککەوتن و هاوپەیمانییەکى گشتى ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەى تورکیا لەو ناوچانە بکرێتە دەرەوە، کە داگیریکردوون".

ر.م