کاتژمێر ۰۲:٤٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بومەلەرزەیەکی بەهێز کەوتوەتەوە و بەشێکی زۆری پارێزگای کرماشان ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەراندوەتەوە و لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانی باشوری کوردستانیش هەستی پێکراوە. لەرزەنگاری جیهانیی و ئێرانیش ڕایگەیاندوە: چەقی بومەلەرزەکەی ناوچەی نزیک شارۆچکەی تازەئاوای ناوچەی سەلاس و باوەجانی پارێزگای کرماشان بووە و لەقوڵایی ١٠ کیلۆمەتردا بە گوڕی ٦.٣ پلە بەپێوەری ڕیختەر ڕوویداوە.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی کرماشان، بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە تازەئاوای سەلاس و باوەجانی، جوانڕۆ، سەرپێلی زەهاو، ئەزگڵە، قەسرشیرین، داڵەهۆ و گوندەکانیان زیانی گیانی و مادی هەبووە و ئامارە سەرەتاییەکان باس لە گیان لەدەستەدانی ۲ کەس و برینداربوونی ۲٤۰ کەسی دیکە دەکەن. هاوکات بەهۆی لەرینەکەوە، ژمارەیەکی زۆر خانوبەرەی هاوڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە و تەزوی کارەبا لە بەشێک ناوچە بومەلەرزە-لێدراوەکان بڕاوە. ڕاگەیەندرا، دوای بومەلەرزەکەش نزیکەی ۲۰ جاری دیکە لەرینەوەی زەوی بەگوڕی کەمتر ڕوویانداوەتەوە.
شایانی باسە، شەوی ١٢ی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووش بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٣ پلە بە پێوەری ڕیختەر بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی هەژاندبوو و لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەستی پێکرا بوو. بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەدان هاوڵاتی گیانیان لەدەستدابوو و بە هەزارانیش بریندار ببوون و دەیان هەرزار کەسیش بەهۆی ڕوخانی خانەوەکانیانەوە کۆچبەر ببوون. لە باشوری کوردستانیش ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا بوو و لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان بەتایبەتی لە شارۆچەکەی دەربەندیخان، سەدان خانووی هاوڵاتیان ڕوخابوون و زیانیان وەبەرکەوتبوو.
هـ.هـ