کوڕەکەى لە زیندان و خۆیشی لە دەرەوەی زیندان لە تێکۆشاندایە

نایف ئیشچکیى زیندانیکراو لە زیندانى جۆری تیى باندرما لە چالاکیى مانگرتندایە و نەبات ئیشچیی دایکی رایگەیاند، کوڕەکەم لە زینداندا و منیش لە دەرەوە لە تێکۆشاندام.

بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن و ٢٨١ زیندانى سیاسی بەردەوامیى هەیە. یەکێک لە زیندانییە مانگرتووەکان نایف ئیشچیى تەمەن ٢٢ ساڵە، کە لە زیندانى جۆری تیى باندرمای بالکیسەردایە و ماوەى ١٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتندایە.

 

 نەبات ئیشچی دایکى نایف ئیشچی رایگەیاند، تاوەکو دوا هەناسە پاڵپشتى لە چالاکیى کوڕەکەى دەکات و داواى لە هەموو کوردان کرد، کە بە شێوەیەکى هەمەلایەنە لە دژی گۆشەگیری تێبکۆشن.

نەبات ئیشچی دایکى ٦ منداڵە و کوڕێکى لە کاتى بەرخوداى خۆبەڕێوەبەریدا لە جزیر شەهید بوو. تاوەکو ئێستاش تەرمی کوڕەکەى نازانرێت لە کوێیە و پێى نەدراوەتەوە. دایە ئیشچی لە دواى قەدەغەى هاتووچۆ لە رووی ئابوورییەوە کەوتە دۆخێکى قورسەوە لەبەر ئەوەش لە رێکخستنى هەدەپەدا لە جزیر دەستى بەکار کرد. دایە ئیشچی لە هەوڵدایە بژێویى ژیان بۆ ٤ منداڵە بچووکەکەى دابین بکات. دایە ئیشچى لەو کاتەوە بە بەردەوامى لە ژێر گوشارى دەوڵەتدایە و چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتى تورکەوە دەستگیر کراوە.

"پێمان مەڵی دەستبەرداری چالاکی بین"

دایە ئیشچی رایگەیاند، چەند جار گوشارێکى زۆری لێکراوە بۆ ئەوەى سیخوڕی بۆ دەوڵەت بکات. راشیگەیاند "داوایان لێدەکردم لە بەرامبەر مووچەیەکى بەرز، خانوویەک و خوێندنى منداڵەکانم لە خوێندنگەیەکى باش دا ببم بە سیخوڕ. لەبەر ئەوەى ئەوەم قبوڵ نەکرد دەستیان بە بڵاوکردنەوەى تۆمەت و قسەى هەڵبەستراو و گەمەکانیان کرد. لەو کاتەدا نایف گەورەترین منداڵم بوو و تەمەنی ١٤ ساڵ بوو. قاچی شکابوو و نەیدەتوانى هەستێتە سەرپێ. شەوێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و من و نایفیان دەستگیرکرد. من دواتر ئازاد کرام، بەڵام هێشتا نایف لە زینداندایە. کوڕەکەم تەمەنی ١٤ ساڵ بوو، کە دەستگیریان کرد".  

نایف ئیشچی ٣ ساڵ لە زیندانى سێرت دا راگیرا. دوای ئەوە بە پاساوی بەشداریکردن لە چالاکییەکانى ناو زینداندا دووریان خستەوە بۆ زیندانى باندرما لە بالکیسەر. نایف ئیشچی ٥ ساڵە لە زیندانەدایە و ماوەى ١٠ رۆژیشە دەستى بە چالاکیى مانگرتن کردووە.

دایە ئیشچی باسی پەیوەندیی تەلەفونیى خۆی لەگەڵ نایفی کوڕیدا کرد و نایف بە دایکى وتوە "دایە خەمت نەبێت، ئێمە باشین. چالاکییەکەى ئێرە بە پێداگری و بڕیارمەندییەوە بەردەوامە. پێمان مەڵێ دەست لە چالاکییەکە هەڵگرین. ئەگەر هاوڕێمان لەیلا گیوڤەن جەستەى خۆی خستووەتە مەترسیى مان و نەمانەوە، ئەوا دەبێت هەموو کەس باش لەوە تێبگات، کە ئەوە چ مانایەکى هەیە. تاوەکو جێبەجێکردنى داواکانى ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکەمان".

دایە ئیشچی رایگەیاند، پێویستە ئەو پەیامەى کوڕەکەى هەموو کەسێک بە باشی لێى تێبگات و راشیگەیاند، بۆ خۆی لە دەرەوە لە دژی گۆشەگیری تێدەکۆشێت و وتیشی "گۆشەگیری بە یەکێتیى کوردان تێکدەشکێنرێت".

ر.م