'کۆمەڵگا بە کردنەوەی دەرگای ئیمڕالی ئارام دەبێت'

پارێزەر مەسعود ڕایگەیاند، پێشێلکاریەکانی ئیمڕالی لە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا جێگایان نابێتەوە و وتی، "بە کردنەوەی دەرگای ئیمڕالی گەلانی تورکیا ئارام دەبن. لە هەرێمەکە هۆکاری شەڕ و ئاڵۆزیەکان سیاسەتی گۆشەگیرییە."

بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) چالاکی مانگرتنی لە خواردن بە شێوەیەکی دەوری و یەک کەسی ئەنجامدران و ٢٠٠ ڕۆژ بەردەوام بوو. جالاکیەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کۆتایی هات و پارێزەر و خانەوادەی ئۆجالان سەردانی ئیمڕالیان کرد و چاویان بە ڕێبەری گەلی کورد کەوت. دوایین چاوپێکەوتن لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ ئەنجامدرا. لەو ڕۆژەوە لەگەڵ ئەوەی پاریزەران زۆر جار سەردانی شوێنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام ڕێگا بە چاوپێکەوتن نەدراوە.

پارێزەر مەسعود بەشتاش لەبارەی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) قسەی کرد.

'گۆشەگیری ناحەقی و نایاساییە'

بەشتاش ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی یاساکان ئاشکرایە، زیندانیان دەبێت لە چ دۆخیکدا چاوپێکەوتن ئەنجامبدەن، بەڵام دەسەڵات تەئکید لەسەر سیاسەتی گۆشەگیری دەکاتەوە و وتی، "دۆخێک نییە کە بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەلدا بکرێت و شرۆڤەی بۆ بکرێت. لە یاساکاندا هەموو شتێک ڕوونکراوەتەوە و سنور وچوارچێوەکان دیاریکراون. چ دەستگیرکرا و چ سزادراو، لە چ دۆخێکدابن، خاوەن مافی چاوپێکەوتنن. دیارە کە لەگەڵ کێ چاوپیکەوتن ئەنجامدەدەن. ناوی گۆشگیری خۆی شتێکی تاڵ و خرابە. ٢٠ ساڵە گۆشەگیری بووەتە بابەتی سەرەکی تورک و کورد و مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەندێکجار گۆشەگیری سووک دەکرێت و هەندێکجاریش بە پێی دۆخی سیاسی قوڕس دەکرێت. گۆشەگیری تەنها لەدژی بەڕیز ئۆجالان نییە، گۆشەگیری لە سەر هەموو زیندانەکانی کوردستان و تورکیا هەیە. زۆر لایەنی گۆشەگیری هەیە. گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتیە."

قسە و پەیامەکانی ئۆجالان

لە بەردەوامی قسەکانیدا بەشتاش ڕایگەیاند، گۆشەگیری سەر ئۆجالان بە کێشەی کوردەوە بەستراوەتەوە. کێشەی کورد زۆر دەمێکە بەردەوامە. تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، دیارە، گۆشەگیری سەر بەڕیز ئۆجالان بەردەوام دەبێت. بەڕیز ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە و ڕێبەری گەلانە. قسە و پەیامەکانی بەڕیز ئۆجالان بۆ چارەسەری زۆر کێشە بەسوودە و دەبێتە هۆکاری ئارامی. هۆکاری سەرەکی جاوپێکەوتنیشی لەگەڵ پارێزەران ئەوەیە. لەم دۆخەدا دەوڵەت نایەوێت کێشەی کورد لە ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر بکات. ئەوەش دەبێتە هۆکاری گۆشەگیری قوڵ و قوڕس. گۆشەگیری تەنها لە دژی ئۆجالان و زیندانەکان ئەنجامنادرێت، لەدژی گەلان و کۆمەڵگاش بەڕێوەدەبرێت. دەوڵەت هیچ پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەر کێشەکان نییە. لە هەرێمەکە هەموو ڕێگاکانی ئاشتی، ئارامی و سیاسەت داخراون. هەرچەند گۆشەگیری قوڕس ببێت، ئەوەندە سیاسەتی شەڕ قوڵ دەبێتەوە."

'بڕیارەکانی ئیمڕالی سیاسین'

بەشتاش وتیشی، بە پێی یاساکانی ئێستا، جێگای گۆشگیری لە یاساکاندا نابێتەوە و وتی، "گۆشەگیری بەئەنقەست ئەنجامدەدرێت. لەبەرئەوەی بەڕێز ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردستانە و بۆ کێشەی کورد خاوەن مۆدێل و چارەسەریە، گۆشەگیری لەسەر دەسەپێنرێت. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گۆشەگیری هەموو سنورەکانی مرۆڤایەتی تێپەڕاند. لە یاسادا هیچ هۆکارێک نییە کە سزادراوان لە هزر، خانەوادە، پارێزەر و کۆمەڵگا دووربخرێنەوە. زۆر ڕوون و ئاشکرایە گۆشەگیری سیاسیە. یەکێک ناتوانێت بە تەنها تاوان بکات و سزای دیسیپلینیش ڕاست نییە. بیانوی کەشتی لەکارکەوتووە و دۆخی کەشوهەوا باش نییە، قبوڵ ناکرێن و ڕاستی نین. هیچ سزایەک ناتوانێت ببێتە هۆکاری ئاستەنگرتنی چاوپیکەوتن لەگەڵ پارێزەر و خانەوادە. یاسا بە پێی کەسەکان ناگۆڕدرێت، بەڵام ئێمە دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ یاسای نوێ لە ئیمڕالی دروست دەکرێن و جێگای ئەو یاسایانە لە دەستوور و یاساکاندا نابێتەوە."

'دەنگی ئۆجالان کۆمەڵگا ئارام دەکات'

لە بەردەوامی قسەکانیدا بەشتاش دەڵێت، گۆشگیری هۆکاری ناکۆکی گەورەیە لە هەرێمەکە و کاتێک بەرامبەر ڕێبەر و کەسایەتیە گەورەکانی کۆمەڵگا گۆشەگیری ئەنجامبدرێت، بێگۆمان کۆمەڵگا نیگەران دەبێت و ململانێ دروست دەبێت. ئەوەش ناکۆکی و نائارامی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئەگەر دەرگای ئیمرالی بکرێتەوە و دانوستان لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ بکرێت، لە تورکیا بناغەی ئاشتی و ئارامی دروست دەبێت.گۆشەگیری زیانێکی گەورە بە ئارامی تورکیا دەگەیەنێت. کاتێک سەردانی ئیمرالی دەکرێت، کۆمەڵگا ئارام دەبێت. کاتێک ئاستەنگی بەرامبەر چاوپێکەوتنەکانی ئیمڕالی دروست دەکرێت، کۆمەڵگا نائارام دەبێت و ناکۆکی لە ناو کۆمەڵگادا دروست دەبیت.ئەوەش شتێکە کە یەکتری گەورە دەکەن. پێویستە دەوڵەتی بۆ ئارامی و ئاسایشی گەلەکەی کار بکات و کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری بهێنێت.

'سی پی تی بە پێی یاساکانی خۆی ناجوڵێتەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا بەشتاش ناڕەزایی پیشانی هەڵوێستی سی پی تی دا و وتی، "کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا خاوەنی هەندێک ڕەگەزن. پێویستە لەسەر ئەو ڕەگەزانە کار بکەن. سی پی تی بە پێی ڕەگەزەکانی مامەڵە لەگەڵ ئیمڕالی ناکات. پێویستە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات و لە کوێ پێشێلکردنی مافەکان هەبێت، لەوێ لێکۆڵینەوە بکات.

ف.ق