کەبودوەند: بوونی بنکە سەربازییەکانى تورکیا لە هەرێم مایەی شەرمەزارین

محەمەد سدیق کەبودوەند چالاکوانى مافەکانى مرۆڤ و رۆژنامەنووس لە رۆژهەڵاتى کوردستان راگەیاند "بوونی بنکە سەربازییەکانى رژێمى تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەم جێى داخە و هەم مایەى شەرمەزارییە".

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە شەهیدکردنى هاووڵاتییانى باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتى تورک و هەوڵەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بۆ رەوا نیشاندانى هێرش و کوشتارەکانى دەوڵەتى تورک لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات بەردەوامە.

محەمەد سدیق کەبودوەند چالاکوانى مافەکانى مرۆڤ و رۆژنامەنووس و سەرۆکى رێکخراوى مافی مرۆڤی کوردستان بەرامبەر بە  کوشتنى هاووڵاتییانى باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە لە تویتەردا هەڵوێستى خۆی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەى کەبودوەند دا هاتووە "بوونی دەیان بنکەى سەربازی و سیخوڕیى رژێمى سەرکەوتکەری تورکیا لە هەرێمى کوردستان هەم جێى داخە و هەم مایەى شەرمەزارییە. دیارە دەبێت خەڵکى کورد و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەنها بە پشتبەستن بە هێزى مەدەنی و ناڕەزایەتیى خۆیان رێگری لە توندوتیژی و تاوانى سەرکوتکەران بگرن و خۆیان لە کۆتی داگیرکەری خۆ بە زلزان، کە خۆیان لە خەڵکى تر بەلاوە گەورەترە، رزگار بکەن".

محەمەد سدیق کەبودوەند بەهۆی چالاکییەکانى لە بواری مافی مرۆڤ و داکۆکییەکانى لەگەلی کورد بۆ ماوەى ١٠ ساڵ لەلایەن رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێرانەوە زیندانیکرا و لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٧ / ٢٢ی گوڵان دا ئازاد کرا.

ر.م