کەجەکە: لە دژی داگیرکردنى عەفرین تێکۆشان گەش دەکەین
کەجەکە رایگەیاند، هەر بەرپرسیارییەک بۆ زرگارکردنى عەفرین لە داگیرکەری بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێى بکەین و راشیگەیاند "ئێمە لەو بڕوایەدین، کە بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی زرگارکردنى عەفرین سەردەکەوێت".
کەجەکە رایگەیاند، هەر بەرپرسیارییەک بۆ زرگارکردنى عەفرین لە داگیرکەری بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێى بکەین و راشیگەیاند "ئێمە لەو بڕوایەدین، کە بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی زرگارکردنى عەفرین سەردەکەوێت".
هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ساڵیادی داگیرکردنى عەفرینەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە "ساڵیادی هێرشکردنە سەر عەفرینە. دەوڵەتى تورک ئامانجی لە هێرشکردنە سەر عەفرین بۆ هەڵوەشاندنەوەى سیستمى دیموکراتیک و سیستمى ئازادیخوازانەى ژنان بوو و ئەوەى بۆ خۆی کردبووە ئامانج. گەلی عەفرین لە دژی ئەو داگیرکەرییە پاکتاوکارانەیە فیدایانە بەرگریی کرد و ٣٠٠ ژن و منداڵ و بە تەمەن و ١٠٠٠ هەزار شەهیدی بەخشی. ئەوانەى لەو بەرخودانەدا شەهید بوون بە رێزەوە یادیان بەرز رادەگرین. گەلی کورد ئەو داگیرکەرییە قڕکەرە هەرگیز لە یاد ناکات و عەفرین لە داگیرکەران رزگار دەکات".
لە عەفرین تاوانى جینۆساید ئەنجامدرا
لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا ئەوەش هاتووە "عەفرین و هەموو ناوچەکانى بە تەواوی شاری کوردانن. دەوڵەتى تورک بە داگیرکەرییەکەى سەدان هەزار کەسی ناچارکرد، کە لە عەفرین کۆچ بکەن. لە گوندەکان، ناوچەکان و ناوەندەی عەفرین چەتەکان و ئەو بنەماڵانەى سەر بە تورکیان نیشتەجێ کراون. ئەو کوردانەى، کە خواستیان لە عەفرین بمێننەوە بە گوشار و زۆرداری دەیان رفێنن. چەندین رێکخراوى نێونەتەوەیى رایانگەیاند، لە عەفرین بە گوشار و زۆر و ئەشکەنجە کورد لە شوێن و زێدی خۆی دەسڕدرێتەوە و عەفرین لە کورد چۆڵ دەکرێت. ئێستا دەوڵەتى تورک بە بەر چاوی جیهانییانەوە بونیادى دیمۆگرافیاى عەفرین دەگۆڕێت و تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدات. عەفرین سەدا ٩٥ی کوردە، ئێستا تەنها سەدا ١٥ بۆ ٢٠ کوردی تیادا ماوە. ئەو راستییە نیشانى دەدات، کە لە عەفرین تاوانى جینۆساید ئەنجام دراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیى ئەوروپا، ئەمریکا و رووسیا هاندەری داگیرکەری بوون
کاتێک دەوڵەتى تورک بە فڕۆکە، تانک و تۆپ ژن، منداڵ و بە تەمەنەکانى دەکوشت، نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتیى ئەوروپا، ئەمریکا و رووسیا تەنها لە بەرامبەر ئەو داگیرکەری و پاکتاوکارییەدا سەیرکەر بوون. ئەوانە بە هەڵوێستەکەیان رێگایان بۆ داگیرکەرییەکە خۆشکرد و هاندەری داگیرکەرییەکە بوون. رووسیا بە کردنەوەى ئاسمان لە پێش هەموانەوە بووە هاوکاری ئەو تاوانە و جینۆسایدە. ئەوەى بووە هۆی ئەوە، داگیرکەرییەکە رووبدات کردنەوەى ئاسمان بوو لەلایەن رووسیاوە بۆ فڕۆکە و کۆپتەرەکانى دەوڵەتى تورک. رووسیا بە سەودا و مامەڵەیەکى گەنیو و بۆ ئەوەى چەتەکان لە غوتە و دەورووبەری بکاتە دەرەوە، عەفرینى کردە سەودا و مامەڵە لەگەڵ تورکیادا. ئێستا بەشێکى زۆری ئەوانەى لە عەفرین نیشتەجێ کراون، ئەو چەتانە و بنەماڵەکانیان، کە لە غوتەوە براونەتە عەفرین. تورکیا لە ناوچەکان و گوندەکانى سەر سنووری خۆیدا چەتەکانى سەر بە خۆی جێگیرکردووە. ئەو ناوچەیەیان لە ئێستاوە کردووەتە بەشێک لە تورکیا.
تورکیا دوژمنى کوردان و دیموکراسییە
تورکیا بە داگیرکردنى عەفرین دوژمنایەتیى خۆی بەرامبەر بە کوردان و دیموکراسى سەلماندەوە. جارێکیتر بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا ئەوەى سەلماند، کە لە دژی بوونی کوردانە، لە دژی ژیانى ئازاد و دیموکراسییە. نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو ئەوەى سەلماند لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دوژمنى کوردان و دیموکراسییە. لە ناوەوە و دەرەوە، تورکیا بە ٢ بابەت هەستیارە. یەکەمیان ئەوەیە، کە دوژمنایەتى بەرامبەر بە بوونی کوردان و ژیانى ئازاد دەکات و دووەمیان ئەوەیە، کە دوژمنایەتیى دیموکراسی دەکات. کاتێک چاوی بەوانە دەکەوێت هەر وەک نۆبەنێک کە چاوی بە پەڕۆی سوور کەوتبێت، دەست بە هێرش و پەلامار دەکات.
پلانى هەڵوەشاندنەوەى سیستمى دیموکراتیک
دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە باکووری کوردستان هەموو رۆژێک هێرش دەکاتە سەر کوردان و هێزە دیموکراسییەکان، لە سەرتاسەری جیهاندا سیستمێکى فاشیستیى شاراوەی دروستکردووە. ئێستاش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر سیستمی دیموکراتیک لە منبج و باکووری سوریا. ئامانجی ئەوەیە، ئەو سیستمە دیموکراتیکە، کە کورد، عەرەب، سوریانى و گەلانى تر پێکەوە دروستیان کردووە بسڕێتەوە و لە ناوی ببات و بۆ ئەوەش پلانى داگیرکردنی هەیە. هەر وەک ئەوەى لە عەفرین ئەنجامیداوە ئێستاش دەیەوێت چەتەکانى سەر بەخۆی لە رۆژئاوا و باکووری سوریا نیشتەجێ بکات و ئەو ناوچانە لە کورد چۆڵ بکات و سیستمێکى مەزهەبی و فاشیستیى دروست بکات. دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە بەو عەقڵییەت و سیاسەتەیانەوە سەلماندیان، کە نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەرگری لە پاشکەوتویى دەکات. چونکە ئەوە دەبینێت، کە بە دیموکراتیکبوونی سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سیستمە قڕکەر، داگیرکەر و دژ بەگەلانیان تێکوپێک دەشکێت. بۆ ئەوەش لەگەڵ پاشکەوتوخوازانى ناوچەکە و دوژمنانی دیموکراسی بووەتە هاوپەیمان.
تاوەکو فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکنەشکێنرێت ئاشتى بەدی نایەت
ئەو چەتانە، کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە پشتیوانییان لێدەکەن و ئەو سوریایەى کە دەیانەوێت دروستى بکەن، نیشانەى ئەوەیە، کە ئەو دەسەڵاتە نەک تەنها بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتیى مەترسی و هەڕەشەیە. تیکۆشان لە دژی ئەو فاشیزمە تێکۆشانە بۆ پاراستنى هەموو مرۆڤایەتى. تاوەکو فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکنەشکێنرێت، ئەستەمە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بەدی بێت. بۆ ئەوەش بەرخودانى کوردان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و لە دژی هێرشەکانیان بەرخودانى هەموو مرۆڤایەتییە. کورد لە باکووری کوردستان، لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا، لە رۆژئاوا و باکووری سوریا لە بریى هەموو مرۆڤایەتى لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تا دوا هەناسە خۆڕاگری دەکات.
دەبێت هەموو کورد بۆ رزرگایى عەفرین داکۆکی و خۆڕاگری بکات
بەرخودانى عەفرین بەرخودانى شکۆ و کەرامەت و ناموسی هەموو کوردانە. عەفرین بەشێکە لە بەهەشتى کوردان. تاوەکو عەفرین لە داگیرکەری رزگار نەکرێت کورد لە هیچ شوێنێکدا ناتوانێت بە ئاسوودەیى پشوویەک بدات. رزگارکردنى عەفرین تەنها بەرپرسیاریى عەفرینییەکان و رۆژئاوا نییە، بەڵکو بەرپرسیاریى هەموو کوردانە. هەموو کورد بۆ رزگاریى عەفرین چییان لە دەست بێت و چییان بکەوێتە سەر شان دەبێت ئەنجامى بدەن. پێویستە بە پێداگرییەوە بزووتنەوە سیاسییەکانى باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و گەلان لە هەر چوارپارچە لەگەڵ رۆژەڤی عەفریندا بن و عەفرین بکەنە رۆژەڤ. بۆ رزگارکردنى عەفرین دەبێت خۆیان بخەنە ژێر باری بەرپرسیارێتى و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن. بێگومان دەبێت تەنها خەون، ئامانج و ئامانجى ژیانی گەنجانى عەفرین ئەوە بێت، کە بۆ رزگاریى عەفرین بەشداری بەرخودان ببن.
لە ساڵیادی هێرشی سەر عەفرین دا ئێمە سڵاو لەو بەرخودانە گەورە و شکۆمەندانەیە دەکەین، یادی شەهیدەکانمان بە منەتداری و رێزەوە بەرز رادەگرین، لە تێکۆشانى رزگاریى عەفرین دا هەر بەرپرسیارییەک بکەوێتە سەر شانمان ئەنجامى دەدەین. بە دڵنیاییەوە لەو بڕوایەداین، کە تێکۆشانی رزگاریى عەفرین سەردەکەوێت و لەسەر ئەو بنەمایەش، ئێمە بانگ دەکەین، کە لە دژی داگیرکەری تێکۆشان گەش دەکەین".
ر.م