گەریلا لە جۆلەمێرگ ٣ چالاکیى لە دژی سوپاى تورکیای داگیرکەر ئەنجامدا

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان لە جۆلەمێرگ ٣ چالاکییان لە دژی هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا ئەنجامداوە و بە لانیکەمەوە ٢ سەرباز لەو چالاکییانەدا کوژراون.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ ٢ چالاکیى سابوتاژ و چالاکییەکى تریشیان بە قەناس ئەنجامداوە و بە لانیکەمەوە لەو چالاکییانەدا ٢ سەرباز کوژراون.

راشیگەیاندووە، سوپاى تورکیا لە چەندین ناوچەى جۆلەمێرگ و شرنەخ دەستی بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کردووە. لە دژى هەندێک ناوچەى دهۆک لە باشووری کوردستان و هەرێمەکانى پاراستنى مەدیاش هێرشى ئاسمانى ئەنجام دەدات.

دەقى راگەیاندراوەکەى هەپەگە

'٢ چالاکیى سابوتاژ و چالاکییەکى یەکەى قەناس بەدەست'

"هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگریدا نیوەڕۆی رۆژی ٣١ى ئابی ٢٠١٨ لە نێوان بنکەى سەربازیى خرڤات و مەیدان بەلەک لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ  و لە کاتى تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلێکى سەربازیدا، چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا و بەلانیکەمەوە لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا. دواى ئەو چالاکییە و کاتێک هێزەکانى سوپاى تورکیا هێزى پشتیوانیان بەرەو شوێنى ئۆپراسیۆنى بەرێڤارک رەوانەکردووە و لەو کاتەشدا گەریلا چالاکییەکی ترى سابوتاژی لە دژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەشدا سەربازێکى دوژمن کوژرا و چەندین سەربازى تریش برینداربوون".

هەر لەو رۆژەدا و کاتژمێر ٠٩:١٠ دا هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیدا لە چارچێلا لە دژى سەربازانی تورکیا لە گردی مەجلیس چالاکییەکیان بە قەناس ئەنجامدا و بەو هۆیەوە سەربازێک کوژرا.

٢ کەس رادەستى هێزەکانى تورکیا بوون

٢٩ی ئابی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٢:٣٠ دا لە گوندی هەرنکێ لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ ٢ کەس بە ناوی خوێنڕێژ (عیسا ئەشکان) و فرات (فۆژدان کارکەر) خۆیان رادەستى هێزەکانى دوژمن کردووە.

ئۆپراسیۆنى سەربازی و هێرشى ئاسمانى

سوپاى کۆمارى تورکیاى داگیرکەر رۆژی ٢٤ى ئاب لە بەرێڤارک لە بێشەبابی شرنەخ، لە فاراشین، لە چالیان و ترشین لە پایزئاڤای وان و لە دۆڵی لێڤنێ لە جۆلەمێرگ دەستی بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن کردووە و تاوەکو ئێستاش ئۆپراسیۆنەکان بەردەوامەن.

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى کۆمارى تورکیای داگیرکەر هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ناوچەکانى پاراستنى مەدیا. رۆژی ٣١ى ئاب و لە کاتژمێر ١٣:٠٠ بۆ ١٤:٠٠ لە هەرێمى زاپ گوندەکانى ساجا، رەنچبەر ئاغا، ئاگرێ نەکیپ و هەروەها ناوچەى خواکورکیان بۆردومانکرد.

هەر لەو رۆژەدا و لە کاتژمێر ١٦:٣٠ فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا دەورووبەرى گوندی زاوێتێ لە دهۆک و ناوچەى قیامەت-یان بۆردومانکرد. بەهۆى ئەو بۆردومانەوە ئاگر بەربوویە باخ و رەز و لەوەڕگە و پاوانەى ناوچەکە و ئەو ئاگرەش تاوەکو ئێستا بەردەوامیى هەیە".

ر.م