یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی مەخمور کۆتاییهات

یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن کوتاییپێهات.

دوێنێ لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی کە ٢١ ئەم مانگە بە بەشداری ٣٢٠ ئەندام بە دروشمی "دامەزراندنی سیستمی دیموکراتی، دامەزراندنی ژیانی ئازادە" دەستیپێکردبوو، کۆتاییپێهات.

لە کۆنگرەکەدا کە چوار ڕۆژی خایاند، چەندین بابەتی گرنگ و پلانسازی هەموو ڕێکخراوەکانی کامپەکە باسیان لەسەرکرا، هەروەها "حاجی کاچان" و "خاتون بابات" وەک هاوسەرۆکانی نوێی ئەنجومەنی گەل هەڵبژێردران و دوای ئەوەش ٣٢ ئەندامی ئەنجومەنەکەش سوێندیان خوێند.

حاجی کاچان، هاوسەرۆکی نوێی ئەنجومەنی گەل قسەیکرد و وتی: لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە، خاوەنداری لە ڕەنج و بڕیارەکانی کۆنگرەکە بکەین، چونکە بۆ خاک و گەل هەزاران شەهیدمان داوە.

کاچان لە بەردەوامی قسەکانی وتی: دوژمنی دڕندە ویستی لە ڕێگای چەتەکانی داعشەوە سەروبنمان بکات، بەڵام شەڕڤانانمان گەلەکەیان لەو دڕندایەتییە ڕزگارکرد، بۆیە پێویستە بڕیار و باسەکانی ئەم کۆنگرەیە بە بنەما بگیرێت و بەپێی ئەوە خەبات بەڕێوە ببرێت.

لە کۆتاییشدا کاچان هیوای خواست کە کۆنگرەکە ببێتە هۆکاری چارەسەری کێشەکانی ناو کامپەکە.

ف.ق