پاش ٢٦ ساڵ لە گۆشەگیری توند لە ئێمراڵی، دوێنێ بۆ یەکەمجار ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوبوویەوە و تێیدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی بەرەو پێشبردنی پرسی چارەسەری دۆزی کورد لە تورکیا و دیموکراتبوونی تورکیا کرد، لە بارەی گرنگی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ نووسەر و چاودێری سیاسی باهر مەحمود بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد.
'ئەم قۆناغە گەورەترین دەستکەوتە بۆ کورد'
باهر مەحمود نوسەر و چاودێری سیاسی لە سەرەتای قسەکانی خۆیدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی و ئەم قۆناغە بۆ هەموو جیهانی ئاشکرا کرد کە کورد گەلێکی ئاشتی خوازە و گووتی: "هەڵبەت ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجالان لەکاتێ زۆر هەستیار بوو، چونکە ناوچەکە لەبەر دەمی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە کە سەرتاسەری ناوچەکەی گرتۆتەوە، درک کردن بەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ئۆجالانەوە نیشانەی ژیری عەبدوڵا ئۆجالانە، تورکیا زۆر هەوڵیان دا کە خۆیان لەو پرۆسەیە لا بدەن بەڵام لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت ئەو پرۆسەی گۆڕانکاریی نێودەوڵەتییە ئەوانیش ئەگرێتەوە، هەر چەند رێبەر ئاپۆ لە زندانە کلیلی چارەسەرکردنەکە لای ئەوە، ئێستا قۆناغی ئاشتی خەریکە بەرەو پێش ئەچێت، ئەم ئاشتییەی کە ئەمڕۆ ئاپۆ بانگەوازی بۆ کرد و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە، لەم قۆناغەو سەردەمەدا و لەم کاتەیە گەورەترین دەستکەوتە بۆ کورد، بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو کە کورد نەتەوەیەکی ئاشتی خوازە، کورد بە فشاری نێودەوڵەتی و فشاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان پەنای بۆ چەک بردووە، بۆیە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان کە ئەڵێ ئێمە چەکدائەنین باسی چەکی دەستی دەکات، بەڵام چەکی بیر و باوەڕەکەی عەبدوڵا ئۆجالان هەر ماوە".
'پەیامێکی مرۆڤانەیە لە پێناو ئاشتی و ئازادیی'
لە درێژەی قسەکانیدا، باهر مەحمود تیشکی خستەسەر چەمکی ئازادی سەرۆک ئاپۆ و رایگەیاند کە چەمکی سەرۆک بۆ ئازادی تاک فەلسەفەیەکی تازەیە و وتی: "عەبدوڵا ئۆجالان باسی ئازادی بۆ هەموو تاک ئەکات، داوای ئازادی خۆی نەخستە پێش، ئازادی چەمکێکی زۆر قوولە، بۆیە عەبدوڵا ئۆجالان لەم قۆناغە خۆی بەرپرس کردووە لە ئازادی ئەو تاکەی کە کوردیش نەبێت ئازادی بۆ هەمووان نەک ئازادی بۆ خۆی، داوای ئازادی بوو بۆ هەموو تاکی خەڵکی تورکیا ئەکات بە کورد بە عەرەب بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە، ئەم چەمکە فەلسەفەیەکی تازەیە لەم سەردەمە، لەگەل کاتەدا دەردەکەوێت کە پەیامێکی مرۆڤ دۆستانەیە لە پێناو مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئازادییە".
'لەم قۆناغەدا دەبێت ئەرکی سەر شانی خۆمان بزانین و جێبەجێ بکەین'
لە کۆتاییدا، باهر مەحمود نووسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران لەم قۆناغەدا رۆلی خۆیان بزانن و ئاماژەی بەوەکرد: "سیستەمە تازە جوانەکەی کە بەڕێز ئۆجالان دایناوە یاخود ئەو بنەما جوانە مرۆڤایەتییەی کە بۆ ئاشتی و دیموکراتی بانگەوازی لە ئێمە ئەکات، پێویستە لەسەر هەموو کورد، هەموو ئازادیخوازێک، هەموو خەڵکێکی ڕۆشنبیر و ئەو کەسانەی خۆیان بە ئازادیخواز دادەنێن دەبێت ئەمڕۆ لەگەڵ ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن و ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ بکەین بەرامبەر پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان، دڵنیام دوای یەکەم هەنگاوی لە جێبەجێ کردنی پرۆسەی ئاشتی لەناو تورکیا ئەو کاتە هەمووان مەزنی و گەورەیی و ژیری و توانای عەبدوڵا ئۆجالان ئەزانن ئەوکاتە هەمووان لە ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی و کۆنفدڕاڵی و خۆبەڕێوەبردن تێدەگەن، خەڵکی تەواوی کوردستان بەتایبەتی چینە ڕۆشنبیر و ئازادیخوازەکەی دەرەوەی دەسەڵات پشتیوانی داخوازی و ڕێنەمایی و پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالانن و پێان خۆشە، بەم بانگەوازەی ئۆجالان ئومێدەوارین، ئەم بانگەوازیە هەنگاوێکەو پرۆسەیەکە کە زۆر لە جێی خۆیەتی و جێگای دەستخۆشییە".