بە دیمەن

دیمەنی تاڵانکارییەکانی گۆڕستانی گارزان

داوی هەشت ساڵ لە قەدەغەکردنی سەردانیکردن بۆ گۆڕستانی گارزان، دواین دیمەنی گۆڕستانەکە تۆمارکراوە و تێیدا هەموو ئەو تاڵانکاریی و شێواندنە دەردەکەوێت کە بەسەر مەزار و کێلی گۆڕەکاندا هێندراوە.

گۆڕستانی شەهیدانی بەدلیس

گۆڕستانی گارزان کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی ئۆڵاکی سەروو و ئۆڵاکی خوارووی شاری بەدلیسە و ٢٦٧ گۆڕی لێیە، لەنێوان ٨-١٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ـدا لە هێرشێکدا کرابووە ئامانج. لە سەرەتادا کێلەکان شکێنرابوون، دواتر لە ڕۆژانی ١٤-١٧ـی کانوونی دووەمدا سەرباز هاتبوونە نێو گۆڕستانەکە، بە شۆفڵ گۆڕەکانیان هەڵکەندبوو و ڕووڤاتەکانیان دەرهێنابوون. ئەو ڕووفاتانەی کە دەریان هێنابوون خستبوویاننە نێو تابووتەوە.

هێرشەکە تەنها دژی گۆڕەکان ئەنجام نەدرابوو، هەروەهە مزگەوت و ئاکادیمیا لەنێو گۆڕستانەکە بەهەمان شێوە بە شۆفڵ ڕووخێنرابوو. دوای ئاشکرابوونی ڕووداوەکە بنەماڵە خاوەن مردووەکان سەردانیان کردبوو و پێیان وترابوو کە تەرمەکان براونەتە ئەستەنبول.

سەربازەکان دوای ڕووخاندنی گۆڕستانەکە بارەگایەکیان لە ناوچەکە دامەزراند و بۆ ماوەی حەوت ساڵ هاتووچۆ بۆ ناوچەکە قەدەغە کرا. دوای هەشت ساڵ دیمەنی ڤیدیۆیی گۆڕستانەکە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت تەنها زەوییەکی ڕووت و چەند بەردێکی شکاو ماون.

ئەو دیمەن و وێنانەی کە لە ناوچەکە تۆمارمان کرد، نیشانی دەدەن کە لە گۆڕستانەکەدا تەنها تەنها دیواری گۆڕستانەکە و شوێنەواری هەڵکەندنی گۆڕەکان ماوە. بەهۆی قەدەغەبوونەکەوە بەپێی پێویست لێکۆڵینەوە لە ناوچەکە نەکرا و بانگەشەی ئەوە کرا کە لە گۆڕستانەکە هێشتا ئێسک و پروسک هەن. دانیشتووانی ناوچەکە ویستییان لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان بکرێت و ئەو شوێنەی وێرانکراوە چیتر لەوە زیاتر پشتگوێ نەخرێت.

لە گۆڕستانەکە تەنها وردە بەرد و خۆڵ ماون، گۆڕەکان شێوێنراون و ناناسرێنەوە. لە مزگەوت و ئاکادیمیای ناو گۆڕستانەکە بەردێکیش نەماوە. تاکە شت کە نیشانی بدات ناوچەکە پێشتر گۆڕستان بووە، دیواری گۆڕستانەکەیە کە نزیکە لە ڕووخان.

دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە دا، ڕووخاندنی گۆڕستانەکە و قەدەغەکردنی سەردانکردن هەم بێویژدانییە، هەم نامرۆڤانەیە و داوایان لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەداران کرد کە سەردانی گۆڕستانەکە بکەن. ڕایانگەیاند، پێویستە بە لێکۆڵینەوە ئێسک و پروسکی تەرمەکان بناسرێنەوە و ئاشکرا بکرێن، پێویستە ئەو دڕندەییە لەبیرنەکرێت.

پەرلەمانتاری بەدلیسی دەم پارتی سەمرا چاگلار گۆکاڵپ سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ کردین و ئاماژەی بەوە کرد کە لەبارەی گۆڕستانەکەوە پێشنیاری لێکۆڵینەوەیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە. سەمرا چاگلار گۆکاڵپ باسی لەوە کرد، بە ئامانجی لەناوبردنی هۆشی کۆمەڵگە گۆڕستانەکە تاڵانکراوە و ئەمەش پشتگوێخستنی شکۆی مرۆڤە.

سەمرا چاگلار گۆکاڵپ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر گۆڕستانی گازان نامۆ نییە و گوتی، "ئەم دۆخە بەردەوامی سیاسەتی دژ بە گەلی کوردە کە لە ماوە درێژدا دەیەوێت هۆشی کۆمەڵگە لەناوببات. نەزانینی شوێنی گۆڕەکانی شێخ سەعید، سەید ڕەزا، سەیدی کوردی، هێرشکردنە سەر تەرمەکان لە گۆڕستانی گازان بەرهەمی هەمان بیرکردنەوەیە."

سەمرا گۆکاڵپ ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە لێکۆڵینەوە یاخود لێپرسینەوەیەک لە ناوچەکە ئەنجام نەدراوە و ڕێگە نەدراوە کە شاند سەردانی ناوچەکە بکەن، گوندەکانی دەوروبەری گۆڕستانەکە بەتەواویی گەمارۆ دراون.

سەمرا گۆکاڵپ ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی ماف لە گۆڕستانی گازان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو و بەدیهێنانی دادپەروەری لە تورکیا دەبێتە 'هەنگاوێک بە نیەتی باش' و وتی، "دادپەروەریی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە ڕێزگرتن لە مردووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو دەبێت."