میکانیزمی پەلەپیتکە کارا بوو و گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کەوتەوە بواری جێبەجێکردنەوە. دوای دە ساڵ، هاوسەنگییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی خستە قۆناغێکی نوێوە. بابەتەکە تەنها گەمارۆی ئابووری نییە، بابەتی گرنگ ئەوەیە کە لە دۆخی ئێستادا سیستمێک ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری، گۆشەگیریی دیپلۆماسی و لاوازی لە بواری ئەمنیدا بووەتەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم گۆڕانکاری و سیناریۆیانەی لە پێشن، فواد بێریتان، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی کرد.
فواد بێریتیان ئاماژەی بە دۆخی تێکشکاوی هەنووکەیی سیستەمی دەوڵەتی ئێران دا کە لە هەموو ڕووەوەکانەوە بەڕووی ناخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا لە داڕووخاندایە و گوتی: "سیستەمێکی بێ بودجە و بێ سەرچاوە تەنها دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت، نەک وڵات بەڕێوە ببات. کۆماری ئیسلامی تەنها لەنێوان سێ بژاردەدا دەخولێتەوە: خراپ، خراپتر و خراپترین."
پوختەی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:
"لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڕیارێک لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا میکانیزمی گەمارۆکانی سەر ئێران کارا بوو و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕای ئێوە ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر پێشهاتەکانی ئێران دەبێت؟
گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دوای کارابوونەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە تەنها ڕووداوێکی ئابووری یان دیپلۆماسی نییە. پێویستە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بەرەو تێکچوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامی سەیر بکرێت. ئەم گۆڕانکارییە نیشان دەدات کە ئەم سیستەمە دەکەوێتە پرۆسەیەکەوە کە تێیدا گۆشەگیریی نێونەتەوەیی چیتر پرۆسەیەکی کاتی نییە، بەڵکو دۆخێکی چەسپاو و پێویستییە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی نە هێزی ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەیە و نە ئەو پشتیوانییەی هەیە کە پێشتر هیوای پێی بوو لە چین و ڕووسیاوە پێی بگات. ئێستا ناکۆکییەکان تەنها لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا سنووردار نین، زۆربەی وڵاتانی جیهان لە یەکێتیی ئەوروپاوە تا مۆسکۆ و پەکین، لە هەڵوێستێکی وادان کە جێبەجێکردنی گەمارۆکان بە گرنگ دەزانن. ئەمە کارەساتبارترین دۆخە کە حکومەتێک لە سیستەمی نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە ڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە، گەڕانەوەی گەمارۆکان واتای جیاوازتری هەیە. کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ لە چەقی گفتوگۆی ماددەی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. دۆخێکە کە تێیدا وڵاتێک وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان سەیر دەکرێت. ڕێگایەکی وا ئەگەر کارا بمێنێتەوە، لەوانەیە هاوشێوەی ئەزموونەکانی عێراق و لیبیای لێبێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئاستی جددییەتی ئەوروپا لە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی ئەم گەمارۆ و ئابڵوقانەدا یەکلاکەرەوە دەبێت. کۆماری ئیسلامی لەوانەیە هەوڵ بدات لە ڕێگەی سازش یان مانۆڕی تاکتیکییەوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی گەمارۆکان بکات. بەڵام لە نەرمترین سیناریۆشدا، دیسان گورز بەر سیستەمەکەی دەکەوێت و ئەمە دۆخێکی نەگەڕاوەیە.
خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم گەمارۆ و ئابڵوقە ئابوورییە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین، کە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی حکومەتە، بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت و ڕێگری لێ دەکرێت. حکومەت کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی کورتهێنانی بودجە بووەتەوە، کاتێک کەناڵە ئابوورییەکانیش تەسک دەبنەوە، چیتر دەرفەتی هیچ بەدیلێکی تر نامێنێت. ئامارەکان دەریدەخەن کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران نزیکەی ملیۆن و نیوێک بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە زۆربەی بۆ چین دەڕوات. بەپێی داتاکان، گەڕانەوەی گەمارۆکان ئەم ژمارەیە لە باشترین دۆخدا دەکاتە ٧٠٠ هەزار بەرمیل و لە خراپترین دۆخیشدا بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل کەمدەبێتەوە. ئەمە تەنها ژمارەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو شۆکێکی سیستەمییە کە بە خێرایی لە ژیانی خەڵکدا ڕەنگدەداتەوە. هەروەها وەک تسۆنامی کاریگەری لەسەر هەموو کەس و هەموو شتێک دەبێت؛ واتە ئابووری، سیاسەت، ئاسایش و تەنانەت پەیوەندییە جڤاکییەکانیش دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە.
کاتێک هێزی سیاسی لە دۆخێکی لاواز و شکستێکی بەرچاودایە، هەر فشارێکی دەرەکی کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی ئاسایشی سیستەمەکە دەکات. لەمەودوا بڕیاردان لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە هەموو کاتێک لەسەر بنەمای ئەمنی دەبێت. سیستەمەکە ناچارە ڕوو لە شێوازی نوێ بکات لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری و بەڕێوەبردندا. شێوازەکانی پێشوو نەک هەر سوودیان نامێنێت، بەڵکو چیتر ناتوانرێت بەکاربهێنرێن. بەڵام داڕشتن و جێبەجێکردنی شێواز و مۆدێلی نوێش ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە. هۆشمەندیی باڵادەست، کەشی گشتی و دەروونی سیستەمەکە تێکچووە و سیس بووە. لە زەمینەیەکی وادا دەرفەت بە شارەزایی و نوێبوونەوە نادرێت.
لەم پرۆسەیەدا کۆماری ئیسلامی گورزی قورسی بەردەکەوێت. کاتێک فشاری دەرەکی زیاد دەکات، سەرچاوەکان کەم دەبنەوە و ناڕەزایەتییە جڤاکییەکان فراوانتر دەبن، خێرایی تێکچوونی سیستەمەکەش زیاتر دەبێت. ئەمە بەو مانایەیە کە هەر ڕووداوێکی ئاسایی دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئەمنی. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، سیستەمەکە زیاتر پشت بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەبەستێت. لە دۆخێکی وادا، دەوڵەت بە مانای دامەزراوەیی لە بواری جێبەجێکردن و پراکتیکدا دادەڕمێت. سیستەمێکی بێ بودجە و بێ سەرچاوە تەنها دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت، نەک وڵات بەڕێوە ببات.
ئەو پێشبینییەی لەم دۆخەوە دەردەکەوێت، داڕمانی ئابووری و ژێرخانی سیستەمییە. خێرایی و قووڵاییەکەی بە چەند هۆکارێکەوە بەندە؛ ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی سیستەمەکە و هەڵبژاردنی هەڵوێستی جیاوازتر لە پێشوو. بۆ نموونە، لە ناوخۆدا نەرمکردنی کەشی سیاسی یان گەڕان بەدوای فۆرمولەی نوێدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەرەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ ئیرادەیەک بۆ هیچ کام لەم دوو ڕێگایە نیشان نەدراوە. ئەقڵی ناوەندیی سیستەمەکە هاوسەنگیی خۆی تێکداوە، ئاڕاستەی خۆی وون کردووە و لە ڕێگای پێشووش لایداوە.
بە کورتی، بابەتەکە ئەوەیە؛ ئێران چووەتە قۆناغ و وەرچەرخانێکی نوێوە، هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی جڤاکییەوە، هەڵە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵات باجێکی زۆر قورسی لێکەوتووەتەوە و بەردەوامبوونی ئەم هەڵانە ڕێگای داڕمانی سیستەم خێراتر دەکات. هەروەها دۆخێک دروست دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئیفلیج ببێت و لە هێز بکەوێت. ئەو ڕێگایەی تا ئێستا گرتوویەتیەبەر، ڕێک بووەتە هۆی گەیشتن بەم ئاستە. دۆخێک کە لە دۆخی ڤەنزوێلا و عێراق دەچێت پێش هێرشەکانی ئەمریکا.
لەتەنیشت هەموو ئەم گۆڕانکارییانەوە، نابێت ناکۆکیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیلدا لەبەرچاو نەگرین. ئەم ئاستەی ناکۆکییەکان نابێتە هۆی ئەوەی کە ئەگەری هێرشی سەربازی و لەناوبردنی ڕێبەری ئێران لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بێت. ڕووداوی لەم شێوەیە دەتوانێت تەواوی سیناریۆکە بباتە ناو پرۆسەیەکی تەواو نوێوە. بە واتایەکی ڕوونتر؛ لە ماوەیەکی کورتدا هیچ موعجیزەیەک نییە. کۆماری ئیسلامی تەنها لەنێوان سێ بژاردەدا دەخولێتەوە: خراپ، خراپتر و خراپترین.
جگە لە بابەتی گەمارۆکان و کاریگەرییەکانی، قەیرانەکانی ئێستای ناوخۆی ئێران بەرەو کوێ دەچن؟ خەڵک چاوەڕوانی چ ڕووداوێکن؟
هەموو قەیرانەکان لە یەک کاتدا و پێکەوە دروست بوون و ئەمە لە ئێراندا نەک تەنها ڕاستییەکی تاڵە؛ بەڵکو دۆخێکی یەکلاکەرەوەیە و چارەنووس دیاری دەکات. ئەوەی لە بەردەمماندایە تەنها ڕژێمێکی گەمارۆدراو نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە سەرمایەی دەرەکیی خۆی لەدەستداوە، لە ناوخۆشدا لە بواری سەربازیدا تووشی شکستێکی گەورە بووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیانێکی جددی پێگەیشتووە و لە ڕووی بەڕێوەبردنیشەوە گەیشتووەتە لوتکەی گەندەڵی، بێتوانایی و ستەمکاری. ئێستا هەموو ئەم قەیرانە کەڵەکەبووانە، لەگەڵ قەیرانە گەورەکانی ئابووری، جڤاکی و ژینگەییدا یەکیان گرتووە و وڵاتیان بەرەو تەقینەوە بردووە.
ئەمڕۆ ئێران نەک تەنها ڕووبەڕووی هەڵاوسانی بەلێشاو، دابەزینی بەهای دراو، بێکاریی گشتی و گەندەڵیی سیستەماتیک بووەتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بووەتە جڤاکێک کە تێیدا درزە چینایەتییەکان قووڵن، جیاوازیی ڕێکخراوەیی ئایینی و نەتەوەیی، ناکۆکیی بنەڕەتیی شێوازی ژیانی هاوڵاتیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، دژایەتیی ژنان لەگەڵ هێزی سیاسی، ناکۆکیی گەنجان لەگەڵ بەهاکانی ڕژێم، شەپۆلی کۆچی زانایان و خوێندکاران و شەپۆلی ناڕەزایەتیی چینە جیاوازەکانی کرێکاران و کاسبکاران پێکەوە سەریان هەڵداوە. لەتەنیشت هەموو ئەمانەوە، گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو، پیسبوونی هەوا و وێرانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان، هەڕەشە لە بنەمای ژیانی جڤاکی دەکەن. بە واتایەکی تر، ژیانی سروشتی و ئاسایشی ژیانی جڤاکی بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو تێکچوون دەچێت.
ئەوەی ئەم دۆخە مەترسیدار دەکات، تەنها زۆربوونی قەیرانەکان نییە، بەڵکو پێکەوەبوون و تێکەڵبوونی ئەم قەیرانانەیە. ئەمەش هەمان شتە کە لە پرۆسەکانی گواستنەوەدا پێی دەوترێت "قەیرانی گەورەی سیستەمی". واتە لەو ساتەدا کە سیستەمی سیاسی چیتر ناتوانێت خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و هەر جووڵەیەکی قەیرانێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
لە دۆخێکی وادا، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم شکست، بێتوانایی و ڕزینەی ناو سیستەمەکەی بە نیشاندانی هێز لە ناوخۆدا بشارێتەوە. زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، فشار و گفتوگۆ چارەسەرییەکانی ڕژێم نیشانەی بەهێزی نین، بەڵکو نیشانەی قەیرانی دەسەڵاتن. هێزێک کە بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ توندوتیژیی ئاشکرا دەبات، لە ڕاستیدا سەرمایەی بنەڕەتیی خۆی لەدەستداوە. ئەمە هەمان ئەو ساتەیە کە دەسەڵات تووشی سیندرۆمی دەسەڵاتداری دەبێت و وا بیر دەکاتەوە کە بە نیشاندانی هێزی زۆر دەتوانێت خۆی لە قەیرانەکان ڕزگار بکات، لە کاتێکدا ئەم نمایشانە نیشانەی لاوازی و شکستە.
هەڵبەت، نابێت وا بیر بکرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوی هێزی سەرکوتکردنی لەدەستداوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم هێزە لاواز بووە و ڕزیوە. سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی دیزاین کراوە، نەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی دەرەکی. لە لایەکی ترەوە، دژایەتیی گەل هێشتا لە زۆر بواردا بە تەواوی خۆی لە لۆژیک و هۆشمەندیی سیستەمی دەسەڵاتدار دانەبڕیوە. پرسیاری سەرەکی هێشتا بێ وەڵام ماوەتەوە؛ مۆدێلی تێکۆشانی جڤاکی بەرامبەر بە دەسەڵاتێک کە ئامرازی بنەڕەتیی توندوتیژییە، چییە؟ ئەم مۆدێل یان شوێنگرەوەیە تا چەند لەناو جڤاکدا بڵاوبووەتەوە؟
لە مانگەکانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی دیاردەیەک بووینەتەوە بە ناوی دۆخی "چاوەڕوانی و دواکەوتن". بەشێک لە جڤاک و هێزە سیاسییەکان چاوەڕێی ئەوەن کە گۆڕانکارییەک لە دەرەوە ڕووبدات و ڕێگای دەسەڵاتیان بۆ بکاتەوە. کەس نازانێت ئایا دەستێوەردانێکی سەربازیی دەرەکی ڕوودەدات یان نا. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، پێویستە مرۆڤ بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادە بێت. لەگەڵ ئەمەشدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی ناتوانێت جێگە و ڕۆڵی گەل و لێهاتوویی جڤاکیی لە بواری گۆڕانکارییەکاندا بگرێتەوە.
ترسناکترین هەڵە، سیاسەتی چاوەڕوانییە. واتە "با کۆماری ئیسلامی بڕوخێت، دواتر ئێمە سیستمێکی نوێ دروست دەکەین"، ئەمە خەیاڵێکە کە مردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. تێپەڕبوون لە سیستمێک بەبێ ئامادەکاریی جڤاکی، ئازادی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو پشێوی و زیندووکردنەوەی ستەمکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. شوێنگرەوە پێویستە لە دڵی ئەم سیستەمەدا کە بەرەو تێکچوون دەچێت، شێوە بگرێت، نەک دوای مردنی.
لێرەدا پرسیارە بنەڕەتییەکە واتادار دەبێت: ڕۆڵی من چییە؟ لە سیستەمی شوێنگرەوەدا لە کوێدا دەوەستم؟ پشکی من لە بنیاتنانی داهاتوودا چییە؟ ئەم پرسیارە سادانە، دەبنە بناغەی بوون بە بکەر و ئەکتەری گشتی و جڤاکی. ئەگەر هێزی گشتیی جڤاکی لە سەرەتاوە ڕێکنەخرابێت، لە ساتی بۆشاییدا هێز لە جڤاک دەسەنرێتەوە. لەبەرئەوە، بابەتی سەرەکیی ئەمڕۆ لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، تەنها ڕووخاندنی سیستەمی ئێستا نییە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی شوێنگرەوە.
گەر کۆمەڵگە نەتوانێت کاریگەری لەسەر هەلومەرجەکان هەبێت، یەکگرتوو نابێت و دەستپێشخەری لە کاتی خۆیدا ئەنجام نادات، کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بەبێ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، درێژە بە بوونی خۆی بدات. باجی ئەم بارودۆخەش دووبارە گەل دەیدات. پێوەر دیارە؛ کۆمەڵگە پێویستە ژینگەی هەنووکەیی لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و سنوورەکانی ڕژێم تا کۆتایی بچووک و بەرتەسک بکاتەوە. ئیرادەی گشتی پێویستە دوورتر بڕوات و گەورەتر بێت لە ئیرادەی مانەوەی کۆماری ئیسلامی. ئەم بارودۆخە پێویستی بە هێنانەدی هەیە و گرنگترین شت وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە؛ لە پرۆسەی ڕووخاندا کام هێز سیستەمێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟
ئەزموونە مێژووییەکان پێمان دەڵێن؛ تەنها ڕووخانی سیستەمێكی سیاسی، نابێتە هۆکار بۆ بەدیهاتنی دیموکراسی. ئەوەی دەرئەنجامی ڕووخانەکە دیاریدەکات، بریتییە لە ئاستی ئامادەکاریی هێزی کۆمەڵایەتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێز.
هەرچەندە لە پرۆسەی ڕووخان یاخود ڕزگاربووندا لە ئێران بۆشایی دروست نابێت. هەریەک لە کارەکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان سەبارەت بە داهاتووی ئێران لۆجیکی تایبەتی خۆیان دەسەپێنن و دەیانەوێت درێژەی پێ بدەن. تورکیا، ئیسرائیل، عەرەبستان، قەتەڕ، ئیماڕات، ئەمریکا، چین و ڕوسیا تەنها چاودێر نین. هەریەکەیان بۆ ئێران خاوەن پڕۆژەن و مانەوە یاخود ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوانیش مانایەکی جیاوازی هەیە. لە گۆڕەپانێکی وەهادا ڕووخان یاخود دەربازبوون بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم مژارانە، سەپاندن یان لەڕێدەرچوون لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
لەبەرئەوە پێویستە ڕێبازی ناوخۆ بتوانێت دەستوەردانی ڕووخێنەری دەرەوە بێکاریگەر بکات و سوودێکی عاقڵانە لە هاوسەنگیی هێز وەربگرێت.
هەروەها یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکان لە ڕێی بەرەو ڕووخاندا، کێبڕکێیە بۆ بەدەستهێنانی بۆشایی هێز. ئەگەر هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و شەقام چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە نەتوانن لانیکەم چوارچێوەیەکی لێکتێگەیشتن دروستبکەن، ڕووخاندن دەتوانێت ببێتە هۆکاری شەڕی ناوخۆ یاخود سەرلەنوێ دروستبوونی باڵادەستی. تەڤگەرانی کورد، بەلوچ، عەرەب، ئازەری، تورکمان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەگەر لە ئێستاوە پێناسەیەکی هاوبەشی داهاتوو و یەکێتیی ناوخۆیی نەکەن، لەوانەیە گۆڕەپانەکە بە تەواوی بۆ هێزە دواکەوتووەکان چۆڵ ببێت. نابێت ئەم مەترسییە بە بچووک و ئاسایی ببینرێت. ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات ئەگەر هێشتا بە ناکۆکییە تاکەکەسییەکان و پێشبڕکێی پڕوپاگەندەوە سەرقاڵە و دابڕاوە لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی، نەک تەنها بەکەڵک نایەت، بەڵکو دەبێتە هۆکاری وەستاندن و ئاستەنگی.
سیستەمی نوێ بەرهەمی گێڕانەوەیەکی دەرەوە نییە، گێڕانەوەی دەنگێک و ناوەندێکە. ئەنجامی هاوپەیمانیی ناوەندە جیاواز و زۆرەکانی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە، بێ ئەوەی یەکتر لەناوببەن، سیستەمێکی دیموکراتیکی نوێ دادەمەزرێنن.
سەبارەت بەم پرۆسەیە، پێشنیاری ئێوە بە شێوەیەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگە چییە؟
ئەزموونە بابەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا نیشانیانداوە، کە لە ساتەوەختی دابڕانی مێژوویدا سیستەمی شوێنگرەوە لە سەرەوە نا، بەڵکو لە ژێرەوە خۆی دروستدەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجوومەنەکانی گەل و تەونە کۆمەڵایەتییەکان هاوتەریب لەگەڵ بەرخۆدان لە شەقام و لەناو شەڕدا توانیان سیستەمێکی گونجاو و چالاک دابمەزرێنن. لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیش ئەنجوومەنە ناوچەییەکان و تەونە کۆمەڵایەتییەکان، تا ڕادەیەک زەمینەی سیستەمی دیموکراتیکیان ئامادەکردووە. پەیامی ڕوونی ئەو نموونانە ئەوەیە، کە مۆدێلی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا پێویستە سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە. سیستەمی نوێ نە خۆی لەسەر دەرەوە دەسەپێنێت، نە لە سەرەوە دەسەپێنرێت. شوێنگرەوە لە کاتێکدا گەشەدەکات، کە لە ژێرەوە بێت و لە دڵی ژیانی ڕۆژانەوە ڕەگەکانی بڵاوبکاتەوە.
دەتوانین ئەم پرۆسەیە وەکو ڕاهێنانی بەرخۆدان و دیموکراسی لە ئاستێکی بچووکدا پێناسە بکەین. یەکەم یەکە خێزانە. بچووکترین خانەی کۆمەڵگە کە بەڕێخستنبوونی ڕێگەخۆشکەردەبێت بۆ مانەوە، هاوکاری و بەرخۆدان، کە یەکەم هەنگاوی شوێنگرەوەکانە. ئاستی سەرووتر شەقام و گەڕەکە؛ دروستکردنی کۆمیتەی بچووک، ئەنجوومەنی ناوچەیی، تەونەکانی هاوکاری، دابەشکردنی ڕۆڵەکان و دیاریکردنی سەرچاوەی هاوبەش، ئامڕازی سەرەتایی بەڵام ژیانین بۆ پەیداکردنی هێزی کۆمەڵایەتی. پێویستە ئەم عەقڵیەت و ڕێکخستنبوونە لە ئاستی ژێری ژێرەوە بەرەو ئاستی ناوچە و شار بەرفراوانتر ببێت و پێشبکەوێت.
لە ئێستادا گرنگیی ئەم مۆدێلە دوو هێندەیە، لەبەرئەوەی پەلەکردن بۆ ڕووخانی دەسەڵات زیاتر بووە و ئەگەری ڕوودانی شەڕ یاخود ئاڵۆزیی گەورە لە هەر ئانوساتێکدا هەیە. لە سەردەمێکی وەهادا هەڵوێستی گونجاو ئەوە نییە، کە لەناو چاوەڕوانییەکی ماوەدرێژدا بیت، یاخود هیوای خۆت ببەستیتەوە بە دەرەوە. باشترین وەڵامدانەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگە ژیانی پێکەوەیی و سنوورەکانی ئەم ژیانە لە ڕووی جوگرافییەوە نا، بەڵکو لە ڕووی زیهنی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییەوە لە کۆنترۆڵ و سەروەریی کۆماری ئیسلامی بێنێتە دەرەوە و لێی بستێنێتەوە. ئەمە نەک تەنها پڕۆژەیەکی بەرگرییە، بەڵکو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی سەروەریی کۆمەڵایەتییشە.
کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا هەوڵدەدات کۆمەڵگە پارچە پارچە و گۆشەگیر بکات، وای لێبکات بێ ئارەزوو و بێ ئیرادە بێت. خاڵی دژی ئەم ڕێبازەی ڕژێم بریتییە لە یەکێتی، ئیرادەی پێکەوەیی و کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێکخستنکردن. بۆ سەرکەوتن پێویستە مرۆڤ خۆی لەو چارەنووسە دووربخاتەوە، کە سیستەمی دەسەڵاتدار هەوڵدەدات بیسەپێنێت و بەڕێوەچوونی وێرانکاریی کۆمەڵگە و ژینگە ڕابگرێت. باجی دواکەوتن لە داهاتوودا زۆر قورس دەبێت. عەقڵیەتێکی لەم شێوەیە تەنها بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان نییە، بەڵکو بناغەی سیستەمێکی دیموکراتیکە، کە ڕەوابوونی، لە ئیرادەی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت.
داهاتووی نزیکی ئێران پڕە لە ڕووداوی نادیار. لە ئەگەری شەڕەوە بیگرە تا دەگاتە مردنی ڕێبەری ئێران و شەڕی ناوخۆ لەنێوان هێزەکاندا. بەڵام ئەم داهاتووە تەنها تاریک نییە. ئەگەر کۆمەڵگە خۆی بەڕێکخستن بکات، دەتەوانێت بۆشایی هێز بکاتە زەمینەی ژیانەوەی سیستەمی دیموکراتیک. سەرکەوتنی ڕاستەقینە، تەنها لە کەوتنی سیستەمێکی ڕزاو و زۆرداردا کورت نابێتەوە. سەرکەوتن بە مانای هێزی کۆمەڵگە دێت لە سەرلەنوێ بونیاتنانی سیستەمێکی نوێ، کە لە ژێرەوە دەستپێدەکات. لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی دامەزراوە و شکۆی مرۆڤ دەکاتە ژێرخانی ڕەوابوونی خۆی.
ئەو ئەرکە مێژووییە لە ئێستادا لەبەردەم گەلانی ئێرانە. بونیاتنانی داهاتوو ناکەوێتە دوای قەیرانەکان، بەڵکو لە هەناوی قەیرانەکان و لە ئێستا بەدواوە ئەنجامدەدرێت. گەلی کوردستان بەهۆی ئەزموونی مێژوویی خۆی، توانا و ڕابردووی بەرخۆدانی، دەتوانێت ڕۆڵی پێشەنگایەتی لەم پرۆسەیەدا ببینێت. ئێمەش وەکو هێزی گرێدراو بە ئیرادەی گەلەکەمانەوە بۆ تەواوی سیناریۆکانی بەردەممان ئامادەین. هەروەها ئەرکی خۆمان بەو شێوەیە بەجێدەهێنین، کە لە ئاستی گەلەکەماندایە.
لە هەڵسەنگاندنێکی گشتیدا ئەگەر هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئێستاوە خۆیان لە چوارچێوەی ئاستی جیاوازدا، ناوچەیی و پێکەوە بەڕێکخستن بکەن، دەتوانن ساتی ڕووخان بکەنە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دامەزراندنی هێزی کۆمەڵایەتی و هۆنینەوەی سیستەمێکی نوێ. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، تەنها ڕووخانی سیستەمێک نییە، کرانەوەی گۆڕەپانێکە بۆ داڕشتنی سیستەمێکی نوێ."