کەجەکە: پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەی بەدیهێنانی خەونی شەهیدانی ١٠ـی تشرینی یەکەمە

کەجەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەنقەرە کە پێش ١٠ ساڵ لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا ئەنجامدرا، شەهیدانی بیرهێنایەوە و گوتی: "ئایدیاڵەکەیان بۆ خوشک_برایەتیی گەلان، ئاشتی، ئازادی و ژیانی دیموکراتیک لە تێکۆشانمدا زیندوو ڕادەگرین".

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە دەیەمین ساڵیادی ئەو هێرشەی کە ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە گردبوونەوەی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی ڕوویدا، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. ئاماژە بەوە دەکات، لەم کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە ١٠٠ گیانیان لەدەستداوە، ئەم کۆمەڵکوژییە یەکێکە لەو ڕووداوە تاریکانەی لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا ڕوویداوە. کەجەکە ڕایگەیاند کە حەسرەتی ئاشتی و ژیانی دیموکراتیکی شەهیدانی ١٠ـی تشرینی یەکەم لە تێکۆشانی گەلاندا زیندوو ڕادەگیرێت، گوتی: "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەی بەدیهێنانی خەونی شەهیدانی ١٠ـی تشرینی یەکەمە".

ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"لە هێرشی ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە گردبوونەوەی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری (گار)ـی ئەنقەرە، زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی شەهیدبوون و سەدانیش برینداربوون. ئەم کۆمەڵکوژییە نامەردانە دژی ئایدیاڵی گەلان بۆ خوشک_برایەتی و پێکەوەژیانی دیموکراتیک، لە دەیەمین ساڵیادیدا بە توندی شەرمەزار دەکەین و بەڕێزەوە یادی قوربانییەکان دەکەینەوە. ئایدیاڵەکەیان بۆ خوشک_برایەتیی گەلان و ئاشتی و ئازادی و ژیانی دیموکراتیک، لە تێکۆشانی گەلانماندا زیندوو ڕادەگیرێت و گەشتەکەی بەرەو سەرکەوتن بەردەوام دەکات. جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە حەسرەتی گەلان بۆ ئاشتی و ئازادی و خوشک_برایەتی بە کۆمەڵکوژی خوێناویی لەناو ناچێت. ناتوانێت ڕێگری لە ئایدیاڵی گەلان بۆ یەکسانی و ئازادی و پێکەوەژیان لە تورکیایەکی دیموکراتیک بکات. ئەوانەی بۆ ژیانی یەکسان و ئازادی گەلان، گۆرانی ئاشتی و خوشک_برایەتی دەڵێنەوە و هەڵدەپەڕن، هەر لە سەرەتاوە ئەم هێزەیان تێکشکاندووە. بە دڵنیاییەوە حەسرەتەکەیان بەدی دێت.

یەکێکە لەو کۆمەڵکوژییە تاریکانەی کە لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا ئەنجامدرا

کۆمەڵکوژیی گاری ئەنقەرە، یەکێکە لەو کۆمەڵکوژییە تاریکانەی لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا ئەنجامدرا. هەرچەند ١٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕبووە، هێشتا هەموو ڕەهەندەکانی ڕۆشن نەکراوەتەوە، ئەمە یەکسەر ڕۆڵی دەوڵەت و دەسەڵات لەم کۆمەڵکوژییەدا نیشان دەدات. ئەو کۆمەڵکوژییەی بە دەستی داعش ئەنجامدرا، ناتوانێت ڕۆڵی دەوڵەت و دەسەڵات پەردەپۆش بکات. داعش لە زۆر هێرش و کۆمەڵکوژییدا بەکارهات، لەم کۆمەڵکوژییەشدا بەکارهێنانێک هەیە.

هەر ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە پێش ئەو شەڕە ڕوویدا کە ١٠ ساڵە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەکارهێنانێک هەیە. بەڕێکەوت نییە کە ئەو جۆرە کۆمەڵکوژییانە پێش هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەم ڕوویانداوە. لەو ماوەیەدا کە ئەم جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدرا، کرێکاران، ژنان و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە پێناو ئاشتی و ڕێگریی لە شەڕ ئەم چالاکییە مێژووییەیان ئەنجامدا. ئەم چالاکییە هەمیشە لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی لە تورکیادا یاد دەکرێتەوە. دوای ئەم هێرشانە، وردە وردە هەموو بوارە دیموکراتیکەکان لە تورکیا بەرتەسک کرانەوە، ئازادی سنووردار کرا. ئەو شەڕە پیس و تایبەتەی ماوەی دە ساڵە لە تورکیا بە پلەی یەکەم دژی هێزە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد بەردەوامە و دەرئەنجامی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بووە.

ئامانجی پرۆسەکە، بەدیهێنانی حەسرەتی شەهیدانی ١٠ـی تشرینی یەکەمە

ئەو فشارانەی ١٠ ساڵە بەردەوامن، نەیانتوانی گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا بشکێنن، بەپێچەوانەوە، سیاسەتی تورکیای ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیپلۆماسی کردووەتەوە. لەم دە ساڵەدا، گەلانمان قوربانیان داوە، بەڵام دەستیان لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی بەرنەداوە کە خواستی شەهیدانی ١٠ـی تشرینی یەکەم بوون. لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانەدا، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە دەسپێشخەریی ڕێبەر ئاپۆ، دەستی پێ کرد. ئامانجی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە سەرەتادا، بەدیهێنانی خەون و خەیاڵی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی ١٠ـی تشرینی یەکەمە. هەرکات ئەم پرۆسەیە گەیشتە سەرکەوتن، قوربانیدانی گەورەی شەهیدەکانمان کە گیانی خۆیان بەخشی، واتادارتر دەبێت.

بۆیە دەبێت هەموو گەلەکەمان و دۆستەکانمان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەشێوەیەکی چالاک بەشداریی تێکۆشان بکەن. ڕاستترین وەڵام بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکان، ئەمەیە. بەم بۆچوون و باوەڕەوە، دیسانەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژیی گاری ئەنقەرە بەڕێزەوە بیردەهێنینەوە، بەڵێن دەدەین کە یادی ئەوان لە تێکۆشانمان زیندوو ڕابگرین و خەون و خەیاڵەکانیان بەدی بهێنین".