کەرکوک، داوا دەکرێت یەکسانی بکرێت لەنێوان ڕەنجی ژنان و پیاوانی کرێکار

لە گردبوونەوەی ژمارەیەک لە پارت، ڕێکخراو و کەسایەتی چەپی شاری کەرکوک، بەبۆنەی ١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران داوا دەکەن یەکسانی بکرێت لە نێوان ڕەنجی دەستی کاری ژنان و پیاوان.

ئەمرۆ دووشەممە بەبۆنەی رۆژی ١ی ئایار کە دەکاتە رۆژی جیهانی کرێکاران، لە باخچەی (ئەحمەد ئاغا)ی شاری کەرکوک کە باخچەیەکە تایبەت بە کۆبوونەوەی کرێکارانی شارەکە، ژمارەیەک لە پارتی سیاسی، ڕێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی، ڕێکخراوەکانی ژنان، سەندیگا و ژمارەیەک لە ڕێکخراو و کەسایەتی چەپی شارەکە، چالاکییەکی گردبوونەوەیان ڕیکخست بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ١ی ئایار بۆ جەختکردنەوە لەمافی چینی هەژار و کرێکار.

جێگای باسە چالاکی گردبوونەوەکەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کەرکوکەوە ڕێکخرابوو، هەروەها لەنێوان ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی کە بەشداربوون تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیش بەشداربوون، هەریەکە لە هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و ئەندامانی ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەشدارییان لە چالاکییەکە کرد بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ١ی ئایار و پشتیوانی و داکۆکی لە مافی کرێکاران.

سەرەتای گردبوونەوەکە بەخولەکێک وەستان بۆ روحی ئەو کرێکارانەی کە لەکاتی کارکردندا ژیانیان لەدەستداوە دەستیپێکرد، پاشان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا یادشتنامەیەکیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد کە تیدا چەند داواکارییەکیان هەبوو لە پیناو باشترکردنی ژیانی چینی کرێکار و هەژار.

سەبارەت بە چالاکی بەرزڕاگرتنی رۆژی ١ی ئایار، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "وەکو لای هەمووان ئاشکرایە رۆژی ١ی ئایار رۆژی جیهانی ئەو کەسانەن کە ئەم کۆمەڵگایەیان بونیادناوە، کە کۆمەڵگای جیهان لەسەر ڕەنج و شانی کرێکاران بنیادنراوە بەڵام بەداخەوە چینی کرێکار چینێکن کە بەردەوام دۆخی نەهامەتی و هەژاردیدا دەژێن".

هەروەها کۆمەڵ سەرمەد سەبارەت بە بەشداری کردنیان لە چالاکییەکە ڕایگەیاند: "ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەفگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ئەمرۆ بەشداریمان لە چالاکییەکدا کرد بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە و داکۆکی کە مافی چینی کرێکار لەم شوێنەوە کە باخچەی ئەحمەد ئاغای)ی شاری کەرکوکە کە لەم شوێنەدا کرێکاران کۆدەبنەوە، لەم چالاکییەدا چەند داواکارییەک هەبوون لەنێوانیشیاندا چالاککردنەوەی سندوقی داهاتی کرێکار لەچوارچیوەی یاسایەک ڕێکبخرێت تا ڕەنجی کرێکار بەفیڕۆوە نەچێت و لەتەمەنێکی دیاریکراودا خانەنشین بکرێت، تا گەرەنتی ژیانی ئەم کرێکارە بکرێت".

لە کۆتایدا لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە داوای بەشداربووانی چالاکییەکە، کۆمەڵ سەرمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "لەم گردبوونەوەیە چەند داوایەکی باش هەبوون لەوانەش یەکسانی نێوان ڕەنجی دەستی کاری ژنان و پیاوان کە بەداخەوە لە هەندێک شوێن جیاوازی دەکرێت و ڕەنجی ژن کەمتر دەبینرێت بەراورد بە ڕەنجی پیاو، هەروەهاش داواکرا هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکاران بڕەخسێت و گەرەنتی ژیان و بیمەی بۆ کرێکاران دابین بکرێت کە رۆژانە مرۆڤی کرێکار ڕووبەڕووی زۆر کاری قورس دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراق هەلی کار و ژینگەی باشتر بۆ چینی کرێکار بڕەخسێنێت".

هـ . ب