لە دێرسیم هەزاران کەس ١ی ئایاریان پیرۆز کرد

لە دێرسیم هەزاران کەس بۆ پیرۆزبایی یەکی ئایار رژانە گۆڕەپانی سەید رەزا و جەژنی کرێکارانیان پیرۆز کرد.

لە دێرسیم بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسی کە ژمارەیەکی زۆر پارتی سیاسی و رێکخراوی مەدەنی تیایدا بەشدارن ١ی ئایار پیرۆز کرا. پارتە سیاسیەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان بەر لە پیرۆزباییەکە لە شەقامی هونەر کۆبوونەوە. بە هەزاران کرێکار کە هێلەکی سەندیکاکانیان پۆشیبوو بە بەرزکردنەوە لافیتە و پلاکارد لەبارەی ١ی ئایارەوە بەرەو گۆڕەپانی سەید رەزا کە پیرۆزباییەکەی تیایدا بەڕێوەدەچوو رێپێوانیان کرد.

لە رێپێوانەکەدا کە بە جۆش و خرۆشەوە سازکرا، بە چوار زمان پلاکاردی "بۆ ماندووبوونی یەکسان کرێی یەکسان"، "١ی ئایار لە دژی شەڕ و چەوساندنەوەی رەنج"، "ئاشتی، دادپەروەری، ئازادی، سۆسیالیزم" بەرزکرانەوە.

لە رێپێوانەکەدا بە چەپڵەرێزان و هەلهەلە دروشمەکانی "بژی یەکی ئایار" و "ئەو رۆژەدێت کە ئاکەپە باجی کردەوەکانی دەدات" وترانەوە. لە رێپێوانەکەدا وێنەکانی پێشەنگانی شۆڕشگێریش بەرزکرانەوە. دوکاندارانیش بە چەپڵە و دروشم پشتیوانیان لە رێپێوانەکە کرد.

گەل بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە رژانە گۆڕەپانەکە. کاتێک دەستەی پارتی چەپی سەوز هاتەناوەوە، چەپڵە و هەلهەلە لە گۆڕەپانەکە دەنگیدایەوە. هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک و وتەبێژی پارتی چەپی سەوز جیدەم کلیچگون ئوچاریش لە دەستەکەدا بەشداربوون. لە پیرۆزباییەکەدا دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "١ی ئایار سوورە و بە سووری دەمێنێتەوە" وترانەوە. گۆڕەپانەکە هەرزوو پڕ بوو. ژمارەیەک لە دەرەوەی گۆڕەپانەکە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد و بە وتنەوەی گۆرانی کوردی هەڵپەڕکێ سازکرا.

هـ . ب