مەسەدە و سوریای ئایندە ڕۆژی ١ ی ئایار پیرۆزدەکەن

پارتی سوریای ئایندە و ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، بەبۆنەی ١ ی ئایارەوە پیرۆزبایی لە کرێکاران دەکەن، داوا دەکەن هەمووان هەوڵەکان یەکبخەن بۆ پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەخشینی مافی کرێکاران.

بەبۆنەی ١ ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، زۆرێک لە دامەزراوە و قەوارە و پارتە سیاسییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بروسکە و ڕاگەیاندراوی پیرۆزباییان بۆ کرێکاران بڵاوکردەوە.

مەسەدە لە بروسکەیەکی پیرۆزباییدا لەسەر پێگەی فەرمی خۆی دەڵێت: «بەبۆنەی ١ ی ئایار، جەژنی جیهانیی کرێکارانەوە، ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک گەرمترین پیرۆزبای لە ڕۆڵەکانی چینی کرێکار لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وڵاتەکە و جیهان دەکات».

هەروەها دەڵێت: «سوپاس و ستایشی هەر هاوڵاتییەک دەکەین درک بە بەها و نرخی کار دەکات، هەوڵی دڵسۆزانە دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی چاکە و گەشەکردن».

هەروەها بروسکەی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک جەختدەکاتەوە لەوەی نرخاندنی هەوڵی ئەم چینە ڕەنجدەرە بنیاتنانی سوریایەکی باشترە بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوو، پاش ڕزگاربوون لە ستەم و تیرۆر و داگیرکاری و لەناوبردنی هەموو جۆرەکانی چەوسانەوە و جیاکاری، لەگەڵ هەنگاونان بۆ کۆمەڵگەیەک تێیدا ڕێز لە کرێکار دەگیرێت و مافەکانیان دەپارێزرێت، کۆمەڵگەیەک گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەڕەخسێنێت لەنێو سوریایەک کە هەموو پێکهاتەکان بگرێتەخۆ».

لای خۆیەوە، پارتی سوریای ئایندە ئەم یادەی لە کرێکاران پیرۆزکرد، لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێک لەبەردەم بارەگای پارتەکە لە شاری ڕەققە و بە ئامادەبوونی ئەندامەکانی لەلایەن سکرتێری گشتی پارتەکە سوهام داود خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە جەختی لە ڕۆڵی کرێکاران کردەوە لە کۆمەڵگەدا، داوای کرد بۆ یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێدانی مافی کرێکاران.

هەروەها خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی کرێکارانی بەرزنرخاند، پیرۆزبایی گەرم و پڕبەدڵی لێ کردن بەبۆنەی ئەم یادە گرنگەوە، ڕێز و نرخاندنی دەرخست بەرامبەر بەخششی بەرهەمداری کرێکاران لەپێناو بنیاتنان و پێشخستنی کۆمەڵگەکەیان، چونکە بە هەموو توانا و بەهرەیان، فیداکارانە و دڵسۆزانە بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەن.

پارتەکە جەختی کردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە هەموو بەها و پرەنسیپە بەرزەکان پەیوەست بە مافی کرێکاران لە پیادەکردنی دیموکراسییەکی دروست، دووپاتی کردەوە، متمانە دەکەین بەوەی کرێکارانی سوریا دەبنە پێشەنگ و بەشدار لە بنیاتنانی سوریای ئایندە کە سوریەکان بۆی تێدەکۆشن.

ف.ق