پەیەدە لە سویسرا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بەست

پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێکخستن بۆ فراوانبوون و بنیاتنان لە ئەوروپا، لە ناوەندی «ڕۆژئاوای کەلتووری» لە زیوریخ لە سویسرا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بەست، بە بەشداری ٤٠ ئەندامی نوێنەری زۆربەی کانتۆنەکان.

پێگەی فەرمی پەیەدە هەواڵیکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەرفراوانی پارتەکە لە شاری زیوریخ، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێکخستنی فراوانبوون و بنیاتنانی پارتەکە لە ئەوروپا.

لە دەقی هەواڵەکەدا هاتووە:

«لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێکخستنی فراوانبوون و بنیاتنانی پەیەدە لە ئەوروپا، پارتەکە لە سویسرا لە ٣٠ نیسان لە ناوەندی «ڕۆژئاوای کەلتووری» لە شاری زیوریخ کۆبوونەوەیەکی بەست، بە بەشداری ٤٠ هەڤاڵی نوێنەری زۆربەی کانتۆنەکان لەنێویشیاندا ژنان و گەنجان، کاری دانیشتنەکە لەلایەن هەڤاڵ عەلی عومەر ئەندامی کۆمیتەی ئیداری پارتەکە لە سویسرا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان دیوانی پارتەکە هەڵبژێردرا و ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە خوێندرایەوە.

ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سیاسی و خوێندنەوەی بۆچوون و شیکارییەکانی ئیدارەی پارتەکە، هەروەک لە گفتوگۆکاندا باس لە پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریا بەگشتی و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت کرا، لەگەڵ دەسپێشخەریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا و کردنەوەی دەروازەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەبەردەم پەنابەرە سورییەکان، لەنێویشیاندا ئەو پەنابەرانەی لە لوبنان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.

هەروەک لە گفتوگۆ و لێکدانەوەی هەڤاڵاندا باس لە ڕەوشی باکوری کوردستان و هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرا، هەڵبژاردنەکان وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمارکرا لە مێژووی تورکیا و باکوری کورستان و ناوچەکە و جیهان، لەگەڵ باسکردن لە ڕەوشی گەلەکەمان لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی تورکیا و چەتە سورییەکانی کرا، بەتایبەت عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپی، هەروەها ئەو پێشێلکارییە بەردەوامەی لەوێدا دژی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ پرۆسەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی و کەلتووری بەتایبەت لە عەفرین.

هەروەها بەدرێژیی هەڵوەستە کرا سەبارەت بە ڕەوشی ڕێکخستن و شێوازەکانی پێشکەوتن لە کار و تێکۆشان، لەپێناو بەدیهاتنی دەسکەوتەکانی قۆناغەکە، هەروەها کۆمیتەی ئیداری ناوەندەکە هەڵبژێردرا کە پێکهاتبوون لە هاوسەرۆکان و نۆ ئەندام لەنێویشیاندا ژنان و گەنجان. پاشان چەند بڕیارێک دران لەپێناو فراوانکردن و کاراکردنی چالاکییەکانی پەیەدە لە سویسرا، جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە هەڵمەتی ڕێکخستن و پەرەپێدانی کاری ناوەندی «ڕۆژئاوای کەلتووری»، لەگەڵ دانانی پلان و بەرنامەی چالاکییەکان بۆ قۆناغی ئایندە».

ف.ق