یەڵدرم: بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت

ئەحمەد یەڵدرمڕایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە گوێ لە سەرنجەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگیرێت و وتی: "بەڕێز ئۆجالان کارەکتەرێکە کە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی ڕێکخستن هێنا بۆیە تاوەکو پێشنیاری ڕوونی لێ وەرنەگیرێت، پرۆسەکە بەڕێوە ناچێت."

لە تورکیا گەڕان بۆ ئاشتی و ئەو کۆمیسیۆنی چارەسەرییەی لە پەرلەمان دروستبوو، شوێنی خۆیان لە ڕۆژەڤدا دەپارێزن. سیاسەتمەدار ئەحمەد یەڵدرم هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کرد.  

ئەحمەد یەڵدرمڕایگەیاند، کە لێگەڕانەکانی ئاشتیی ڕێبەر ئاپۆ نوێ نین، لانیکەم بەر لە ٣٢-٣٣ ساڵ دەستی پێکردووە و وتی: "دوای ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو لە ١٧ـی ئاداری ١٩٩٣ـدا لە بارئیلیاس دیداری لەگەڵ نێردراوانی سەرۆککۆمار تورکوت ئۆزالدا کرد. ئەو دیدارانە وەکو پێش‌نموونەی بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوبات بوون." 

یەڵدرم ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو کاتەش وتی: "پێکهاتەی تێکۆشانی چەکداری گۆڕاوە و پێویستە ئەمە بە ئاشتی بگاتە ئەنجام."

یەڵدرم ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێبەر ئاپۆ بەگوێرەی هەلومەرجە گۆڕاوەکانی جیهان، پێداچوونەوەی بە ڕێکخستن و تێکۆشانەکەیدا کرد، بەگوێرەی جیهانی هاوچەرخ چارەسەرییەکی گونجاوی دەستنیشانکرد، بەڵام لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا نەیانتوانی  ترس و فۆبیا لەسەر خۆیان لابەرن، لێگەڕین لە ئاشتی لەبەری داینامیکە ناوخۆییەکانی وڵات، بە ناچاریی و بەهۆی ڕووداوە ناوچەییەکانەوە دەستی پێکرا، کە ئەمە مایەی ناڕەزایەتییە. 

یەڵدرم پرۆسەی ئەورووپای بە نموونە هێنایەوە، کەو دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم ئاشتی دامەزرا و بیری هێنایەوە، کە ئەم مێژووە ئازاربەخشە بووە ئاشتییەکی هەمیشەیی. 

یەڵدرم ئاماژەی بەوە کرد، کە لە تورکیا نزیکەی ٥٠ هەزار کەس لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە و وتی، "بە پشت بەستن بەم ئازارە نابێت ساڵانێک سیاسەتی ڕق‌وکینە و تۆڵە سەندنەوە برەوی پێ بدرێت. یەڵدرم باسی لەوە کرد، کە تورکیا بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە جیاتی ئەوەی ئازارەکانی ئەم جوگرافیایە دووبارە بکاتەوە، پێویستە سەیری نموونەکانی دەرەوە بکات و 'ئاشتییەکی مۆدێل' بێنێتەدی. 

ئەحمەد یڵدرم ڕایگەیاند، کە یەکێک لە ئاستەنگییە هەرە گەورەکانی بەردەم پرۆسەکە ئەوەیە کە سیاسەتمەداران ململانێکانی هەڵبژاردنی خۆیان دەخەنە پێش داهاتووی ٨٦ ملیۆن کەس و وتی، "ئەمڕۆ کێ ئەمە دووبارە بکاتەوە، لەبەردەم مێژوو بەرپرسیارە." 

یەڵدرم باسی کارەکانی کۆمیسیۆنی لە پەرلەمان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆمیسیۆن لە ئێستادا تەنها بە مامەڵەی 'نیشاندانی نیاز' هەڵسوکەوت دەکات. 

یەڵدرم ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، بێگومان پێویستە کۆمیسیۆن هەنگاوی ئاشکرا بنێت. یڵدرم ڕایگەیاند، کە ئەم هەنگاوەش پێویستە بە گۆڕانکارییە یاساییەکان لە پەرلەمان ئاشکرا ببن و وتی، "پێویستە ئەو هەنگاوانە بنرێن کە پرسی ١٠٠ ساڵە چارەسەر دەکات." 

بۆ ئەم مەبەستەش باسی لەوە کرد، کە دوای کۆبوونەوەکان، لە دوای ١ـی تشرینی یەکەمەوە پێویستە ڕەشنووسی یاسایی ئاشکرا پێشکەشی پەرلەمان بکرێن، ئەگینا کۆمیسیۆن خۆی ڕەنجی خۆی بەفیڕۆدەدات. 

ئەحمەد یەڵدرم ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان کە پێویستە بنرێت، ئەوەیە کە بەرپرسانی دەوڵەت و کۆمیسیۆن گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ بگرن و وتی، "لەبری ئەوەی ئەم بابەتە لەبەردەم ڕای گشتی باس بکەن، پێویستە بڕیارێکی بوێرانە بدات، یان پێویستە کۆمیسیۆن بەڕێز ئۆجالان بانگهێشتی ئەنقەرە بکات، یاخود نوێنەرانی هەر لایەنێک، خۆیان بچەنە ئیمراڵی و دیداری لەگەڵ بکەن." یەڵدرم وتی، "پێویستە پێشنیاری ڕوونی لێ وەربگرن، کە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی ڕێکخستەکەی هێنا و کۆتایی بە چەک و توندوتیژی هێنا."