حکومەتی کاتی سووریا جەژنی نەورۆز و چەندین جەژنی نەتەوەیی و ئایینیی دیکەی هەڵوەشاندەوە

حکومەتی کاتیی سووریا لە بڕیارنامەیەکدا سەبارەت بە ڕۆژانی پشووە فەرمییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژ و جەژنەکانی پێکهاتەکانی سووریای هەڵوەشاندووەتەوە.

حکومەتی کاتیی سووریا بڕیارنامەی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ٢٠٢٥ـی تایبەت بە ڕۆژ و جەژنە فەرمییەکانی دەرکرد. لە بڕیارنامەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژ و جەژنەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی سووریا پشتگوێ خراون و هەڵوەشێندراونەتەوە. پێکهاتەکانی سووریا لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا تووڕەیی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەمە درێژکراوەی هەمان میتۆدی دوورخستنەوە و پشتگوێخستنە کە ڕژێمی پێشوو پەیڕەوی دەکرد.

لە بڕیارنامەکەدا ڕۆژی ٢١ـی ئازار کە جەژنی نەورۆزە، دیاری نەکراوە و لە شوێنی ئەو بڕیارەکەی ڕژێمی پێشووی بەعس جێبەجێ کراوە کە ٢١ـی ئازاری وەک ڕۆژی دایک دیاری کردبوو.

نەورۆز بۆ گەلی کورد لە سووریا و زۆربەی ناوچەکانی کوردستان جەژنێکی نەتەوەیی پیرۆزە، و لە زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئێران، ئەفغانستان، ئازرباینجان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پیرۆز دەکرێت.

یونسکۆ لە ساڵی ٢٠١٠دا دانینا بە نەورۆزدا و خستییە لیستی کەلەپووری کەلتووریی مرۆڤایەتییەوە، و ٢١ـی ئازاری وەک ڕۆژێکی نێونەتەوەیی بۆ پیرۆزکردنی دیاری کرد.

سەڕەڕای ئەم دانپێدانانە جیهانییە، حکومەتی کاتی لە سووریا شوێنپێی ڕژێمی پێشووی سووریای هەڵگرتووە. ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ١٩٨٨دا بڕیارنامەی ژمارە ١٠٤ـی دەرکردبوو و ٢١ـی ئازاری وەک "ڕۆژی دایک" دیاری کردبوو.

لە بڕیارنامە نوێیەکەدا جەژنی ئەکیتۆ، کە جەژنی نەتەوەیی سریانی، ئاشووری و کلدانییەکانە و هەموو ساڵێک لە ١ـی نیساندا پیرۆز دەکرێت و یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، پشتگوێ خراوە.

حکومەت هەروەها چەندین جەژنی نەتەوەیی دیکەی سووریاشی پشتگوێ خستووە، بەتایبەتی ڕۆژی شەهیدان، کە لە ٦ـی ئایاردا یاد دەکرێتەوە، ئەو ڕۆژەی کە عوسمانییەکان ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی سووریایان لە گۆڕەپانی مەرجەی دیمەشق لەسێدارە دا.