بە دیمەن

تۆماری وتارێکی یەڵماز گوینەی پێش ٤٣ ساڵ؛ دەستووری فاشیستان هەڵدەوشێنینەوە

نووسەر، دەرهێنەری کورد یەڵماز گوینەی کە لە دەرەوەی نیشتیمان گیانی لە دەستدا، ٤٣ ساڵ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی دیسک قسەی کرد. دەقی تۆماری ئەم قسانەی گوینەی بۆ یەکەمجار بڵاو دەکەینەوە. گوینەی ئەوکاتە داوای گۆڕینی دەستووری داسەپێنراوی کودەتای ١٩٨٠ـی کردووە.

یەڵماز گوینەی لە ساڵی ١٩٨٢

هونەرمەندی مەزنی کورد یەڵماز گوینەی لە ساڵی ١٩٨٢ لە دەرەوەی نیشیمان لە کۆبوونەوەی دیسک قسەی کردبوو. بەڵگەفیلمی ''Ona Çîrkîn Kral Derlerdî (پێیان دەگوت پاشای ناشرین)، کە لەلایەن دەرهێنەری فەرەنسی کلۆد وایز لە ساڵی ١٩٨٤دا وێنەی گیراوە، لە چوارچێوەی ژیانی یەڵماز گوینەی لە دوور لە نیشتیمانییدا، باسی دۆخی سیاسی تورکیا لەو سەردەمەدا دەکات. لە بەڵگەفیلمەکەدا بەشێک لە چاوپێکەوتن لەگەڵ یەڵماز گوینەی لە زیندان و بەشێک لە قسەکانی لە کۆبوونەوەی دیسکدا بڵاوکرایەوە.

گوینەی لە قسەکانییدا کە لە بەڵگەفیلمەکەدا بڵاوکراوەتەوە، باسی لە گرنگی ڕێکخستنی جیاوازی گەلی کوردی کردووە و گوتبووی، "تەڤگەرە چەپەکانی تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە هەمیشە وەک تەڤگەرێکی شوێنکەوتوو (پاشکۆ) لە تەڤگەری کوردییان ڕوانیووە. هەرگیز وەک بەشێکی گشتی، وەک بەشێکی تایبەتی شۆڕشی تورکیا نەیانبینیوە. هەربۆیە ئەمڕۆ گەلی کورد ڕووی لە ڕێکخستنی جیاواز کردووە. نابێت مرۆڤ بە شێوەیەکی بیرتەسکی نەتەوەیی لە پرسەکە بڕوانێت، دەبێت لە ڕووی بەرژەوندی هاوبەشی گەلانی تورکیا، ئێران، کوردستان، سووریا و عێراق لە پرسەکە بڕوانێت."

'بە چەکی خۆمان دەستووری فاشیتسەکان لەناودەبەین'

لە هەمان قسەکردندا گوینەی گوتبووی، "ئەمڕۆ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، تورکیا و بەشێک لە هەڤاڵانمان لە تورکیا باس لە دەستووری بنەڕەتی دەکەن کە لەلایەن فاشیستەکانەوە دامەزراوە. دەستووری بنەڕەتی کە لەلایەن کە فاشیستەکان ئامادە کراوە، نابێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەگەر فاشیستەکان بە زەبری چەک گەل ناچار بکەن دەستوور پەسەند بکەن، ئێمەش بە چەکی خۆمان دەستووری فاشیستەکان لەناودەبەین. ڕووخانی فاشیزم بۆ تێکۆشانەکەمان لە دژی فاشیزم ئامانجی سەرەکییمانە، فۆرمێکی تایبەتی تێکۆشانەکەمانە. لە وڵاتدا دیموکراسی گەل دادەمەزرێنین، بەرەو سۆسیالیزم دەڕۆین. ئەمە ئامانجی ئێمەیە. مەرجی سەرەکی ڕێگرتن لە شکست ئەوەیە کە بە شێوەیەکی درووست هەڵوێستەکانمان لەبەردەم هەڵەکان بە شێوەیەکی ڕاست دیاری بکەین. ئەگەر نامانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بگرین، دەبێت لە ئێستاوە خوێنی مردووان لەبەرچاو بگرین."