ڕێپێوانی "بەهیواوە بەرەو ئازادی ڕێدەپێوین"، کە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ١ـی تشرینی یەکەمدا دەستی پێکرد، بەردەوامە. ژنان کە چوار ڕۆژە لە ڕێپێوانەکە بەردەوامن، لە ئەدەنە بە بەشداریی سەدان کەس ڕێپێوانێکی شکۆداریان ڕێکخست. ژنان لەلایەن دایکانی ئاشتییەوە بە چەپکەگوڵ پێشوازییان لێ کرا و ڕۆژەکەیان بە گردبوونەوەیەکی شکۆدار کۆتایی پێ هێنا. ژنان بە بەردەوامی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیان بەرزکردەوە و داوای ژیانێکی ئازادیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دووبارەکردەوە.
لەناو بەشداربووانی ڕێپێوانەکەدا، پسپۆڕانی بواری جیاواز هەن. یەکێک لەو ژنانەی کە بۆ داخوازیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوو، مامۆستا سیمگە یاردمە. سیمگە یاردم کە بۆ داخوازیی خوێندن بە زمانی دایک ڕێدەپێوێت، هاوشێوەی ژنەکانی تر، خۆی بۆ ئەنقەرە ئامادەدەکات.
خوێندن بە زمانی دایک بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەبێت، نابێت
سیمگە یاردم لە ماوەی ڕێپێوانەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەبێت، نابێت. سیمگە یاردم باسی لەوە کرد، کە سیستەمی خوێندن لە تورکیا بە زیهنییەتێکی تاکڕەو دامەزراوە و ئەمەش سیاسەتی تواندنەوەی لەسەر گەلان قووڵتر کردووەتەوە.
مامۆستا سیمگە یاردم ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێپێوانەکە لە ئامادەوە بەگشتی بۆ داخوازیی ئاشتی دەستی پێکردووە و وتی، "ئێمە بۆ داخوازیی ئاشتی لە ئامادەوە بەرەو ئەنقەرە ڕێدەپێوین. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان بریتییە لە داننان بە مافی خوێندن بە زمانی دایک. سیستەمی خوێندن لە تورکیا ساڵانێکی دوورودرێژە بە تێڕوانینێکی تاکڕەوانە بەڕێوەدەچێت. ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی خوێندندا ڕووبەڕووین، کە بە درێژایی مێژووی کۆمار تاکڕەوی بۆ خۆی کردووەتە بنەما، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە و بە سیاسەتی تواندنەوە قووڵتر کراوەتەوە. ئەمڕۆش بە هەمان تێڕوانین هەوڵدەدرێت، کە سیستەمی خوێندن دیزاین بکرێت.
سیمگە یاردم ڕایگەیاند، کە ئەم سیاسەتە ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم دیموکراتیکبوون و وتی، "کاتێک بیر لە گەلانی تورکیا دەکەینەوە، دانپێدانەنانی مافی خوێندن بە زمانی دایک، کە بنەمای دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، ئاستەنگێکی جددییە لەبەردەم خوێندنی منداڵان. ڕێگریکردن لە مافی خوێندن سیاسەتێکی ئامانجداری دەوڵەتانە. لەبەرئەوەی دەزانین، ئەم بارودۆخە بووەتە ئامڕازێکی تواندنەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە ناتوانن بە زمانی دایک بخوێنن."
'پێویستە سیاسەتەکانی خوێندن، لەسەر بنەمای ئاشتی دیاریبکرێن'
سیمگە یاردم ئاماژەی بەوە کرد، کە مافی خوێندن بە زمانی دایک بەو هۆیەوە ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە پرۆسەی ئاشتییەوە و وتی، "ئەمڕۆ یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ڕێپێوانەکەمان بریتییە لە مافی خوێندن بە زمانی دایک، لەبەرئەوەی یەکێکە لە بنەماکانی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و وڵاتێکی دیموکراتیک. لە هەر شوێنێک کە تێیدا داخوازیی ئاشتیمان بخەینەڕوو، تێیدا دەڵێین کە پێویستە مافی خوێندن بە زمانی دایک دانی پێدا بنرێت. داننان بەم مافە بە شێوەیەکی فەرمی بە مانای بەدامەزراوەییبوونی ئاشتی دێت. پێویستە بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری بکرێت لە سیاسەتەکانی ئاشتیدا. بەتایبەت بۆ منداڵانی کچ و ئەو خوێندکارانەی بە زمانی جیاوازی دایک دەخوێنن، لەبری پرۆگرامێکی خوێندنی تاکڕەو، پێویستە پێویستە پرۆگرامێکی ئاشتی ببێتە بنەما. ئەگەر دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێنین، خوێندن پێویستە پشت بە ئاشتی و یەکسانی ببەستێت."
'پێویستە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەجێبهێنرێت'
سیمگە یاردم باسی لەوە کرد، کە ئاشتی و مافی خوێندن لە یەکتر جیاناکرێنەوە و وتی، "چەندە خاوەندارێتی لە ئاشتی بکەین، چەندە باسی پێویستیمان بە ئاشتی بۆ یەکتر بکەین، بونیاتنانی ئاشتیش ئەوەندە ئاسان دەبێت. مافی خوێندن بە زمانی دایک بنەمای ئاشتییە. دایک و باوکانیش پێویستە پێداگریی بکەن لەسەر ئەوەی کە منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخوێنن. پێویستە دەستهەڵبگیرێت لە سیاسەتەکانی تواندنەوە و پێویستییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەجێبهێنرێت."