چەتەکان لە عەفرین، ژن و پیاوێکی بەتەمەنیان ئەشکەنجە دا

چەتەکانی دەوڵەتی تورک، درەنگانی شەو لە گوندی بیباکای عەفرینی داگیرکراو، ژن و پیاوێکی بەتەمەنیان ئەشکەنجە دا.

چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە گوندی بیباکای سەر بە شارۆچکەی بلبلەی عەفرینی داگیرکراو،  فایەق حەبەش (٦٠ ساڵ) و هاوژینەکەی بە ناوی ئەمینە عیسایان ئەشکەنجە دا.

بەگوێرەی سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی هەرێمەکە، چەتەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتی فایەق حەبەش و ئەشکەنجەیان داوە، دەست و پێیان بەستووە و ماڵەکەیان تاڵان کردووە. ئەوکاتەی هاوژینەکەی بە ناوی ئەمینە عیسا هەوڵی داوە هاوژینەکەی لە دەستی چەتەکان دەربازبکات، چەتەکان سەریان شکاندووە، لەکاتێکدا ڕەوشی تەندرووستی ئەمینە باش نییە و نەشتەرگەری کردووە. چەتەکان دەست و پێی ئەمینەشیان بەستووە و تا بەرەبەیان بەو جۆرە ماوەتەوە.

فایەق و هاوژینەکەی نزیکەی ساڵێکە لە حەلەبەوە گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان، بەڵام بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی چەتەکان بوونەتەوە.

پێش چەند ڕۆژێک تۆمارێکی دەنگی موختاری گوندی بیباکا بڵاوکرایەوە. لەو تۆمارەدا داوا لەو هاوڵاتییانە کوردانە دەکات کە بەم دواییانە گەڕاونەتەوە ماڵەکەنیان، سەردانی بنکەی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بکەن، گەر وەها نەکەن، ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێدان دەبنەوە.

لە عەفرینی داگیرکراو، ڕفاندن و لێدان و تاڵان لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامە. چەندین حاڵەتی ڕفاندنی هاوڵاتییان و هەڕەشەکردن لە خێزانەکان بۆ بەدەستهێنانی پارە،  تۆمارکراون.